رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی فەرمیی تورکیا بڵاوی کردەوە، ئەندامێکی کۆنسەی بەڕێوەبردنی پەکەکە، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان کراوەتە ئامانج و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
ئاژانسی فەرمیی تورکیا (ئەنادۆڵو) رۆژی 23ی حوزەیرانی 2023 بڵاوی کردەوە، عەبدولڕەحمان چادرچی، ناسراو بە "ئەسعەد فەراشین"، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبردنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئۆپەراسیۆنێکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان، کراوەتە ئامانج و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە، بەڵام ئاماژەی بە کاتی ئۆپەراسیۆنەکە نەکراوە.
بەپێی ئاژانسەکە چادرچی لە ساڵی 1997 - 1999 لە ئەوروپا بووە، لە ساڵی 2000 چووەتە قەندیل، هەروەها لە ساڵی 2008 بۆ 2010 بەرپرسی پەکەکە بووە لە مۆسکۆ.
چادرچی لە لیستی سووری داواکراوانی پۆلیسی ئینتەرپووڵدا بووە.
چادرچی کە لە دایکبووی پارێزگای رووهای باکووری کوردستانە، لە ساڵی 2018ـەوە بووەتە ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبردنی پەکەکە.
میدیای فەرمیی تورکیا گرتەی ڤیدیۆی بە ئامانجکردنی ئۆتۆمبێلێکی بڵاوکردووەتەوە دەڵێت چادرچی لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا بووە، بەڵام پەکەکە تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی لەو بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
چوار رۆژ لەمەوبەر درۆنێکی تورکیا، ئۆتۆمبێلێکی لە گوندێکی سەر بە ترپەسپی لە رۆژهەڵاتی شاری قامشلۆ کردە ئامانج و بەو هۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا. یەکێک لە قوربانییەکان هاوسەرۆکی کانتۆنی قامشلۆ بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ