زۆربەی زەوییەکانی دەوروبەری شەقامی 100 مەتریی سلێمانی دەفرۆشرێن

22-12-2022
ئەرکان عەلی
ئەرکان عەلی
کارکردن لە شەقامی 100 مەتریی سلێمانی
کارکردن لە شەقامی 100 مەتریی سلێمانی
A+ A-
 
رووداو  - سلێمانی

بە پانیی نزیکەی دوو کیلۆمەتر لە هەر لایەکى شەقامى 100 مەتریی سلێمانی و بە درێژایى زۆرینەى شەقامەکە، حکومەت زەوییەکانى دەفرۆشێت؛ ئەوە بڕیارى نێو کۆبوونەوەى هەفتەى رابردووى قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانى ئۆتۆبانى سلێمانییە.
 
رووداو وردەکاریى بڕیارەکە و زانیارییەکانى دەستکەوتووە. ئەو زەوییانەى کە دەفرۆشرێن، پارەکە بۆ تەواوکردنى شەقامى 100 مەترى تەرخان دەکرێت و لیژنەیەکى باڵاى لە بەرپرسى ئەو فەرمانگانەى بۆ پێکهاتووە. شارەوانیی سلێمانى، هەردوو تاپۆى 1 و 2، خانووبەرەى میرى، نەخشەدانان و کشتوکاڵ و رێکارەکانیش دەستیان پێکردووە.
 
شاڵاو جەمال، ئەندامى لیژنەى فرۆشتنى زەوییەکانى 100 مەتریى سلێمانى رایگەیاند، "ئەو ناوچەیە چەند جۆرێک زەویى بەردەکەوێت، زەویى کشتوکاڵی، زەویى سەخەرى، زەویى موڵکى حکومەت و زەویى گرێبەست، دەبێت سەرەتا رەگەزەکانیان بگۆڕدرێت پاشان بنێردرێن بۆ شارەوانى بۆ خەمڵاندن و فرۆشتن."
 
رووداو زانیارى دەستکەوتووە کە تەواوى ئەو زەوییانەى دانراون بۆ فرۆشتن، نزیکەی 19 هەزار دۆنمە، لە شوێنى ئەواندا شارێکى نموونەیى دروستدەکرێت کە ناوى لێدەنرێت "سلێمانیى نوێ."
 
بەپێى نەخشەى سەرەتایی کە رووداو دیزاینێکى نموونەى بۆ کردووە، هەردوو بەرى 100 مەتریى سلێمانى بەم جۆرەیە و ئەو پرۆژانەى تێدا دروستدەکرێت: لە لایەکی شەقامەکە (کۆمەڵگەیەکی وەرزشی، کۆمەڵگەیەکی پزیشکی، کۆمەڵگەیەکی سینەما و کولتووری) و لە لایەکی بەرامبەری (یاریگەیەکی نێودەوڵەتی و ستەیجی جمهوور، کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون، بورجێکی گەورە وەکو بورجی ئیفڵ یان بورجی خەلیفە) دروستدەکرێت.
 
کۆمپانیایەکى خۆماڵى نەخشە و دیزانى بۆ کردووە و ماوەتەوە سەر رەزامەندیى قوباد تاڵەبانی. تاریق محەممەد نوورى، بەڕێوەبەرى گشتیى نەخشەدانانى سلێمانى رایگەیاند، "ئەم شارە نوێیە بە هەزاران خەڵک تێیدا نیشتەجێ دەبن، لەگەڵ دروستکردنى چەندین کۆمەڵگەى جیاواز کە پێشتر نەتوانراوە لەنێو سلێمانى دروستبکرێن، کۆى گشتیى رووبەرى شارە نوێیەکە 47 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و بە هەردوو بەرى شەقامەکەدا دروستدەکرێت."
 
کاتێکى دیاریکراو نییە بۆ تەواوکردنى رێکارەکانى فرۆشتنى زەوییەکان، بەڵام کۆمپانیاى جێبەجێکارى نەخشە و پلانى شارە نوێیەکەى تەنیشتى 100 مەترى، زۆرینەى کارەکانى تەواو کردووە و دواى یەکلاییکردنەوەى زەوییەکان و قەرەبووکردنەوەى خەڵک، لە فرۆشتنى ئاشکرا، زەوییەکان دەکرێن بە پارە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە