رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی پێشمەرگە خۆبەخشەکانى چیاى قەرەچووخ رایگەیاند، کێشەى نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق لەسەر سێ خاڵى سەربازی بووە و ئێستا ئاگربەست راگەیێندراوە.
22ـی تشرینى یەکەمى 2023، غازى فەیسەڵ، بەرپرسی پێشمەرگە خۆبەخشەکانى چیاى قەرەچووخ لە قەزاى مەخموور بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "پێکدادانى نێوان سوپاى عێراق و هێزەکانى پێشمەرگە لە نزیک کەمپى ئاوارەکانى مەخموور، لەسەر سێ خاڵى سەربازی بووە کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتى کەمپەکە و پێشتر چۆڵکراوە و سوپاى عێراق دەیەوێت وەریبگرێتەوە."
غازى فەیسەڵ، گوتیشى، "بەرپرسانى کەمپى مەخموور داویان کردووە کە سوپاى عێراق بیانپارێزێت لە ھێرشی تورکیا بۆ سەر ئەو کەمپە، ئەوانیش داوایان کردووە کە ئەو سێ خاڵە سەربازییە رادەست بکەن بۆ ئەوەى بیانپارێزن، لەکاتێکدا ئەو سێ خاڵە بەگوێرەى رێککەوتنى ئەمنى نێوان پێشمەرگە و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى نەینەوا لە سنوورى دەسەڵاتى پێشمەرگەدایە، بۆیە پێشمەرگە ویستوویەتی بەدەستى بهێنێتەوە."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، کاژێر 4:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-10-2023، شەڕ لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە دروستبووە و چەند پێشمەرگەیەک بریندارن و زیانیش بە سوپای عێراق کەوتووە.
بەرپرسى پێشمەرگە خۆبەخشەکانى چیاى قەرەچووخ، گوتیشى:"ئێستا ئاگربەست لەنێوان هێزى پێشمەرگە و سوپاى عێراق هەیە."
رۆژی 19-10-2023، هێزەکانی فیرقەی 14ـی سوپای عێراق چوار خاڵی سەربازیی چاودێرییان لەسەر چیای قەرەچووخ لە پەکەکە وەرگرتەوە کە بەپێی رێککەوتنێک لەلایەن سوپای عێراق وەرگیرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ