سەرۆک بارزانی 'نیگەرانە' لە كشاندنەوەی مەرسوومی سەرۆككۆماریی تایبەت بە كەنیسەی كلدان

23-07-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ پاتریارک كاردینال لویس ساكۆ کۆبووەوە و "نیگەرانیی" لە بڕیارەكەی سەرۆككۆماری عێراق بۆ كشاندنەوەی مەرسوومی سەرۆككۆماریی تایبەت بە كەنیسەی كلدان نیشاندا. 
 
رۆژی یەكشەممە 23ـی تەممووزی 2023، لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە پاتریارک كاردینال لویس ساكۆ، پاتریارك و سەرۆكی كەنیسەی كلدان لە عێراق و جیهان و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ژمارەیەک لە مەترانەكانی ئایینی كریستیان لە هەرێمی كوردستان و عێراق. 
 
لە دیدارەكەدا، بەگوێرەی بارەگای بارزانی، "كاردینال لویس ساكۆ سوپاسی ئەو رێز و پێزانینەی كرد كە لە هەرێمی كوردستان بۆ هێما و كەسایەتییەكانی ئایینە جیاجیاكان هەیە. هەروەها سوپاسی فەرهەنگی پێكەوەژیانی كوردستانی كرد كە بووەتە هۆی پاراستنی پێكهاتەكان و مێژوو و كولتوورەكانیان. دەستخۆشیشی لە سەرۆک بارزانی كرد كە بە حیكمەت و رابەرایەتیی خۆی، پێكەوەژیان و ئاشتی و ژیانی هاوبەشی پێكهاتە جۆراوجۆرەكانی لە كوردستان پێشخستووە." 
 
كاردینال لویس ساكۆ دەڵێت، "شانازی بەو ژیانە هاوبەش دەكەین كە بۆ هەموو لایەک لە كوردستاندا هەیە." 

 

 
رۆژی 3-7-2023، مەرسوومی ژمارە (31)ی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ژمارەی (4727)ـی رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاوکرایەوە و تێیدا بڕیاری کشانەوەی مەرسوومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013ی راگەیاند و تێیدا پلەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان لە کاردیناڵ لویس رافایل ساکۆ سەندرایەوە.
 
لەبارەی بڕیاری ئەم دواییەی سەرۆككۆماری عێراق بۆ كشاندنەوەی مەرسوومی سەرۆككۆماریی تایبەت بە كەنیسەی كلدان، كاردینال لویس ساكۆ دەڵێت، "بڕیارێكی نادروست و مەترسیدارە كە پێكهاتەی كریستیانی بریندار كردووە و دژی بنەماكانی پێكەوەژیان و ئاشتەواییە."  
 
سەرۆک بارزانی لە دیدارەکەدا گوتی، "كوردستان سەرزەمینی پێكەوەژیان و ئاشتەوایی نێوان هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانە."
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە کاتی شەڕی دژی داعش، سەرۆک بارزانی بە شاندێكی پیاوانی ئایینی كریستیانی راگەیاندووە، "كوردستان وڵاتی خۆتانە، نابێت بیر لە جێهێشتنی بكەنەوە یان پێكەوە بە سەربەرزی لەسەر ئەو خاكە دەژین یانیش پێكەوە دەمرین." 
 
وەک بارەگای بارزانی دەڵێت، سەرۆک بارزانی "نیگەرانیی" خۆی لە بڕیارەكەی سەرۆككۆماری عێراق بۆ كشاندنەوەی مەرسوومی سەرۆككۆماریی تایبەت بە كەنیسەی كلدان نیشاندا و هیوای خواست كە پێداچوونەوە بە بڕیارەكە بكرێت و "راست بكرێتەوە." 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە بەشێكی دیکەی دیدارەکەدا شاندەکە كورتەیەكیان لەبارەی بارودۆخی پارێزگای نەینەوا و ژیان و گوزەرانی كریستیانەكان و ئەگەر و مەترسییەكانی داهاتوو بۆ سەرۆک بارزانی باس كرد.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.