رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بڕیار درا ئامێرەکانی تیشکدانەوەی ئەتۆمی لە هەرێمی کوردستان زیاد بکرێن. راشیگەیاند: "دوو ئامێری پێشکەوتوو لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و پارێزگای هەڵەبجە زیاد کران".
رۆژی چوارشەممە، 23ـی تەممووزی 2025، د. سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیاییی رووداوی راگەیاند، پێشتر لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینیش ئامێری تیشکدانەوەی ئەتۆمییان هەبوو، بڕیار بوو لە ئیدارەکانی دیکە و لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستانیش زیاد بکرێت، "بەڵام دوای جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، زووتر کارەکان جێبەجێ کران".
بە گوتەی د. سەنعان عەبدوڵڵا، لەلایەن عێراقەوە دوو ئامێری دیکەی پێشکەوتوو لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و پارێزگای هەڵەبجەش دانران. گوتیشی: "ئێستا 7 وێستگەی تۆمارکردنی تیشکدانەوەی ئەتۆمی لە هەرێمی کوردستان هەن".
بۆ یەکەمجار ئامێری تیشکدانەوەی ئەتۆمی لە پارێزگای هەولێر دانرا. گوتەبێژی دەستەی ژینگە دەڵێت: "ئامێرەکان بەستراونەتەوە بە عێراق و دەزگای نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمەوە، ئەو ئامێرانە چاودێریی هەر مادەیەکی تیشکدەر دەکەن و لەکاتی حاڵەتی نەخوازراودا زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدەن".
لە 13ـی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران، دواتریش ئێران بە مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو وەڵامی دایەوە. جەنگەکە 13 رۆژی خایاند. لەوبارەیەوە د. سەنعان عەبدوڵڵا گوتی: "هیچ تیشکدانەوەیەک لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکرا".
رۆژی 22ـی حوزەیران، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکە و هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. رۆژی 25ـی حوزەیرانیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند.
ئامێرەکانی پشکنینی تیشکدانەوەی ئەتۆم لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێگیر کراون، لە یەک کاتدا و پێکەوە پشکنین بۆ هەوا دەکەن و لەکاتی هەبوونی تیشکی ئەتۆمیدا، فەرمانگەکان ئاگادار دەکەنەوە.
زیانی تیشکدانەوەی ئەتۆم بەگوێرەی نزیکیی ناوچەکان کاریگەریی جیاوازی هەیە؛ کاریگەریی کوشندەی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ، ژینگە، خۆراک، خاک و ئاو هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ