رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ دەڵێ، پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە رووی بەرهەمهێنانی هەنگوینەوە لەسەر ئاستی ئێران لە پلەی یەکەم دێت و پێشبینی دەکرێ ئەم ساڵ زیاتر لە 25 هەزار تۆن هەنگوین بەرهەم بهێندرێ.
پەرویز بوستانچی، جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ بۆ کاروباری باشترکردنی بەرهەمەکان رایگەیاند: "ساڵی رابردوو بڕی هەنگوین لە پارێزگاکە گەیشتە زیاتر لە 23 هەزار و 260 تۆن و بەو جۆرەش لەسەر ئاستی ئێران یەکەم بوو. بۆ ئەم ساڵیش پێشبینی دەکرێ بڕەکەی زیاتر بێت و بگاتە زیاتر لە 25 هەزار تۆن."
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022 زیاتر لە 30 هەزار تۆن و ساڵی 2023ش زیاتر لە 30 هەزار و 360 تۆن هەنگوین لە لایەن هەنگەوانانی ورمێوە بەرهەم هێندرابوو.
جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ دەڵێت: "بەشی زۆری ئەو هەنگوینەی لە پارێزگای ورمێ بەرهەم دێت، لە بازاڕە نێوخۆییەکانی ورمێ و شارەکانی دیکەی ئێران دەفرۆشرێ؛ بەشێکیشی هەناردەی دەرەوەی وڵات، بە تایبەت عێراق دەکرێ."
بە گوتەی بوستانچی، زیاتر لە 6 هەزار کەس لە سنووری پارێزگای ورمێ خەریکی کاری هەنگەوانین.
پەرویز بوستانچی هەروەها رایگەیاند، لە 27ی ئەیلوولەوە سەرژمێرییەک لە کەرتی هەنگەوانیی پارێزگاکە دەستپێدەکات و تاوەکو 9ی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت و تێیدا هەموو زانیارییەکان لەبارەی ژمارەی پوورەی هەنگ، سندووقی هەنگ و ئەو کەسانەی لەو بوارەدا کار دەکەن، کۆدەکرێتەوە.
بەرپرسەکەی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ داوا لە هەنگەوانانی پارێزگاکە دەکات، لە کاتی بەڕێوەچوونی سەرژمێرییەکەدا هاوکارییان بکەن و دەڵێت، لەو رۆژانەدا هەر جۆرە گواستنەوە و جووڵەپێکردنی پوورەکانی هەنگ قەدەخەیە و بۆ ئەوەش هاوئاهەنگی پێویست لەگەڵ پۆلیس کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ