کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن چاوەڕێی بڕیاری دادگەی فیدراڵییە لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

23-11-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، کۆمیسیۆن چاوەڕێی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق دەکات لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دەڵێت، بەشێک لە کارەکانی دواخستووە.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 23-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆمیسیۆنەکەیان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەنگاوی باشی بڕیوە، نزیکەی 38 پارتی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆن تۆمارکراون و بەشداری هەڵبژاردنی داهاتوو دەکەن، هەڵبژاردنیش لە وادەی خۆی لە 25-02-2024 دەکرێت و تائێستا هیچ گۆڕانکارییەک لەم وادەیەدا نییە.
 
لەبارەی پێشکێشکردنی ناوی بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، عیماد جەمیل،  گوتی: "چاوەڕێی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق دەکەین، لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بازنەکانی هەڵبژاردن و کورسییەکانی کۆتا. ئەگەر هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان یەک بازنە بێت ئەوکات پێشکێشکردنی بەربژێرەکان جیاواز دەبێت لەوەی  ئەگەر دادگای فیدراڵی بڕیاربدات هەڵبژاردن فرە بازنەیی بێت، بۆیە ئەمە کاری کۆمیسیۆنی دواخستووە" .
 
سکاڵاکە ژمارە 83ی فیدراڵی 2023ـی هەیە، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییەوە تۆمار کراوە، لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان (خولی پێنجەم)، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، تێیدا سکاڵاکاران داوای نادەستووریبوونی مادەکانی (1، 9، 22، 15، 36)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە و داواکە تەنیا بۆ بڕیاردان ماوەتەوە.
 
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق جەخت لەوەدەکاتەوە، هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، وەک هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەوەندە قەرەباڵخ نییە، ژمارەی دەنگدەرانی نزیکەی هاوتای دەنگدەرانی ناوچەی روسافەی شاری بەغدایە، هەروەها کۆمیسیۆن نووسینگەی پێویستی هەیە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن کە سێ نووسینگە و نووسینگەی هەرێمیی کوردستانە لەگەڵ کارمەندی پێویست، بۆیە رێکار و گرێبەستەکان ئاسانە، چونکە هەمان کۆمپانیا و کارە کە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکرێت، ئەوەش کاتیان بۆ کورت دەکاتەوە.
 
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، لە هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 641 هەزار و  566 دەنگدەر هەن، لە پارێزگای سلێمانی زۆرترین دەنگدەر هەیە و پاش ئەوە پارێزگای هەولێر و پاشان دهۆک دێت
 
بڕیارە لە 25ـى شوباتى 2024، هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکرێت، کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
 
بەگوێرەى خشتەى کارى کۆمیسیۆن بۆ ئامادەکارى ئەو هەڵبژاردنە، دەبووایە لە مانگى تشرینى دووەمدا دەرگەى تۆمارکردنى پارت و هاوپەیمانێتى و بەربژێرەکان بکرێتەوە، بەڵام پرسەکە دواخرا، کە بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو دەکەوێتە سەرەتاى مانگى کانوونى یەکەمى 2023.
 
گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، وادەى دیاریکراوى کردنەوەى دەرگەى تۆمارى پارت و هاوپەیمانێتى بەربژێران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، بڕیارى ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى ماوە.
 
رۆژی 7ى تشرینى دووەمی 2023، جومانە غلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەنجوومەنى کۆمیسیاران خشتەى کارى هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانى پەسندکرد، بەم شێوەیە کۆمیسیۆن بەردەوام دەبێت لە کارەکانى بۆ ئەوەى هەڵبژاردن لە وادەى دیاریکراوى خۆیدا بکرێت لە 25ى شوباتى 2024."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە