لە ورمێ لافاو دروستبوو و ئاو چووە نێو 48 ماڵ

24-05-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی بارانی بەخوڕ و تەرزەوە لە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لافاو دروستبوو. بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری ورمێ دەڵێت، لە چەندین گەڕەکی شارەکە ئاو چووەتە نێو 48 ماڵ.
 
چەند رۆژێکە شەپۆلێکی باران و تەرزە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە، بە تایبەت لە شارەکانی ورمێ، شنۆ، پیرانشار و سەڵماس بارانێکی زۆر باریوە.
 
بەپێی رێکخراوی کەشناسیی پارێزگاکە، تەنیا لە شاری ورمێ لە کەمتر لە نیو کاژێردا 17 ملیمەتر باران باریوە، هاوکات لەگەڵ بارانە، تەرزەش باریوە.
 
لە شاری ورمێ، بارانی بەخوڕ بووە هۆی دروستبوونی لافاو و پەنگخواردنەوەی ئاو لە چەندین شەقام و گەڕەکی شارەکە، بە تایبەت لە گەرەکی ئیسلامئاباد و کوشتارگا کە دوو گەڕەکی کوردنشینن.
 
حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری ورمێ، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، بەهۆی لافاوەوە ئاو چووەتە نێو 48 یەکەی نیشتەجێبوونەوە، تیمەکانیان هاوکاریی ئەو خێزانەیان کردووە و بە شێوەیەکی کاتی لە دوو مزگەوتی شارەکە جێگیرکراون.
 
قایمقامی ورمێش دەڵێت، لە چەند گەڕەکێکی شارەکە ئاو چووەتە نێو ژمارەیەک ماڵی هاووڵاتیان و تیمەکانی بەرگریی شارستانیی، مانگی سوور، شارەوانی و تیمەکانی فریاکەوتن یارمەتیی خەڵکیان داوە.
 
غولامحوسێن عەماری گوتی، بەهۆی لافاوەوە، 20 ماڵ زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە. گوتیشی: "لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا، بڕیاردرا شارەوانی لە رووی تەکنیکییەوە لێکۆڵینەوەی پێویست لە ناوچە لافاولێدراوەکاندا بکات و ئەگەر پێویست بکات، رێوشوێنی چاکسازی و خۆپارێزی بۆ ئەگەری لافاو و پەنگخواردنەوەی ئاو لە داهاتوودا بگرێتەبەر."
 
قایمقامی ورمێ جەختی لەوەشکردەوە، تیمەکانیان خەریکی خەمڵاندنی زیانەکانی لافاوەکەن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 23ی ئایاری 2024، شەپۆلێکی تەرزە و بارانی بەخوڕ لە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد و لە ماوەیەکی کەمدا، بووە هۆی دروستبوونی لافاو و پەنگخوارنەوەی ئاو لە چەندین شەقام و گەڕەکی شارەکە.
 
پێشتر کەشناسیی پارێزگای ورمێ هۆشداری لە کەشوهەوای پارێزگاکە دابوو و رایگەیاندبوو، لە رۆژی سێشەممەوە تاوەکو کۆتایی هەفتە بارانبارین و رەشەبا زۆربەی شار و ناوچەکانی ئەو پارێزگایە دەگرێتەوە و پلەی گەرما پێنج پلە دادەبەزێت، بەو پێیەش ئاستی هۆشدارییەکانی بۆ ئاستی پرتەقاڵی بەرزکردەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق

دامەزرێنەری گووگڵ کراودسۆرس: نووسین بە فۆنتی کۆن زیانێکی گەورە بە پاشەڕۆژی زمانی کوردی دەگەیێنێت

لەکاتێکدا جیهان یادی رۆژی جیهانیی زمانی دایک دەکاتەوە، پسپۆڕانی تەکنەلۆژیا هۆشداری دەدەن لەوەی پاراستنی زمان تەنیا لە رێگەی ئاخاوتنەوە نییە، بەڵکو دەبێت زمانەکە لە جیهانی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرددا جێگیر بکرێت. بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق، لە کاتی بەشداریی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "پاشەڕۆژی زمانی کوردی بەندە بە بوونی داتای پێویست لەسەر ئینتەرنێت."