رووداو دیجیتاڵ
خاوەندارێتیی سەربڕخانەی سەرەکیی پارێزگای ئیلام لە خاوەنەکەی وەرگیرایەوە و بڕیارە بە کەسێکی دیکە بفرۆشرێت یان خاوەندارێتییەکەی بگەڕێندرێتەوە بۆ حکومەت.
یونس ئەحمەدی، بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەری پارێزگای ئیلام، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، بە بڕیاری دەزگەی داد خاوەندارێتیی سەربڕخانەی ئیلام لە خاوەنەکەی وەرگیراوەتەوە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو لەبارەی فرۆشتنەوەی بە کەسێکی دیکە یان گەڕاندنەوەی خاوەندارێتییەکەی بۆ حکومەت بڕیار بدرێت.
سەربڕخانەی ئیلام ساڵی 1933 کراوەتەوە و لە 2017 لەلایەن حکومەتەوە و لە چوارچێوەی فرۆشتنی موڵکە حکومییەکان بە کەرتی تایبەت فرۆشرا. بەڵام لەو پێنج ساڵەدا و بە تایبەت لە ساڵی 2018ـەوە کێشەی زۆری هەبووە و زۆربەی کاتەکان داخراوە.
ئەو سەربڕخانەیە لە توانایدایە رۆژانە هەزار سەر ئاژەڵی بچووک و 100 سەر ئاژەڵی گەورە سەرببڕێت، بەڵام بە کەمتر لە توانای خۆی کاری کردووە و رۆژانە 200 بۆ 300 سەر ئاژەڵی گەورە و بچووک لەو سەربڕخانەیەدا سەر دەبڕان.
پێش ئەوەی دابخرێت، نزیکەی 50 کەس وەکو ستاف و کرێکار کاریان لێدەکرد. پێشتر ستاف و کرێکارانی ئەو سەربڕخانەیە لە نامەیەکدا بۆ پارێزگاری ئیلام رایانگەیاند، پێش ئەوەی سەربڕخانەکە بە کەرتی تایبەت بفرۆشرێت، سەربڕخانەکە کێشە و گرفتی زۆری هەبوو و قەرزی زۆری لەسەر کەڵەکە ببوو و 18 مانگ مووچەی ستاف و کرێکارانی نەدابوو، بەڵام ئەو کەسەی سەربڕخانەکەی کڕیوە، توانیویەتی کێشەکان چارەسەر بکات و قەرزەکە بداتەوە، بەڵام بەرپرسانی حکومی لە پارێزگای ئیلام هاوکاری ناکەن و کۆسپ دەخەنە بەردەم جێبەجێکردنی کارەکانی و گوشاری دەخەنەسەر بۆ ئەوەی واز لە سەربڕخانەکە بهێنێت.
سەربڕخانەی ئیلام گەورەترین سەربڕخانەی ئەو پارێزگایەیە و پێشتر بەرپرسانی ئەو پارێزگایە وەکو پێشکەوتووترین سەربڕخانەی ئێران ناویان هێناوە. داخرانی سەربڕخانەکە بووەتە هۆی ئەوەی گۆشتفرۆشەکان و خەڵک بە شێوەی نەریتی و دوور لە چاودێری دامودەزگە تەندروستییەکان ئاژەڵەکان سەر ببڕن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ