بنەماڵەی د. جەرجیس حەسەن سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەن

23-03-2024
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بنەماڵەی دکتۆر جەرجیس حەسەن، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و وەزیری پەروەردەی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆک بارزانی؛ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت و بەرپرسانی حیزبی و حکومی دەکەن بەهۆی بەشداربوونی خۆیان یان نوێنەرانیان لە پرسەکە و هاوخەمی دەربڕین بۆ کۆچی دوایی دکتۆر جەرجیس.
 
د. جەرجیس حەسەن خەنسی، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی پارتی و وەزیری پەروەردە لە کابینەی سێیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، 14ـی ئەم مانگە لە ئەنقەرە کۆچی دواییکرد.
 
سەرۆک بارزانی رۆژی 15ی ئەم مانگە لە پەیامێکدا سەرەخۆشی لە "هەموو هەڤاڵ و هاوسەنگەر و دۆست و ئاشنا و خێزان و کەسوکاری" دکتۆر جەرجیس کرد و رایگەیاند، "خوالێخۆشبوو دكتۆر جەرجیس حەسەن تەمەنی خۆی ماندوونەناسانە لە پێشمەرگایەتی و شۆڕش و خەباتی گەلەكەیدا سەرف كرد و نموونەی وەفا و دڵسۆزی بوو."
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لە پەیامێکی سەرەخۆشیدا رایگەیاند، "خوالێخۆشبوو د. جەرجیس حەسەن تەمەنی بە تێکۆشان و پێشمەرگایەتی و خەباتی سیاسی دەرباز کرد و بە دڵسۆزی و وەفاداری خزمەتی میللەت و وڵاتەکەی کرد."
 
د. جەرجیس حەسەن عەبدوڵڵا، ساڵی 1945 لە گوندی خەنسی سەر بە قەزای شێخان لەدایکبوو، ساڵی 1979 بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ھەڵبژێردرا و لە ساڵانی ھەشتاکاندا بەرپرسیارێتی لقی یەکی پارتی وەرگرت و رۆڵی لە شۆڕشی گوڵانیشدا هەبوو.
 
دوای راپەرین و دامەزراندنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کابینەی سێیەم پۆستی وەزیری پەروەردەی پێ سپێردرا.
 
دەقی سوپاسنامەکە:
 
 
 
ئێمە وەکو بنەماڵەی خوالێخۆشبوو دکتۆر جەرجیس حەسەن، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و وەزیری پێشووی پەروەردەی حکومەتی هەرێم، لە دڵەوە سوپاسی جەنابی سەرۆک بارزانی دەکەین بۆ ئەو گرنگییەی بە رێوڕەسمی گواستنەوە و بەخاکسپاردنی تەرمی خولێخۆشبووی دا، هەر لە دەرەوەی کوردستانەوە تاوەکو گەیشتنی بە گۆڕستانی شاخکێ لە دهۆک؛ بەشداربوونی نوێنەری جەنابیان لە هەموو رێوڕەسمەکاندا لە خەمەکانمانی کەم کردەوە.
 
هەروەها سوپاسێکی بێ پایەن بۆ بەڕێزان جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هاوبەشی خەمەکانمان بوون و نوێنەرەکانیان بەشداربوون لە پرسەکەماندا.
 
سوپاس و پێزانین بۆ بەڕێز بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی کە لە تەواوی رێوڕەسمەکاندا لەگەڵمان بوو. سوپاس بۆ ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی، بەرپرسانی مەکتەبەکانی رێکخستن، بەرپرسی لقەکانی پارتی، وەزیر، پەرلەمانتار و پارێزگاری پارێزگەکان، بەڕێوەبەرە گشتییەکان، قایمقام و تەواوی دامودەزگە حیزبی و حکومییەکان لە تەواوی هەرێم، چی بە ئامادەبوونیان یان بە پەیام و تەلەفۆن سەرەخۆشییان لێکردین.
 
هیوادارین گەلەکەمان هەموو قەیران و ئاستەنگییەک بە سەربەرزی تێپەڕێنێت و بگاتە ئامانج و مافە رەواکانی.
 
رەشید تاهیر حەسەن
لە جیاتی بنەماڵەی خوالێخۆشبوو
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە