رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی شەپۆلەکانی بارانبارین و دروستبوونی لافاوەوە، زیاتر لە پێنج پرد لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین رووخاون، یەکێک لەوانەش پردی زەرزییە لە چەمی رەزان کە هاتووچۆی نێوان چەمچەماڵ و دوکانی پەکخستووە.
ئەو شۆفێر و هاووڵاتییانەی دەیانویست بە کەمترین کات لە چەمچەماڵەوە بگەنە دوکان، رێگەی چەمی رەزان بژاردەی کورتیان بوو، بەڵام ئێستا بووەتە کێشەیەکی گەورە. لافاو پردی سەرەکیی رێگەکەی بردووە و ئەوەش گەشتەکەیانی 40 خولەک درێژتر کردووە.
ئیسماعیل هەنارەیی، کە پارێزەرە و رێگەکەی بەکارهێناوە، دەڵێت: "بەنیەتی ئەوەی زوو بگەینە شوێنی مەبەستمان ئێرەمان هەڵبژارد بەراستی نەمانی ئەو پردە ئیشەکەی خراپ کردوین و زەحمەتی زۆر کردوین."
پردی زەرزی کە دەکەوێتە دووریی 83 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاوای سلێمانی، خاڵی بەیەکگەیشتنی سلێمانی، دوکان و چەمچەماڵە. ئەم پردە کە دەروازەی ناوچەیەکی گەشتیاری و مێژووییشە، لە 21ـی مانگەوە ئاو بردوویەتی. ئەمە چوارەمین جارە لە ماوەی پێنج ساڵدا ئەم پردە بەهۆی لافاوەوە دەڕووخێت و هێشتا ئایندەی چاککردنەوەی دیار نییە.
دانیشتووانی گوندی عەواڵان ئەو رێگەیەی پێشتر لە 25 خولەکدا دەیانیگەیاندە سلێمانی و پیرەمەگروون، ئێستا بووەتە کاژێرێک و نیو. هادی رێبوار، دانیشتووی گوندەکە نیگەرانە و گوتی: "ئەو پردە رێگەی سەرەکی ئێمەیە حکومەت و کەس نەهاتوە بەدەمییەوە و چاکی بکات ئەوەیش زیانی زۆری لێداوین و هیوادارین زوو چاککبکرێتەوە."
هەروەها سدیق ئەحمەد، دانیشتوویەکی دیکەی گوندەکە دەڵێت: "وەڵا دەبێت چاکی بکەن بەس بە هەمزەی نا بەڵکو بە دایمی چاکی بکەن."
تەنیا چەمی رەزان نییە، بارانی ئەمجارە بەنداوی دەربەندیخانی سەرڕێژ کرد و زیانی زۆری بە ناوچە گەشتیارییەکانی خوارووی بەنداوەکە گەیاند. لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین، زیاتر لە پێنج پرد بە تەواوی رووخاون یان زیانیان بەرکەوتووە.
رێژوان عەلی، خاوەنی پرۆژەیەکی گەشتیارییە و لەبارەی زیانەکانیانەوە ئاماژەی بەوە کرد: "زیانەکانی ئێمە ئەوەیە شیش و سەب و قەرەوێڵە بزانین چی بەسەر هاتوە کە ئاوەکە نەما." لەلایەکی دیکەوە، محەممەد رەحمان، دانیشتووی گوند پێیوایە: "جاران مەعمەل هەبوو لێرە چاکی دەکرد ئێستا ئەوانیش نەماون هەر ساڵە و لایەک ئاو دەیبات."
لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەت دەڵێن، خەریکی ئامادەکردنی دەرخستەن و چاوەڕێی تەرخانکردنی بودجەن، بۆ چاککردنی پرد و رێگە خراپبووەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ