رووداو دیجیتاڵ
مانگێکە دەرگەی قوتابخانەکان لە سلێمانی بەرووی خوێندکاراندا داخراوە، سەرەرای ئەوە مامۆستایان بڕیار بوو بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن بەڵام ئەمڕۆ دووبارە چوونەوە سەرشەقامەکان و ناڕەزایی خۆیان پێشاندا و خۆپێشاندانیان کرد.
شیلان عەبدوڵا، مامۆستایەکی وانەبێژە لە سلێمانی بە رووداوی گوت، "لە راستیدا کار هەیە و کاردانەوە هەیە، ئەم کاردانەوەیەی کە ئەمرۆ دەبینرێت لەسەر شەقامەکان، ئەنجامی وەڵامی وەزیری پەروەردەیە کە ویستی گوشار بخاتە سەر مامۆستایان بۆ دەوامکردن."
17 ساڵە مامۆستای هەمیشەییە، ئاوات قەرەداخی، دەڵێت، "ئێمەی مرۆڤ ژیانمان پەیوەستە بە دڵمانەوە ئەگەر دڵ نەبێت ناژین، پەروەردەش بە مامۆستا دەژی، کە گیرفانی مامۆستاش بەتاڵ بێت پەروەردە کەم دەبێت چونکە مامۆستای نابێت، بەڕاستی من ناتوانم بچمە قوتابخانە و وانە بڵێمەوە کە گیرفانم بەتاڵ بێت."
خەندە کەمال، دایکی دوو قوتابییە و هەردوو منداڵەکەیی بردبووە نێو خۆپێشاندانەکە و گوتی، "منداڵەکانم هێناوە کە بە واقیعی وانەیەکیان فێر بکەم ئەویش وانەی ئەوەی کە کەس نەتوانێت مافیا بخوات، هێناومن تاوەکو پشتگیری مامۆستاکانیان بکەن، من وەکو دایکی دوو خوێندکار ئامادەم نەک ساڵێک بەڵکو دوو ساڵی خویندنیشیان بفەوتێت بەڵا بە واقیعی فێری وانەیەک بن کە کەس مافیان نەخوات."
پێنج ساڵە مامۆستایان بەو ژمارە زۆرە ناڕەزایەتییان دەرنەبڕیوە، بە رێپێوان تاوەکو بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەدەی سلێمانی چوون و بە بەڕێوەبەرەکەیان گوت، ئەوان ناچنەوە هۆڵەکانی خوێندن.
جگە لە سلێمانی، هەڵەبجە، کەلار، کفری ، قەڵادزێ، رانیە و کۆیە خۆپێشاندانی مامۆستایان بۆ جەختکردنەوەی لە داواکارییەکانیانی رابردوویان کرا.
سروە یونس، مامۆستای وانەبێژە لە کەلار بە رووداوی گوت، "ئەگەر ساڵێکی خوێندکارانیش بفەوتێت، ئەگەر قەرەبووش نەکرێتەوە زۆر ئاساییە، ئێمە تا مافەکانمان وەرنەگرین ئامادە نین دەست بکەینەوە بە دەوام."
شێروان محەممەد، مامۆستایەکی وانەبێژی دیکەیە لە رانیە باسی لەوەکرد، "ئێمە جیلێکی ماف خوراوین، هەروەها هیچ ئاسۆیەکی روون نییە بۆ وەڵامدانەوەی داواکانمان."
دانا عەبدول، مامۆستایە لە هەڵەبجە دەڵێت، "بەردەوام دەبین، تا ئەو کاتەی لایەنی پەیوەندیدار کە حکوومەتی هەرێمی کوردستانە ئینجا عێراق، دینە سەر خەت و کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانمان چارەسەر دەکەن."
چاوەڕوان دەکرێت، تا کۆتایی ئەم هەفتەیە لەگەڵ گەیشتنی بڕە پارەیەک لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان لیستی مووچە رابگەیێندرێت، مامۆستایانیش دەیانەوێت هەرچی زووە مووچە دابەشبکرێت تاوەکو ئەوانیش بڕیار لە شکاندنی بایکۆت بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ