رووداو دیجیتاڵ
بارەگای بارزانی پەیامێکی لەبارەی کوژرانی ئەکبەر حاجی رۆستەم بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، "لەدەستدانی خەسارەت و کەلێنێکی گەورەیە." داواش دەکات "بەزووترین کات" لایەنە پەیوەندیدارەکان تاوانباران بدۆزنەوە.
بارەگای بارزانی پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی بنەماڵەی ئەکبەر حاجی رۆستەم کردووە و دەشڵێت، "پێویستە بە زووترین كات دامودەزگاکانی دەڤەری گەرمیان تاوانباران بدۆزنەوە، رادەستی یاسای بكەن و بە سزای تاوانی خۆیان بگەیێندرێن."
شەوی دووشەممە 22ی ئەیلوول، لە سنووری گوندی ئۆمەربل لە قەزای کفری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، ئەکبەر حاجی رۆستەم، کەسایەتیی دیاری ناوچەکە بە گولـلە کوژرا.
دەقی پەیامی بارەگای بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە داخێکی زۆرەوە هەواڵی شەهیدکردنی فەرماندەی پێشمەرگە و كەسایەتیی خەباتگێڕ (ئەكبەر حاجی رۆستەم)مان پێ گەیشت. ئەكبەر حاجی رۆستەم تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەری ناسراوی دەڤەری گەرمیان و جێی رێزی خەڵكی كوردستان بوو، لەدەستدانی خەسارەت و كەلێنێكی گەورەیە. پێویستە بە زووترین كات دامودەزگاکانی دەڤەری گەرمیان تاوانباران بدۆزنەوە، رادەستی یاسای بكەن و بە سزای تاوانی خۆیان بگەیێندرێن.
بەم بۆنە خەمناكەوە پرسە و هاوخەمیی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و كەسوكار و هاوڕێ و ئاشنایانی خوالێخۆشبوو ئەكبەر حاجی رۆستەم و خەڵكی گەرمیان دەكەین، خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین. لە خودای گەورە داواكارین رۆحی خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.
انا للە و انا الیە راجعون
بارەگای بارزانی
23ی ئەیلوولی 2025
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ