رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دەڵێت: هەر خوێندکار و دەرچوویەک ببێتە کارمەندی سەر سندووق، 250 هەزار و فەرمانبەرانیش 150 هەزار دیناریان پێدەدرێ و شەش مانگیش سەرمووچەکانیان پێش دەخرێت.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی دووشەممە 24-06-2024 میوانی بووڵتەنی کاژێر 12ـی رووداو بوو و رایگەیاند، "لەگەڵ ئەوەی کۆمیسیۆن بە نووسراوی فەرمی پێشنیازیکردووە رۆژی 5ی ئەیلوولی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێ، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان مەرسوومی هەرێمی بۆ دیاریکردنی وادەکە دەرنەکردووە".
عیماد جەمیل گوتی: "سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دیاریدەکات، کۆمیسیۆن دەتوانێ لەو وادەیە یاخود وادەیەکی دیکە کە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دیاریی دەکات هەڵبژاردن بەڕێوەببات".
ئەوە لەکاتێکدا هەر ئەمڕۆ جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت: "بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە 5ـی ئەیلوول ئەستەمە و ناتوانین لەو وادەیەدا هەڵبژاردن بەڕێوەببەین. ئەو وادەیە مانگێک لەمەوبەر دیاریکرا. کۆمیسیۆن لەسەر بنەمای دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن کارەکانی دیاری دەکات. هەر رۆژێک دواکەوتن کاریگەری دەکاتە سەر کارەکانی کۆمیسیۆن و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان."
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن دەڵێت، "جگە لە وادەی هەڵبژاردن، هیچ ئاستەنگییەک لەبەردەم کارەکانی کۆمیسیۆن نییە".
بەگوێرەی یاسای ژمارە 36ی ساڵی 2015 کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق و یاسای پارتەکانی هەرێمی کوردستان ژمارە 17ی ساڵی 1993، زیاتر لە 40 پارت لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و مافی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنیان هەیە، بەڵام بەگوتەی عیماد جەمیل، "تاوەکو ئێستا 11 پارت بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە خواست و ئامادەییان دەربڕیوە بەشداریی لە هەڵبژاردن بکەن".
ئەمڕۆ کۆمیسیۆن وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانی و پارت و بەربژێری تاک و سەربەخۆکانی تاوەکو رۆژی پێنجشەممە 27ی ئەم مانگە درێژکردەوە. ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن دەڵێت، "دوای تەواوبوونی وادەی تۆمارکردن، دەرگای پێشکێشکردنی لیستی بەربژێرەکان دەکرێتەوە".
کۆمیسیۆن پێویستی بە 35 بۆ 40 هەزار کارمەندە بۆ سەر سندوقەکان دەنگدان و بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن، بۆ ئەمە سوود لە خوێندکارانی زانکۆ، دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان و فەرمانبەران وەردەگرێت.
لەبارەی شایستەی سەر سندووقی دەنگدان، عیماد جەمیل گوتی، "بۆ خوێندکاران و دەرچووان 250 هەزار دینارە. فەرمانبەرانی دەوڵەتیش نووسراوی سوپاس و پێزانی سەرۆکایەتی وەزیرانیان پێدەدرێ کە 6 مانگ پێدانی سەرمووچەکانیان پێش دەخرێ، لەگەڵ 150 هەزار دینار".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ