رووداو دیجیتاڵ
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکە دەردەکەوێت، ژمارەیەکی خوێندکاری کوردن، چوونەتە پەیمانگەی پزیشکیی مەنسوڕ لە بەغدا. لەبەر ئەوەی دەرچووی ئامادەیی خوێندنی کوردین، رەتکراونەتەوە.
زۆربەی خوێندکارەکان داواکاریی وەرگرتنیان لە پەیمانگەکانی مەنسوڕ، بەعقوبە و ئەنبار رەتکرایەوە و بێ هیوا کران.
کاروان و ئەلەند دووان لەو گەنجانەن کە پێیان گوتراوە خوێندنی کوردی لای ئەوان دانپێدانراو نییە.
ژمارەیان زیاتر لە 50 خوێندکارە کە رووبەڕووی ئەو کێشەیە بوونەتەوە، لەکاتێکدا کۆنمرەیان گرفتی نییە و بڕوانامەکانیشیان بە زمانی عەرەبی و مۆری پەروەردەی کەرکووکی پێوەیە.
خوێندکارەکان دەڵێن، سەرەتا گوتوویانە تەنیا نمرەی بابەتی کوردی هەژمار ناکەن، کەچی بەوەش رازی بوون، بەڵام دواجار هەر بەیەکجاری رەتکرانەوە.
ئەلەند سەرکەوت، دەرچووی خوێندنی کوردییە و دەڵێت: "کۆمەڵێک قوتابیی کوردی چووین بۆ پەیمانگەی مەنسوڕ لە بەغدا، بۆ پێشکێشکردنی داواکاریی خوێندن. لەوێ کە داواکارییەکەمان پێشکێش کرد، گوتیان ئێوە خوێندکاری خوێندنی کوردین و رەتدەکرێنەوە، وەرتانناگرین."
کاروان سامان، دەرچوویەکی دیکەی خوێندنی کوردییە و باس لەوە دەکات: "قوتابیی خوێندنی عەرەبی هەیە بە نمرەی خوار ئێمەشەوە وەرگیراوە. بەڵام قوتابییانی ئێمە بە نمرەی بەرزیشەوە وەرنەگیراون. راستەوخۆ گوتیان وەرگیران بۆ خوێندنی کوردی نییە لەم پەیمانگەیە."
تاقیکردنەوە و رێکاری کارگێڕیی فەرمیی خوێندنی کوردی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عێراقە و دانپێدانراوە.
جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکووک دەڵێ، هیچ بیانوویەک نییە بۆ رەتکردنەوەیان لە هەر کۆلێژ و پەیمانگەیەک ئەگەر کۆنمرەکەیان پەسندبێت بەو پسپۆڕییە.
سامان مەجید، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کەرکووک دەڵێت: "بەشی خوێندنی کوردی یەکێکە لە بەشەکانی پەروەردەی کەركووک. خوێندکارانی خوێندنی کوردی هەمان مامەڵەی خوێندکارانی خوێندنی عەرەبی و تورکمانی و سریانیی لەگەڵ دەکرێت. بەڵگەنامەکانیان دانپێدانراوە. بڕوانامەکانیان دانپێدانراوە لە هەموو عێراق. زمانی کوردی بەپێی دەستوور، دووەم زمانی فەرمیی عێراقە."
رووداو سەردانی یەکێک لەو پەیمانگەیانەی کرد، راگری پەیمانگەکە نەیویست قسەی لەسەر بکات، بەڵام بەزارەکی گوتی، خوێندنی کوردی لە سیستمی ئەواندا نییە، ئەگەر ئەو خوێندکارانە وەریش بگرن، مەگەر بۆ دەوامی ئێواران بەپارە بخوێنن.
گرفتی خوێندکاری کورد تەنیا لە پارێزگاکانی دیکە نییە، بەڵکو لەشارەکەی خۆیشیان بەربەستی زۆریان دێتەپێش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ