مەزڵووم عەبدی پێشوازی لە هەڵوێست و "پشتیوانیی" نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا دەکات

24-01-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پێشوازی لە هەڵوێست و گوتەکانی ئەم دواییەی نێردەی تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا دەکات کە داوای کردبوو دانوستاندنی نێوان هەسەدە و دەسەڵاتی نوێی سووریا دەرفەت و کاتی پێ بدرێت بۆ ئەوەی رێگەنەدرێت ململانێی گەورە سەرهەڵبدات.
 
مەزڵووم عەبدی ئەمڕۆ هەینی، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی: "پێشوازی لە گوتە و پشتیوانیی گیێر پیدەرسن، نێردەی تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین کە ئامانج لێیان هەبوونی قۆناخێکی راگوزەری سیاسی سەرکەوتووە".
 
رۆژی چوارشەممە، پیدەرسن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە دیمەشق گوتی: "دروستبوونی رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی سەرتاسەری کاریگەریی نەرێنی لەسەر سووریا دەبێت و پێویستە رێگری لێ بکرێت. چاومان لە سەرەتایەکی نوێیە بۆ سووریا و بەو هیوایەی کە ئەوە بە شێوەیەکی ئاشتیانە و بە پڕۆسەی دیپلۆماسی، باکووری رۆژهەڵاتیش لەخۆبگرێت."
 
مەزڵوم عەبدی لەو بارەیەوە نووسیویەتی: "دۆسیەی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و تێکەڵکردنی هێزەکانمان لەگەڵ پەیکەری دەوڵەتی سووریا پێویستی بە میکانزمێکی خوێندنەوەبۆکراوە کە رێگە بۆ دیدێکی نیشتمانیی گشتگیر خۆش بکات و ببێتە هۆی یەکگرتنەوەی سووریا، بە جۆرێک کە رەنگدانەوەی فرەڕەنگیی وڵاتەکە بێت و نوێنەرایەتیکردنی دادپەروەرانە و یەکسانی بۆ هەمووان دەستەبەر بکات."
 
رۆژی چوارشەممە، مورهەف ئەبو قەسەرە، وەزیری بەرگریی سووریا لە دیمەشق بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، حکومەتەکەی ئامادەیە لەگەڵ هەسەدە گفتوگۆ بکات بۆ ئەوەی هێزە زۆرینە کوردییەکە هەڵبوەشێنرێتەوە و ئەندامەکانی بخرێنە سەر وەزارەتی بەرگریی سووریا. 
 
رۆژی پێنجشەممە، ئەندامێکی باڵای باڵی سیاسیی هەسەدە بە رووداوی راگەیاند، بەم نزیکانە مەزڵوم عەبدی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی راگوزەری سووریا کۆدەبێتەوە، کە ئەوە دەبێتە دووەم دیداری نێوانیان لە دوای کۆبوونەوەکەی 31ی کانوونی یەکەم کە لە دیمەشق کرا. 
 
ئەفرام ئیسحاق، جێگری هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ی رووداو بە نالین حەسن پێشکێشکاری رووداوی گوت، هەردوو سەرکردەکە لە کۆبوونەوەکەیاندا کە "کاژێرێک و نیو"ی خایاند، لەسەر "پێکهێنانی دوو لیژنە رێککەوتن، کە یەکێکیان لیژنەیەکی سەربازی دەبێت بۆ تاوتوێکردنی دۆخی هەسەدە و وەزارەتی بەرگریی سووریا، یەکێکی دیکەشیان سیاسی دەبێت بۆ تاوتوێکردنی پرسە کارگێڕی و سیاسییەکانی دیکەی پەیوەندیدار بە ناوچەکە."
 
ئەفرام ئیسحاق ئاماژەی بەوەش کرد: "تاوەکو ئێستا هەردوو لیژنەکە کارا نەکراون،" روونیشیکردەوە کە هەردوولا رێککەوتوون لەسەر "بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکانی نێوانیان بۆ چالاککردنی لیژنەکان."
 
بە گوتەی جێگری هاوسەرۆکی مەسەدە، ئامانج لە کۆبوونەوەی داهاتووی مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، "تەواوکردنی ئەو کارانەیە کە لە کۆبوونەوەی یەکەمدا لەسەری رێککەوتبوون."
 
سەرەتای ئەم مانگە، واتە چەند رۆژێک دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، ئەحمەد شەرع رایگەیاند، هەسەدە دەخرێتە نێو سوپای نوێی سووریاوە. 
 
فەرماندە کوردەکە ئامادەیی خۆی بۆ یەکخستنی هێزەکانی لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییە نوێیەکانی سووریا دەربڕیوە، بەو مەرجەی هەردوولا لەسەر هاوکێشەیەک رێکبکەون.
 
رۆژی چوارشەممە، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی حکومەتی کاتیی سووریا بۆ یەکەمجار لە دوای وەرگرتنی پۆستەکەی، پۆستێکی بە زمانی کوردی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە کە تێیدا باسی لەوە کردووە، کورد لە سووریا "جوانی و درەوشانەوە" بە وڵاتەکە دەبەخشن و لەلایەن رژێمی پێشووەوە ستەمیان لێکراوە، بەڵام ئیدارەی نوێ کار بۆ پاراستنی فرەڕەنگیی وڵاتەکە دەکات.
 
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییە دەرەکییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، پێشوازی لە قسەکانی شەیبانی کرد و بە "جێگەی شانازی بۆ کورد" ناویبردن، بەڵام داوای سووریایەکی "نامەرکەزی"شی کرد.
 
رۆڵی تورکیا و ئەمریکا لە دانوستاندنەکان
 
پێدێرسن گوتی: "تورکیا و ئەمریکا رۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە پشتیوانیکردن" لە دانوستاندن لەنێوان هەسەدە و دیمەشق.
 
هەسەدە هاوپەیمانی سەرەکیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەتی لە شەڕی دژی سەرهەڵدانەوەی داعش لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان. 
 
هەفتەی رابردوو، ئەمریکا رایگەیاند پەیوەندییەکەی لەگەڵ هەسەدە "زۆر بەهێزە". واشنتن رایگەیاند، لە نیگەرانییەکانی ئەنقەرە لە ناوچەکە تێدەگات، بەڵام دەیانەوێت هەسەدە تەنیا سەرنجی لەسەر شەڕی دژی داعش بێت.
 
هەسەدە کەوتووەتە بەر هێرشی چڕی ئەو گرووپە چەکدارانەی لە لایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن. 
 
لە سەروبەندی رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، هەسەدە لە تەلرەفعەت، منبج و بەشێکی دێرەزوور کشایەوە. شەڕ و پێکدادانی قورس تاوەکو ئێستا لە چەندین شوێن بەردەوامن، بەتایبەتی لە نزیک بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.