رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، لە کۆبوونەوەی ساڵانەیدا کە بە سەرۆکایەتیی فارووق مستەفا، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن بەڕێوەچوو، دابەشکردنی قازانجی نەختینەیی بە رێژەی 150% پەسند کرد.
ئەو بڕیارە سەرەکییانەی لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ دەستەی گشتیدا دران بریتی بوون لە، پەسەندکردنی راپۆرتی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن، راپۆرتی وردبینی دارایی و تۆمارە داراییەکانی کۆمپانیا بۆ ساڵی دارایی 2024، هەروەها راسپاردنی وردبینێکی دەرەکی دارایی بۆ پێداچوونەوە و وردبینیکردنی ژمێرەکانی کۆمپانیا بۆ ساڵی 2025. لەگەڵ دەستەی گشتیی دابەشکردنی قازانجی نەختینەیی بە رێژەی 150% ـی لە سەرمایەکە پەسند کرد، بە بڕی 1.5 دینار بۆ هەر پشکێك کە دەدرێت بە سەرجەم خاوەن پشکەکانی کۆمپانیا کە لە لیستی خاوەن پشکەکاندا تۆمارکراون، ئەمەش لە رۆژی بەستنی کۆبوونەوەی دەستەی گشتیدا، بە پێی مادەی 4ـی بڕیاری ژمارە 25 ـی ساڵی 2024، کە لەلایەن دەستەی کاخەزە داراییەکانی عێراقەوە دەرچووە.
ئەم دابەشکردنەی ئەم ساڵ بێوێنەیە بەراورد بە ساڵانی پێشوو، ئەمەش رەنگدانەوەی ئەدای دارایی کۆمپانیایە لە ساڵی 2024 ـدا، سەرباری باڵانسی نەختینەیی بەردەست و سەرمایەی زیادەی کەڵەکەبووی کۆمپانیا، کە بووەتە هۆی ئەوەی دابەشکردنی قازانجی ئەم ساڵ بێوێنە بێت.
فارووق مستەفا رەسوڵ رایگەیاند، "ئاسیاسێڵ بەردەوامە لە چەسپاندنی شوێندەستی روونی خۆی لە کەرتی پەیوەندییەکانی عێراقدا، پابەندبوونی بەهێزی خۆی نیشانداوە بۆ رابەرایەتیکردنی وەرچەرخانی دیجیتاڵی و داهێنانی چارەسەری پێشکەوتوو لە بواری پەیوەندییەکاندا".
دەستەی گشتیی کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، "ئاسیاسێڵ هەوڵدەدات بەردەوام بێت لە سەرکەوتنەکانی، لە هەمان کاتدا پارێزگاری بکات لە پابەندبوونی بە گەشەپێدان و داهێنان و باڵادەستی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی، سەرباری رۆڵی کاریگەری لە برەودان بە ئابووری عێراق و بەردەوامی لە پابەندبوون بە ڕێساکانی حوکمڕانی باش و بەرپرسیارێتییەکەی بەرامبەر بە ژینگە و کۆمەڵگای عێراقی."
ئاسیاسێڵ، دابینکەری سەرەکی خزمەتگوزاری پەیوەندییەکانی مۆبایل و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانە لە عێراق و ژمارهى بهشدرابووانی نزیکەی 20 مليۆنە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ