رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژی 29ـی ئەم مانگەوە کامێرا چاودێرییەکانی سەر رێگەی سلێمانی – دووکان دەکەونە کار بۆ تۆمارکردن و سزادانی شۆفێرە تیژڕەوەکان.
لە سەرەتای دانانی ئەو کامێرایانەوە واتە لە مانگی هەشتی ساڵی رابردووەوە تاوەکو رۆژی 22-05-2023، 385 هەزار ئۆتۆمبێل بەهۆی تیژڕەوییەوە وێنەگیراون، بەڵام لەبەر ئەوەی کامێراکان تاوەکو ئەوکات بۆ تاقیکردنەوە دانرابوون سزادانەکە هەژمار نەکراوە.
لە نێوان تاسڵوجە بۆ دووکان 24 کامێرا هەیە و بەمجۆرە کار دەکەن:
هەر شۆفێرێک کە بەو شەقامەدا تێپەڕ بێت ئەگەر لە سەرجەم کامێراکانیش بدات بە خێرایی تەنها سزادانی یەک کامێرایانی کە زۆرترین خێرایی هەبووە بۆ هەژمار دەکرێت.
هەروەها خێرایی و خاوی تێپەڕبوونی لەنێوان دوو کامێرادا بۆ هەژمار ناکرێت و گرنگ نییە لە کوێدا خاو و خێرای دەکاتەوە تەنها گرنگە کە لە کامێراکان بە خێرایی تێنەپەڕێت.
جگە لەوەش ئەو جێگەیانەی لە نێوان رێگەی تاسڵوجە - دووکان کە خێراییان 60 یان 80 کیلۆمەترە، دەبێت بە هەمان خێرایی بڕوات ئەگەرنا کامێراکانی ئەوێ وێنەی دەگرن و سزا دەدرێت.
لە تێرمیناڵی دووکان - سلێمانی نزیکەی 85 تاکسی کاری گواستنەوە دەکەن. مام محەممەد، 25 ساڵە لەوێ شۆفێری تاکسییە و دەڵێت: بەهۆی ئەو هەموو کامێرایەوە دەبێت ئێمە کار بۆ حکومەت بکەین.
محەممەد ساڵح، شۆفێری تاکسییە و بە رووداوی گوت: ئەو سیستمی کامێرایانە هیچ لەبەرژەوەندی شۆفێراندا نییە و گەورەترین زیان لە ئێمە دەدات. من مانگی 300 هەزار دینارم دەستدەکەوێت، چونکە هەموو رۆژێک نۆرەی کارمان نییە، خەرجیشمان زۆرە، ئەگەر کامێراکان ئاوها بکەن ئێمە بە رۆژێک هەموو پارەی مانگەکە دادەنێینەوە.
بەگوتەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی، "سزاکان بەو جۆرە نین کە خەڵک بیستویانە و هەموو سزاکانیش بۆ پاراستنی خەڵکە."
عەقید بەختیار محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: کامێراکان خۆنەبەستنەوە و بەکارهێنانی مۆبایلیش تۆمار دەکەن، بەڵام ئێمە لە هاتووچۆی سلێمانی هێشتا بۆ ئەو بابەتە لەو کامێرایانە سزامان دانەناوە.
وەک عەقید بەختیار محەممەد دەڵێت، شۆفێری هەر ئۆتۆمبێلێک لە خێرایی 109 کیلۆمەتر بۆ هەر کاژێرێک لێبخوڕێت کامێرای خاڵ بۆ خاڵ سزای نادات، بەڵام لەوە زیاتر سزا دەدرێت.
لە هەرێمی کوردستان رووداوی هاتووچۆ یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن.
لە ساڵی 2021دا چوار هەزار و 121 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و 616 کەس بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە. هەروەها حەوت هەزار و 220 کەسیش برینداربوون.
لە ساڵی 2022دا سێ هەزار و 700 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و 445 کەس بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە. هەروەها حەوت هەزار و 225 کەسیش برینداربوون.
تەواوی کامێرا چاودێرییەکانی کە بڕیارە لە شەقامەکانی هەرێمی کوردستان دابنرێن 225 کامێرایە، گلەیی سەرەکی خەڵک ئەوەیە کە داوا دەکرێت پێش دانانی کامێرا چاودێرییەکان شەقامی دەرەکیی نێوان شار و شارۆچکەکان چاکبکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ