رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بارانبارین سبەی پێنجشەممەش بەردەوام دەبێت. کەشناسێک دەڵێت، 27ـی مانگ شەپۆلێکی نوێی بەفر و باران ناوچەکە دەگرێتەوە و بەفر لە سەنتەری شارەکانی پێنجوێن و مێرگەسۆر دەبارێت.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سەنتەری پارێزگاکان تاوەبارانی کەم دەبارێت و لە قەڵادزێ، دووکان، رانیە، کۆیە و باکووری رۆژهەڵاتی سەنتەری پارێزگای هەولێر بارانی زیاتر دەبارێت؛ لە ئێوارەدا بارانبارین کەم دەبێتەوە.
بەراورد بە دوێنێ، ئەمڕۆ "چەند پلەیەک" گەرما دادەبەزێت. لەبارەی کەشوهەوای سبەینێوە کەشناسی دەڵێت، لە ناوچە سنوورییەکان و بەشێک لە لووتکەی چیاکان بەفر دەبارێت. لەبارەی بارانبارینیشەوە رایگەیاندووە، "لە ناوچە جیاکانی پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و کەرکووک نمەبارانی کەم دەبارێت؛ لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بارانی زیاتر دەبارێت".
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سبەی ئەگەری باران لە شارەکانی هەولێر و دهۆک زۆر لاوازە و ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، لە سلێمانی، گەرمیان و ناوچەکانی دیکە هەندێک جار نمەباران دەبارێت و بەگشتی شەپۆلەکە لە ئێوارەدا کۆتایی دێت".
ئاراس جەبار گوتی، 27ـی مانگ شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بەفربارین لە زۆرینەی ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت، لەوانە سەنتەری قەزاکانی پێنجوێن و مێرگەسۆر".
بەرزترین پلەی گەرما سبەی پێنجشەممە بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
هەولێر؛ 14 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 14 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 13 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 16 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 15 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 13 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 18 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 2 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 10 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ