لە بەغدا گەنجێک لەلایەن 15 کەس بە چەقۆ دەکوژرێت

23-01-2025
زیاد ئیسماعیل
زیاد ئیسماعیل
وێنەی ئەو گەنجەی کوژراوە.
وێنەی ئەو گەنجەی کوژراوە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەوەی لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیە دەبینرێت، ساتی هێرشکردنە سەر گەنجێکە، بە چەقۆ، بۆڕی و خاکەناس لێدەدرێت و خەڵتانی خوێن دەکرێت. شایەتحاڵەکان دەڵێن، بە 15 کەس هێرشی کراوەتە سەر و بە چەقۆ لە دڵی دراوە، بۆیە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە. 
 
کوژراوەکە ناوی ئەحمەدە، بەگوتەی شایەتحاڵان رۆژی یەکشەممە، کاتێک براژنی ئەحمەد دەگەڕێتەوە ماڵەوە، لە کۆڵانەکەیان چەند گەنجێک توانجی لێدەدەن. ئەحمەد کە رووداوەکە دەبینێ وەڵامیان دەداتەوە و ئەوە دەبێتە دەستپێکی شەڕێک کە بەژیانی ئەو کۆتایی پێدێت.
 
عەبدوڵڵا عومەر، شایەتحاڵە و باس لە ساتی کوشتنی ئەحمەد دەکات و دەڵێت، "ئەوەی من بەچاوی خۆم بینیم، خوالێخۆشبوو زیاتر لە 15 کەس تێی ئاڵابوون. کە کەوتمە نێوانیان هەوڵمدا رایکێشم بۆ نەهێشتنی گرژییەکە. 15 کەسی لەسەر بوو، کە ئەوان رۆیشتن کەوتە سەر زەوی و رامانکێشا، چەقۆیەک لەسەر دڵی دراوە، یەکێک لە شانی و خاکەناسێکیش لە سەری دراوە." 
 
تاوەکو ئێستا لەسەر ئەم رووداوە، پۆلیسی بەغدا 5  کەسی دەستگیر کردووە. پۆلیس لەناوچەکە بڵاوەی پێکراوە، بەشێک لە خانووەکان چۆڵکراون. کەسوکاری کوژراو داوای لەسێدارەدانی بکوژ و سزادانی بەشداربووانی شەڕەکە دەکەن. 
 
شێخ وەلید خالید، شێخی هۆزی عگێلە و دەربارەی رووداوەکە باس لەوە دەکات، "تەلەفۆنیان کرد و نازانین ئەو گەنجانە لە کوێوە هاتن، ئەوانە لە یاسا دەرچوون، بازرگانی بە حەپ و کریستاڵ دەکەن هاتن خوێنیان ساردکردەوە. باشە تۆ کوشتت خستتە سەر زەوی، وازی لێبێنە.  بۆ دەگەڕێیتەوە سەری و لێیدەدەیت؟ بە خاکەناس، چەقۆ و خەنجەر بۆ؟ ئەمە موسڵمان نییە؟ ئێمە داوا دەکەین لە شوێنی رووداوەکە لە سێدارە بدرێن."
 
باوکی محەممەد ، کەسوکاری کوژراوەکەیە و لەبارەی بکوژەکان باس لەوە دەکات، "ئەوانە مافیای رێکخراون، بازرگانی بە حەپ و کریستاڵ دەکەن، دزی دەکەن، دەستدرێژی دەکەن و دوور لەڕووتان هاورەگەزخوازی دەکەن. هەموو شتێکیان هەیە ئەم 16 کەسە گرووپێکن ئەمڕۆ لەگەڵ من شەڕیان هەبێت خزموکەسەکانیان کۆناکەنەوە، لۆکەیشن بۆ گرووپ دەنێرن دەڵێن وەرن شەڕمان هەیە، ئەمەش شوێنەکەیە. بۆیە ئێمە داوای یاسا دەکەین.
 
ئەحمەد سەعدی تەمەن 32 ساڵان، دەرچووی کۆلێژی کارگێڕی و ئابووری بوو، ژیانی هاوژینی پێکنەهێنابوو و کارمەندی کۆمپانیایەکی گواستنەوە بووە.

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە