رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای دیلۆک لە باکووری کوردستان، شەش کەس گیانیان لەدەستدا.
رووداوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 24ی حوزەیرانی 2023، لە چواڕیانی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە شارۆچکەی شەهید کامیل لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان لە نێوان ئۆتۆمبێلێک و بارهەڵگرێکدا روویدا.
لە ئەنجامی رووداوەکە، پێنج کەس بەناوەکانی تەها کاچار، مەسعود تاشدەمیر، جاهید تاشدەمیر، خەدیجە تاشدەمیر و کاردەلەن تاشدەمیر کە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە بوون، لەگەڵ قادر سات کە شۆفێری بارهەڵگرەکە بوو، گیانیان لەدەستدا؛ هەروەها ئێبرو سات، کچی شۆفێری بارهەڵگرەکە بەسەختی برینداربووە و دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی شارۆچکەی شەهید کامیل رایگەیاند، ئۆتۆمبێلەکە بەخێراییەکی زۆر لە رێڕەوی خۆیدا رۆیشتووە و بەهۆی سووڕانەوەی هەڵەی بارهەڵگرەکەوە پێکدادانەکە روویداوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و بەو هۆیەوە دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش برینداربوون.
ساڵی 2021یش لە باکووری کوردستان و تورکیا یەک ملیۆن و 186 هەزار و 353 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و بەو هۆیەوە 5 هەزار و 362 کەس گیانیان لەدەستدا و 274 هەزار و 615 کەس برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ