بەشێک لە کۆمپانیاکانی نەوت لەگەڵ رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا نین

23-09-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی باڵای کەرتی نەوت کە ئاگاداری وردەکارییەکانی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدایە رایگەیاند، "رۆژی سێشەممە دەست بە رێکارە تەکنیکییەکان دەکەین بۆ ئامادەکردنی کارەکانی بۆرییەکە و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی 48 کاژێری داهاتوودا هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە."
 
دوو سەرچاوەی ئاگادار لە دانوستاندنەکان بە رۆیتەرزیان گوتووە، گەورەترین بەرهەمهێنەری نێودەوڵەتیی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکات، کۆمپانیای DNOـی نەرویجی و هاوبەشەکەی، گەنەڵ ئێنێرجی، هێشتا بە تەواوی بە مەرجە پێشنیازکراوەکان رازی نەبوون.
 
یەکێک لە سەرچاوەکان ئاماژەی بەوەدا کە کۆمپانیای DNO دەیەوێت بەردەوام بێت لە دانوستاندن لەسەر میکانیزمی دانەوەی نزیکەی 300 ملیۆن دۆلار قەرزی کۆن، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێش راگرتنی هەناردەکردنی نەوت قەرزاری کۆمپانیاکە بووە.
 
رەشنووسی پلانە نوێیەکە بە روونی دیاری ناکات، کە چۆن و کەی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان ئەو نزیکەی یەک ملیار دۆلارە لە قەرزە کەڵەکەبووەکان وەردەگرنەوە کە لەنێوان ئەیلوولی 2022 و ئاداری 2023ـدا لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە.
 
بەرپرسێکی باڵای یەکێک لە کۆمپانیاکانی نەوت بە رۆیتەرزی گوتووە، کۆمپانیاکان چاوەڕوان دەکەن، لە داهاتوودا پشکی گەورەتریان لە داهاتی فرۆشی نەوت پێبدرێت.
 
بەگوێرەی رێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا، پلانی سەرەتایی ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە لانیکەم 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بکات، لە کاتێکدا دەتوانێت 50 هەزار بەرمیلی دیکە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆیی بەکاربهێنێت.
 
بەپێی میکانیزمە نوێیەکە، بازرگانێکی سەربەخۆ پرۆسەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیهانی تورکیاوە بەڕێوەدەبات و بە نرخە فەرمییەکانی سۆمۆ دەیفرۆشێت.
 
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئاداری 2023ـەوە راگیرا، ئەوەش دوای ئەوەی دادگەی نێوبژیوانیی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی (ICC) لە پاریس، بڕیاریدا کە تورکیا بە بڕی 1.5 ملیار دۆلار قەرەبووی عێراق بکاتەوە بەهۆی رێگەدان بە هەناردەی "نایاسایی" نەوتی هەرێمی کوردستان بەبێ رەزامەندیی بەغدا. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.