وەزارەتی خوێندنی باڵا: رێکارەکانی دەرماڵە تەواو بوون، بەڵام کێشەی نەختینە هەیە

23-03-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەرانی خوێندکارانی زانکۆکانی راپەڕین و چەرموو دەڵێن، تاوەکو دوای جەژنی رەمەزان بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەی کەسوکاری خوێندکاران و دەرماڵەی خۆیانەوە خوێندن بایکۆت دەکەن. بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵاش دەڵێت، دابەشنەکردنی دەرماڵە بەهۆی نەبوونی سیولەوەیە.
 
خوێندکارانی ئەو دوو زانکۆیەی بڕیاری بایکۆتیان داوە، یەکێکیان زانکۆی راپەڕینە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و ئەوی دیکەش زانکۆی چەرمووە لە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی.
 
هەرمان کامیل، گوتەبێژی نوێنەرانی خوێندکارانی زانکۆی چەرموو بە رووداوی راگەیاند، پڕۆسەی خوێندنیان هەڵپەساردووە تاوەکو دوای جەژنی رەمەزان. لەبارەی هۆکارەکەشییەوە گوتی، "بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەی کەسوکاری خوێندکارانی زانکۆوەیە، چونکە خوێندن بە گیرفانی بەتاڵ ناکرێت؛ هەروەها هیچ دەرماڵەیەکمان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا لە هەولێر و دهۆک دابەشکراوە."
 
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە پێدانی دەرماڵەدا جیاکاری لەنێوان پارێزگاکاندا نەکراوە. گوتیشی، زانکۆ هەیە دەرماڵەی 10 و 11ی بەگوێرەی ساڵنامەی خوێندنی زانکۆکان وەرگرتووە، زانکۆش هەیە تەنیا دەرماڵەی مانگی 10ی ساڵنامەی خوێندنی بۆ خەرجکراوە، ئەوەش بەگوێرەی بوونی پارەی نەختینەیی لە بانکەکان.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەوان رێکارەکانی خەرجکردنی پارەی دەرماڵەی هەموو خوێندکارانیان ئەنجام داوە، وەکو رەمەزاندیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و ئابووری، بەڵام کێشەی دابەشنەکردن نەبوونی سیولەیە لە بانکەکان کە لە دەسەڵاتی کارگێڕی و دارایی ئەواندا نییە.
 
هەر ئەمڕۆ شەممە بەرپرسێکی ئاگادار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، لەو بانکانەی پارەی نەختینەش هەبێت پارەکە دانراوە بۆ تەواوکردنی کورتهێنانی مووچەی مانگی شوبات و جارێ دیار نییە کەی دەرماڵە خەرج دەکرێت.
 
هەروەها سەروەر حاجی، نوێنەری خوێندکاران لە زانکۆی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "خوێندکارانی سەرجەم بەشەکانی زانکۆی راپەڕین و کەمپسی قەڵادزە، بڕیاری بایکۆتی دەوامیان داوە."
 
سەروەر حاجی گوتی، هۆکاری سەرەکییان دابەشنەکردنی مووچەیە لە هەرێمی کوردستان؛ گوتیشی، "خوێندکار هەیە لە دەرەوەی شار هاتووچۆ دەکات، کرێی سێ مانگی هاتووچۆکردن قەرزدارە و بەم دۆخەوە ناتوانن دەوام بکەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.