رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەی ئێوارەی رۆژی 22ی کانوونی یەکەمی 2022ی ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیا، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران متمانە لە سەمرا گوزەل پەرلەمانتارە زیندانیکراوەکەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە سەندرایەوە.
رۆژی 10ی تشرینی دووەمی 2022، کۆمیسیۆنی دادپەروەری پەرلەمانی تورکیا، لێسەندنەوەی متمانەی لە سەمرا گوزەل پەسندکرد و دۆسیەکەی پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی گشتیی بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدات.
رۆژی 17ی تشرینی دووەمی 2022، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی، بەپاساوی دەوامنەکردن و ئامادەنەبوونی لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان لە ئەنجامی دەستبەسەرکردنییەوە بەتۆمەتی ئەندامێتیی و بانگەشەکردن بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لێسەندنەوەی متمانەی لە ناوبراو پەسند کردبوو. رۆژی چوارشەممەش 22-12-2022 بەئامادەبوونی میدحەت سانجار و پەروین بوڵدان و تەواوی ئەندامانی فراکسیۆنی هەدەپە، بابەتی لێسەندنەوەی متمانە لە سەمرا گوزەل خرایە دەنگدان و بە زۆرینەی دەنگ پەسند کرا.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، رۆژی 19ی کانوونی یەکەمی 2022ـەوە، سەمرا گوزەل لەلایەن دادگەی سزا قورسەکانی ئەنقەرەوە دادگایی دەکرێت.
رۆژی 29ی ئەیلوولی 2022، نووسینگەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی پەرلەمانتارانی سەر بە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماریی لە ئەنقەرە، تۆمەتنامەی تایبەتی سەمرا گوزەل، پەرلەمانتاری ئامەد-ی هەدەپە پێشکێشی 22ـەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئەنقەرەی کردبوو. دادگەی ناوبراویش رۆژی 14ی تشرینی یەکەمی 2022، داواکارییەکەی پەسندکرد و دوای ئامادەکردنی پەڕاوی دادگاییکردنی، رایگەیاندبوو رۆژێک بۆ دادگاییکردنی دەستنیشان دەکات.
لە تۆمەتنامەکەدا، کە واژۆی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماریی لەسەرە، داوای 15 ساڵ زیندانیی بۆ سەمرا گوزەل دەکات، کە بە کردەیی داوای حەوت ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردنی دەکات.
رۆژی 2ی ئەیلوولی 2022، سلێمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆی تورکیا، دەستگیرکردنی سەمرا گوزەل-ی لە هەژماری تویتەری خۆیدا بڵاوکردەوە و نوسیبووی: "لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستەنبووڵ و دەزگای هەواڵگریی میت دەستگیرکرا."
رۆژی 16ی کانوونی یەکەمی 2021، چەندین وێنەی سەمرا گوزەل لەگەڵ گەریلایەکی پەکەکە بەناوی ڤۆڵکان بۆرا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە، بەمەش رۆژی 11ی کانوونی دووەمی 2022، لەسەر داوای سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماریی لە ئەنقەرە، دۆسیەیەک لە دژی سەمرا گوزەل، لە رێگەی وەزارەتی داد، پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرا و داوای هەڵگرتنی پارێزبەندیی و لێسەندنەوەی متمانەی کرد بۆ دادگاییکردنی. پەرلەمانی تورکیاش رۆژی 1ی شوباتی 2022 کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا.
ڤۆلکان بۆرا، ئەو گەریلایەی پەکەکە کە وێنەی لەگەڵ سەمرا گوزەل گرتووە، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزی ئاسمانیی تورکیا بۆ سەر گەریلاکانی پەکەکە، لە ساڵی 2017 گیانی لەدەستدابوو و تەرمەکەی کەوتبووە دەست هێزەکانی تورکیا. له ئهنجامی پشكنینی مۆبایلەکەیدا ئەو وێنانە دۆزراونەتەوە، کە لە مانگی کانوونی یەکەمی 2021 تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لە تورکیا و باکووری کوردستان تەنی.
رۆژی 1ی ئاداری 2022، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیادا بە 313 دەنگی بەڵێ لە بەرامبەر 52 دەنگی نەخێر، بە تۆمەتەکانی ئەندامبوون و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە، پارێزبەندیی لە سەمرا گوزەل پەرلەمانتاری ئامەد-ی فراکسیۆنی هەدەپە لێسەندرایەوە.
سەرەڕای ئەوەش ناوبراو لە رۆژی 28ی شوباتی 2022 واتە رۆژێک بەر لە لێسەندنەوەی پارێزبەندییەکەی، بێسەروشوێن بوو.
رۆژی 1ی نیسانی 2022، بەکر بۆزداغ، وەزیری دادی تورکیا ئاشکرایکرد: رۆژی 23ی ئادار لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماریی لە ئەنقەرە و بەفەرمانی دادگای سزا قورسەکان، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەمرا گوزەل دەرچوو، بەڵام ئەو هێزەی راسپێردرابوون بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکە پێیان راگەیاندین، کە لە ناونیشانە فەرمیی و نافەرمییەکانیدا نەدۆزراوەتەوە و کەس زانیاری لەبارەی خۆشاردنەوەی نەداوە و هیچ زانیارییەکیان نییە لەبارەی شوێنی خۆحەشاردانی. بۆزداغ راشیگەیاند، لە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکاندا نەچووەتە دەرەوە وڵات و بەوردی چاودێری دەکرێت بۆ ئەوەی دەستگیر بکرێت و رادەستی دادگە بکرێت.
رۆژی 4ی نیسانی 2022 ئیسماعیل چاتاکڵی، یاریدەدەری وەزیری ناوخۆ و گوتەبێژی وەزارەت رایگەیاند: "سەمرا گوزەل هەڵاتووە، بەدوایدا دەگەڕێین. بەڵام تائێستا نەماندۆزیوەتەوە. زانیاریی جۆراوجۆر لەبارەیەوە هەن، بەڵام دوای ئەوەی دڵنیابووین بڵاوی دەکەینەوە."
دادگەی دەستووری تورکیا رۆژی 12ی ئایاری 2022، لەسەر داوای سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماریی لە ئەنقەرە، بەڵگەی هەڵاتن و خۆشاردنەوەی سەمرا گوزەل خرایە سەر دۆسیەی داخستنی هەدەپە. داواکاری گشتیی کۆماریی ئەنقەرە، تۆمەتی خستبووە پاڵ هەدەپە بەوەی زانیارییان هەبووە کە سەمرا گوزەل سەردانی قەندیلی کردووە و وێنەی لەگەڵ گەریلایەک هەبووە. هەروەها تۆمەتێکی دیکەی خستە پاڵ هەدەپە بەوەی زانیارییان لەبارەی شوێنی خۆشاردنەوەی سەمرا گوزەل هەیە و هاوکاریی دەکەن بۆ ئەوەی بچێتە دەرەوەی تورکیا.
سەمرا گوزەل کێیە؟
- ساڵی 1984 لە شارۆچکەی وێرانشاری رووها لە دایکبووە.
- پەرلەمانتاری ئامەد-ی فراکسیۆنی هەدەپە بوو.
- پزیشکی پسپۆڕی سڕکردنی نەشتەرگەریی گشتییە.
- ساڵی 2009 وەک پزیشک لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی مێردین دامەزرا.
- ساڵی 2012 پزیشکی پسپۆڕ و خولاو بووە لە نەخۆشخانەی فێرکاریی ئامەد.
- ساڵی 2013 بووەتە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی سەندیکای رەنجدەرانی تەندروستی و کۆمەڵایەتیی ئامەد.
- ساڵی 2016 بووەتە هاوسەرۆکی ژووری پزیشکانی ئامەد.
- ساڵی 2018 لە بازنەی ئامەد بە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا هەڵبژێردرا.
- ئەندامی کۆمیسیۆنی کاروباری تەندروستی و کۆمەڵایەتیی پەرلەمانی تورکیا بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ