هێزی ئەمنی بەنێو گەڕەک و شەقامی شارەکانی هەرێمی کوردستاندا بڵاودەکرێنەوە

24-03-2020
هۆرڤان رەفعەت
حکومەت دەڵێت، ئەوەی لە دەسەڵاتیان بوو کردیان و ئەوەی ماوە پابەندیی هاونیشتمانییانە و مانەوەیانە لە ماڵ
حکومەت دەڵێت، ئەوەی لە دەسەڵاتیان بوو کردیان و ئەوەی ماوە پابەندیی هاونیشتمانییانە و مانەوەیانە لە ماڵ
نیشانەکردن هەولێر سلێمانی دهۆک کۆرۆنا
A+ A-
 
 
رووداو - سلێمانی

رێوشوینەکانی قەدەخەی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان گەیشتە نێو کوچە و کۆڵانەکان و هێزی ئەمنی بەنێو گەڕەک و شەقامی شارەکاندا بڵاوکراونەتەوە. رۆژ لەگەڵ رۆژ شەقامەکانی هەرێمی کوردستان بەرتەسکتر و چاودێریی هاتووچۆی هاونیشتمانییان پتەوتر دەکرێت.
 
چەند کاژێر لە بازگەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان بووین. سەرەڕای قەدەخەی هاتووچۆ، پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان ماندووتر لە جاران چاو لەو بەڵگە و مۆڵەتانە دەکەن کە هاونیشتمانییان بۆ رێگەپێدانیان دەیخەنەڕوو.
 
رزگار هاونیشتمانییەکی دانیشتووی هەولێرە کە هاتووەتە دەرەوە و دەڵێت، "من کارمەندی پرسگەم لە نەخۆشخانەی هەولێر و لە دەوام بووم و ئێستاش راستەوخۆ دەچمەوە ماڵەوە و رێگەپێدانی فەرمیشم هەیە بۆ هاتنە دەرەوە".
 
عەبدولخالق عەونی، هانیشتیمانییەکی خەڵکی سلێمانیە و دەڵێت، "ئەوەندە لە ماڵەوە بووم، بێزار بووم، بۆیە ئارامم نەما و هاتمە دەرەوە و ئێستاش بۆم دەرکەوتووە سلێمانی زۆر پاکە و ژینگەکەی زۆر خاوێنە و هەر ئاوا هەندێک هەوا هەڵدەمژم و دەچمەوە ماڵەوە".
 
بەدەل ئەحمەد، هاونیشتمانییەکی دهۆکە و دەڵێت، "من جگەرەکێشم و جگەرەم لێبڕاوە، بۆ کڕینی جگەرە هاتوومەتە دەرەوە، بەڵام فرۆشگەکانی فرۆشتنی جگەرە داخراون".
 
سلێمانی کە هەتا ئێستاش لە ریزبەندی یەکەمی تووشبووانی کۆرۆنادایە، رۆژانە تیمی ئەمنی و تەندروستیی گەڕۆک بە گەڕەکەکانیدا دەسووڕێنەوە و داوای مانەوە لە ماڵ و پابەندبوونی هاونیشتمانیان دەکەن.
 
هاوکار تۆفیق، ئەفسەر لە لیوای پاراستنی یەکی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئاگادارکراونەتەوە کە سلێمانی لە قۆناخێکی مەترسیداردایە و کۆرنا چووەتە ناو کۆڵانەکانەوە. بۆیە ئێمە نێردراوینەتە ئەو کۆڵان و گەڕەکانەی کە جومجۆڵیان تێدا زۆرە بۆ ئەوەی دۆخەکە لە دەست دەرنەچێت".
 
د.نەورۆز عوسمان،  لێپرسراوی کۆنترۆڵی نەخۆشییە گواستراوەکان ئاماژە بەوە دەکات، "کۆرنا هێندە مەترسیدارە کە لە 100 ساڵی رابردوودا هیچ ڤایرۆسێک هێندەی کۆرنا مەترسیدار نەبووە، بەتەیابەت لە بڵاوبوونەوەدا هێندە خێرایە سەرجەم ڤایرۆسەکانی دیکەی تێپەڕاندووە و ئەگەر هانیشتمانییان پابەندی مانەوە لەماڵ نەبن، کارەسات روودەدات".
 
لەگەڵ دەرکەوتنی یەکەمین تووشبووی کۆرۆنا، حکومەتی هەرێمی کوردستان کەرەنتینی کەسانی گومانلێکراویان دەست پێکرد و بە داخستنی سنوور، راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچوو و بڵاوەپێکردنی هێز لە شەقامەکان رێکارەکانی رێگری لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای گەیاندە لووتکە. حکومەت دەڵێت، ئەوەی لە دەسەڵاتیان بوو کردیان و ئەوەی ماوە پابەندیی هاونیشتمانییانە و مانەوەیانە لە ماڵ.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی گەورانی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

دەستەی مافی مرۆڤ: 500 زیندانی چاکسازییەکان سزای لەسێدارەدانیان هەیە

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسا و پاراستنی مافی مرۆڤ رایگەیاند، 500 زیندانی لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەن کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە. ''زۆریی سزادراوان، سیستمی چاکسازیی نێو چاکسازییەکانی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.''