میدیای فەرمیی ئێران: لە ورمێ 7 کەس کوژران

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

میدیای فەرمیی ئێران رایدەگەیەنێت، بەهۆی هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری ورمێ، حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
رۆژی دووشەممە، 23ـی ئاداری 2026، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) بڵاویکردەوە: "بەهۆی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە نێو شاری ورمێ، حەوت کەس کوژراون."
 
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، هێرشەکە ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی کردووەتە ئامانج و جیا لە کوژراوەکان، چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون. ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەشێک لە قوربانییانی هێرشەکە ژن و منداڵن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئامارێکی کۆتایی و وردی بریندارەکان بڵاونەکراوەتەوە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، دەسەڵاتدارانی ئێران رایانگەیاندبوو کە ناوچە نیشتەجێبووەکانی ورمێ رووبەڕووی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکان بوونەتەوە.
 
جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا/ئیسرائیل، لە 28ـی شوباتی 2026 دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
 
رۆژی دووشەممە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، دەستیان بە گفتوگۆکردووە لەگەڵ ئێران بۆ رێککەوتن و راگرتنی جەنگەکە، بەڵام بەرپرسانی ئێران، لەوانەش محەممەد قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رەتیدەکاتەوە گفتوگۆیان لەگەڵ ئێران کردبێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە