جەعفەر ئیمینکی: چاوەڕوان دەکرێت بڕیاری دادگەی فیدراڵی لەبارەی پەرلەمانی کوردستانەوە زۆر نەرێنی بێت

23-05-2023
شیراز رەئوف
جەعفەر ئیمینکی، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان میوانی رووداوی ئەمڕۆ بوو
جەعفەر ئیمینکی، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان میوانی رووداوی ئەمڕۆ بوو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، گرژییەکانی پەرلەمان کاریگەرییەکی سنوورداری لەسەر پەیوەندییەکانی حیزبەکەی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبێت. لەبارەی دانیشتنی چوارشەممەی دادگەی فیدراڵیی عێراق لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانیش گوتی، چاوەڕوان دەکرێت بڕیاری زۆر نەرێنی بدرێت.
 
جەعفەر ئیمینکی، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان رۆژی سێشەممە، 23-5-2023، لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی، "ئاڵۆزییەکانی چەند مانگی رابردووی نێوان پارتی و یەکێتی بەرەو کۆتایی چووە و کێشە گەورەکانی وەک داهات و دۆسیەی ئەمنی چارەسەر کراون، بەڵام نازانین بۆچی یەکێتی نایەوێت کێشەی هەڵبژاردن چارەسەر بکرێت، لەکاتێکدا لە کۆبوونەوەکاندا کێشەی هەڵبژاردن زۆر بچووکتر بوو بەراورد بە کێشەی ئەمنی و داهات کە ئێستا چارەسەر کراون".
 
یەکێتی و دۆخی سلێمانی 
 
جەعفەر ئیمینکی یەکێک لە هۆکارەکانی دروستکردنی کێشە بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ دۆخی سلێمانی دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ترسی هەیە لەو دۆخەی ئێستا سلێمانی تێدایە کە دۆخێکی شڵەژان و پەرتەوازەییە و بەپێی زانیاریی و راپرسییەکانیش زۆرترین رێژەی بایکۆت و بەشدارینەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردندا لە سلێمانی دەبێت و خەڵک بەشداری دەنگدان ناکەن".
 
بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان باس لە نیگەرانییەکی پارتەکەی دەکات بەرامبەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دەڵێت، هەفتەی رابردوو شاندی پارتی لە سلێمانی لەگەڵ یەکێتی کۆبووەوە و گەنگەشەی پڕکردنەوەی پۆستەکانی حکومەت و گۆڕانکارییە وەزارییەکان و کارنامەی دانیشتنی پەرلەمان کرا، بەڵام دواتر کە شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی پیرمامیان کرد هیچ بڕیارێکیان پێ نەبوو و بە دەستی بەتاڵ هاتبوون.
 
جەعفەر ئیمنیکی گوتیشی، "ئێمە بڕیاری پارتیمان بە یەکێتی راگەیاند کە ئامادەین کۆبوونەوەی پەرلەمان لە یەک رۆژەوە تا هەفتەیەک دوابخرێت، بەو مەرجەی سەرۆکی پەرلەمان رۆژی کۆبوونەوە دەستنیشان بکات و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بخرێتە بەرنامەی کارەوە، نەوەک بسپێردرێت بە کاتێکی نادیار، بەڵام یەکێتی هیچ بڕیارێکی بۆ نەدرا؛ بۆیە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و دانیشتنی پەرلەمان لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بوو، نەک بەرژەوەندی پارتی، دەنا پارتی لە کۆمسیۆنەکەدا کەمینەیە".
 
بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی و دۆخی هەرێمی کوردستان
 
بە گوتەی جەعفەر ئیمینکی، چاوەڕوان دەکرێت دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیاری لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان دابێت و تەنیا راگەیاندنی مابێت، هەربۆیە پێویست بوو کۆمیسیۆن کارا بکرێتەوە و لەوبارەیەوە دەڵێت: "چاوەڕوان دەکرێت بڕیارەکەی دادگە زۆر نەرێنی بێت لەسەر بەردەوامیدان بەم خولەی پەرلەمانی کوردستان، ئەگەر کۆمیسیۆن کارا نەکرایەتەوە، نەدەتوانرا کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن ئەنجام بدات، بەڵام ئێستا کوردستان کۆمیسیۆنەکەی کارا کردووەتەوە و دەکرێت کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و یونامی و رێکخراوە جیهانییەکانیش یارمەتی ئەم کۆمیسیۆنە بدەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و چاودێری پرۆسەکە بەپێی پێوەرە دیموکراسییەکان".
 
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارە دادگەکە رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە 24ـی ئایار بۆ تاوتوێکردنی شەش بابەتی جیاواز کۆببێتەوە کە سێیان پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە؛ یەکێکیان پەیوەستە بە درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان و لەسەر رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمان تۆمارکراوە.
 
"دانیشتنەکە پەیڕەوی بوو"
 
جەعفەر ئیمینکی کە پێشتر جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بوو، لەبارەی رەواییبوونی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دوای هەڵگرتنی دانیشتنەکە لەلایەن سەرۆکی پەرلەمان و درێژەپێدان لەلایەن جێگرەکەیەوە دەڵێت، "دانیشتنەکە تەواو یاسایی و پەیڕەوەی بوو، چونکە سەرۆکی پەرلەمان کە دانیشتنی ئەنجامدا دەسەڵاتی رەهای نامێنێت و بڕیاری هەڵگرتنی دانیشتن دەبێت بە دەنگدان بێت نەک بڕیاری سەرۆکی پەرلەمان".
 
کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە 22ـی ئایاری 2023ـی پەرلەمانی کوردستان بە ئاڵۆزی دەستیپێکرد، کاتێک رۆژێک پێشتر بەبێ رەزامەندیی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لەلایەن جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمانەوە خرایە بەرنامەی کارەوە.
 
دوای دروستبوونی ئاڵۆزی، رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەکەی دواخست، بەڵام هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان رەتیکردەوە کۆبوونەوە دوابخرێت و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی خستە دەنگدانەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە