رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە راگەیێندراوێکی لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانیان لەگەڵ هێزێکی سوپای عێراق لە مەخموور بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکە، "شەهید و بریندار لە هەردوولا کەوتەوە."
لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، "بەداخەوە دوێنێ یەکشەممە 22ی تشرینی یەکەمی 2023 رووداوێکی ناخۆش لە ناوچەی مەخموور روویدا و لە ئەنجامدا شەهید و برینداربوونی لە هەردوولا لێکەوتەوە."
سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە جەختی لەوە کردووەتەوە، "پابەندبوونمان بۆ کارکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دووپات دەکەینەوە لەپێناو چارەسەرێکی ریشەیی و بەردەوام، کە ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری عێراق بەدیبهێنێت."
هاوکات لە راگەیێندراوەکەیدا سەرۆکایەتیی ئەرکان پشتیوانیی بۆ ناوەڕۆکی راگەیێندراوەکەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان "بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی خێرا و شەفاف لە رووداوەکە بۆ دیاریکردنی هۆکارەکان و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە" دەربڕیوە.
کاژێر 4:00ی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 22-10-2023 شەڕ لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەدا دروستبوو؛ بەهۆیەوە دوو پێشمەرگە شەهید و 11ی دیکەش بریندار بوون. باس لەوەش کرا کە 12 سەربازی عێراقی کوژراون و برینداربوون.
رۆژی 19-10-2023، هێزەکانی فیرقەی 14ی سوپای عێراق چوار خاڵی سەربازیی چاودێرییان لەسەر چیای قەرەچووخ لە پەکەکە وەرگرتەوە، کە بەپێی رێککەوتنێک لەلایەن سوپای عێراق وەرگیرایەوە، دواتر هێزێکی سوپای عێراق لە خاڵە سەربازییەکان جێگیر کراون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرانی رووداو، دۆخەکە ئارام بووەتەوە و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان عێراق و لە ئاستی باڵادا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە لەسەر هێڵن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ