عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر ئاسایشی هەڵبژاردن رێککەوتن

22-10-2025
مالیک محەممەد
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەردوو وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی هاوئاهەنگی بۆ پاراستنی ئاسایشی هەڵبژاردن رێککەوتن، لە هەندێک ناوچەدا بە هاوبەشی ئاسایشی رۆژی دەنگدان دەپارێزن. جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، کە سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنیشە، وردەکارییەکەی بۆ رووداو ئاشکرا دەکات.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی تشرینی یەکەمی 2025 فەریق روکنی یەکەم قەیس مەحمەداوی، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەگەڵ هەرێمی کوردستان رێککەوتین لە ئاستی باڵا بۆ پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردن، تاوەکو رۆژی هەڵبژاردن هەفتانە کۆبوونەوەی ئۆنلاین لەبارەی رێکار و هەنگاوەکان دەکەین."
 
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردن ئاماژەی بەوەش کرد، "لەسەر ئاسایشی ئەو ناوچانەش رێککەوتین جێگەی بایەخی هاوبەشی هەردوولان، لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت، ئەوا پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەیپارێزن، ئەوانی دیکەش لە ئەستۆی هێزە ئەمنییە فیدراڵییەکان دەبێت."
 
قەیس مەحمەداوی دەڵێت، "هیچ پلانێکمان بۆ راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆ نییە، گەشت و جووڵە بازرگانییەکان لە سەرجەم فڕۆکەخانە و دەروازەکان ئاسایی دەبن."
 
بڕیارە رۆژی 09-11-2025 دەنگدانی تایبەت بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، دوو رۆژ دواتر و لە 11-11-2025 دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت.
 
هەر ناوەندێکی دەنگدان لە رۆژی دەنگدان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق سێ بازنەی ئەمنیی دەبێت، بازنەی یەکەم 10 پۆلیس و ئەفسەرێک چاودێریی دەکەن، بازنەی دووەم ئاسایش، بازنەی سێیەمیش پێشمەرگە و بەرگریی فریاکەوتن چاودێریی دەکەن."
 
لە هەرێمی کوردستانیش لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردن پێکهێندراوە، وەزیری ناوخۆ سەرپەرشتیی دەکات و پێکدێت لە پۆلیس، ئاسایش، پێشمەرگە، بەرگریی شارستانی و بەرگریی فریاکەوتن.
 
بەپێی زانیاریی کۆمیسیۆن، جیا لەو سێ بازنە ئەمنییە، لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردن چاودێریی ئەمنیی دیکەی لە دەرەوەی بنکەکان بۆ حاڵەتی لەناکاو داناوە بۆ پاراستنی گیان و سەلامەتیی هاووڵاتییان.
 
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، 21.4 ملیۆن کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کە کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە، مافی دەنگدانیان هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

   دیناری عێراقی جۆری 25 هەزاری.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: لیستی مووچەی مانگی 12 رادەستی بەغدا کرا

لیستی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا.