رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری دهۆک دەڵیت، ئەو خانووانەی بە زێدەڕۆیی لەسەر رێڕەوی ئاو دروستکراون، هۆکاری سەرەکیی لافاوەکەی دهۆک و زاخۆ بوون و دەڕووخێندرێن. ئاماژە بەوەش دەکات، سەرجەم زیانلێکەوتووان قەرەبوو دەکرێنەوە.
ئەمڕۆ شەممە 23-03-2024 عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی لافاوەکەی دهۆک و زاخۆ رایگەیاند، "قەبارەی زیانەکان گەورەیە و لە زۆربەی ناوچەکان لافاو دروستبووە. ئێمە وەکو حکومەت بە تەنیا توانای بەرەنگاربوونەوەی لافاوەکەمان نەبوو."
لە چەند رۆژێکدا زیاتر لە 200 ملیمەتر باران لە سنووری پارێزگاکە باری، عەلی تەتەر دەڵێت، "ئەوە یەکەم جارە لە دهۆک لە ماوەیەکی کورتدا بەو بڕە زۆرە باران ببارێت؛ بۆیە لافاوێکی گەورەی لێکەوتەوە."
رۆژی 19ی ئەم مانگە بەهۆی بارانی بەخوڕ لە دهۆک و زاخۆ لافاو دروستبوو، ئەوەش زیانی بە نزیکەی 300 ماڵ و 50 ئۆتۆمبێل گەیاند و سێ کەسیش گیانیان لەدەستدا. پارێزگاری دهۆک دەڵێت، زۆر کەس لە مەترسیدا بوون و رزگار کران.
عەلی تەتەر رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی لە کەمتر لە 48 کاژێردا 117 شوقەیان بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکە کڕی و کلیلیشیان رادەست کردن.
وەکو عەلی تەتەر ئاماژەی دا، هۆکاری سەرەکیی لافاوەکە ئەو خانووانە بوون کە بە زێدەڕۆیی لەسەر رێڕەوی ئاو دروستکرابوون، "بۆیە بە زووترین کات دەڕووخێندرێن و خاوەنەکانیشیان قەرەبوو دەکرێنەوە."
پارێزگاری دهۆک جەختی لەوەش کردەوە، لە هەر شوێنێک جگە لە خانوو، زێدەڕۆیی دیکەش لەسەر رێڕەوی ئاو هەبێت، دەڕووخێندرێت و تێکدەدرێت.
بەهۆی لافاوەکەوە نزیکەی 17 خانوو لە دهۆک بە تەواوی رووخان و کەلوپەلی نێو ماڵەکانیش دەرنەچوو.
عەلی تەتەر باس لەوەش دەکات، لیژنەیەکی باڵا بە سەرپەرشتیی قایمقامی ناوەندیی دهۆک پێکهێندراوە و بە بەشداریی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بە شێوەی مەیدانی سەردانی گەڕەکەکان دەکەن بۆئەوەی بە دروستی قەبارەی زیانەکان تۆمار بکرێن.
پارێزگاری دهۆک جەختی لەوە کردەوە، بەر لە جەژنی رەمەزان قەرەبووی سەرجەم زیانلێکەتووان دەکەنەوە و گوتیشی، "ئەگەر کەسێکیش لەبیرکرا دوای پشڕاستکردنەوەی زیانەکەی، ئەویش قەرەبوو دەکرێتەوە."
بە گوتەی عەلی تەتەر، سەرجەم ئەو خانووانەی بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەتووە و مەترسییان لەسەرە، ئەگەر تاپۆش بن، دەڕووخێندرێن و خاوەنەکانیان قەرەبوو دەکرێتەوە.
وەک پارێزگاری دهۆک دەڵێت، تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق هیچ هاوکارییەکی پێشکێشی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە نەکردووە و دەشڵێت، "هیچ کەس پەیوەندیشی پێوە نەکردووین، تەنیا پارێزگاری نەینەوا سەردانی کرد و هەندێک هاوکاری لەگەڵ خۆی هێنابوو."
بەهۆی لافاوی چەند رۆژی رابردوو لە چەند گەڕەکێکی دهۆک، پاشماوەیەکی زۆر و قوڕ و لیتە لەنێو بەشێکی زۆر لە ماڵەکان کۆبووەتەوە؛ زیاتر لە سێ هەزار کەس و 80 ئامێری گەورە لە هەڵمەتی پاکژکردنەوەی پاشماوەی لافاوەکە بەشدارن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ