رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست کۆبووەوە و رایگەیاند، چاوەڕوان دەکەن لە ماوەیەکی نزیکدا لەسەر زیادکردنی میلاک لەگەڵ بەغدا رێکبکەون.
رۆژی یەکشەممە، 23ی شوباتی 2025، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازیکرد لە نوێنەرانی بەشێک لە فەرمانبەرانی گرێبەستی دامەزراوی پەرەپێدان کە لە وەزارەتی تەندروستی دەوام دەکەن و مووچەیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە.
وەزارەتی دارایی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "لە دیدارێکدا وەزیری دارایی گوێبیستی داواکاریەکانیان بوو، وەک هەمیشە پشتیوانی خۆی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان دووپات کردەوە و رایگەیاند لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق داوای زیادکردنی میلاک و تەرخانی داراییان بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست کردووە و چاوەڕوانن لەداهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەسەر ئەو بابەتانە بگەن بە چارەسەرێکی گونجاو."
سەبارەت بە گۆڕینی ناونیشانی ئەو فەرمانبەرانە لە گرێبەستی پەرەپێدانەوە بۆ گرێبەستی ئاسایی لەسەر وەزارەتی دارایی، "ئاوات شێخ جەناب رایگەیاند وەک وەزارەتی دارایی رەزامەندین لەسەر گۆڕینی ناونیشانەکانیان لە گرێبەستی پەرەپێدانەوە بۆ گرێبەستی ئاسایی لەسەر وەزارەتی دارایی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ