رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی تەقینەوەی تانكەرێک لە ناوچەی پیشەسازیی مەریوان، هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستدا و هاونیشتمانییەکی دیكەش برینداربوو.
رۆژی سێشەممە، 23 ئەیلوولی 2025، بابەک هودائی، بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکانی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: "تەقینەوەیەک لە ناوچەی پیشەسازیی مەریوان روویدا و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستدا."
بابەک هودائی گوتی: "رووداوەکە لە کاتی لەحیمکردنی تانکەرێکی سووتەمەنی روویداوە. تانکەرەکە تەقیوەتەوە و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکانی پارێزگای سنە، پێش گەیشتنی تیمەکانی فریاکەوتن، ئەو کەسەی لەنێو تانکەرەکە کاری کردووە، گیانی لەدەستداوە.
بابەک هودائی ئاماژەی بەوەشکرد، دۆخی ئەو کەسەی برینداربووە جێگیر نییە و لە نەخۆشخانە چارەسەری وەردەگرێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ