رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە باڵەخانەی پارێزگای هەولێر و بڕیارە لەگەڵ پارێزگار و بەرپرسانی کارگێڕیی پارێزگاکە کۆببێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 22-09-2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی باڵەخانەی پارێزگای هەولێری کرد و بڕیارە لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەرپرسانی کارگێڕیی پارێزگاکە کۆببێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، قایمقامی قەزاکانی سەر بە پارێزگاکە، بەڕێوەبەری ناحیەکان و زۆربەی بەرپرسانی کارگێڕیی سنوورەکە لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار دەبن.
ئەمە یەکەم سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان نییە و رۆژی شەممە 14-09-2024، وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی کارگێڕی و حیزبیی ئەو ناوچانەش کۆبووەوە و سەردانەکەی سێ رۆژی خایاند.
پێشبینی دەکرێت لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی کارگێڕیی پارێزگاکە، بابەتی چۆنیێتیی گەیاندنی خزمەتگوزاری لە سنوورەکە و ئامادەکارییەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بخرێنە بەر باس.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ماوەی سەردانە سێ رۆژییەکەیدا بۆ سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەردەوام جەختی لەوە دەکردەوە کە "بانگەشەی هەڵبژاردن گرنگە بە ئاشتی و ئارامی بکرێت، هەرێمی کوردستان چەترێکە بۆ هەموو لایەنێکی سیاسی و قەوارەی هەرێمی کوردستان گرێدراوە بە ئارامیی کۆمەڵایەتیی و سیاسی."
هاوکات دوێنێ شەممە، جێگری سەرۆکی پارتی، سەردانی بارەگای مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە هەولێر کرد و لەگەڵ بەرپرسی لقەکانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کۆبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ