رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان دەڵێت: حکومەتی عێراق وەکو بازرگانی بیانی مامەڵە لەگەڵ بازرگان و خاوەنکارانی کورد دەکات و بڕیارەکانی لەبارەی رێنمایی گومرگی و پاکتاوکردنی باجەکان ئاستەنگ بۆ جووڵەی بازرگانی و هێنان و بردنی کاڵا لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق دروست دەکات.
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: بڕیارەکانی عێراق گرفت بۆ هاوردەکاران دروست دەکات، ئەو بڕیارەی کە دەبێت کۆمپانیاکان پاکتاوی باجەکانیان لە حکومەتی فیدراڵی بکەن و دواتر باج و مۆڵەتیان بۆ نوێ بکرێتەوە، گوشارێکی زۆر لەسەر بازرگانان دروست دەکات، چونکە بازرگانان، هاوردەکار و ناردنکاران باج بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدەن و ناکرێت بە حکومەتی عێراقیشی بدەن.
ئەو گوتانەی سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان دوای ئەوە هات دەستەی گومرگی عێراق، یەکی تشرینی یەکەمى ئەم ساڵی وەکو دوا وادە داناوە بۆ ئەوەی خاوەنکار و کۆمپانیاکان ناسنامەی باج دەربکەن، کە دەیسەلمێنێت پاکتاوی ئەو باجانەیان کردووە، کە لە ئەستۆیاندایە.
خاوەنى یەکێک لە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەر کۆمپانیایەک تاوەکو ئەو کاتە باجەکانی نەدات، رێگەی پێنادرێت کاڵا بباتە نێوەڕاست و باشووری عێراق.
دوو باج و دوو مۆڵەت
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان باسی دۆخی بازرگان و خاوەنکارانی هەرێمی کوردستانی کرد بەهۆی رێنمایی و بڕیارەکانی حکومەتی فیدراڵی و گوتی: ئێستا بازرگانان دەبێت دوو باج بدەن، باجێک بە حکومەتی عێراق و باجێک بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەگەر کەسێک بیەوێت کارگەیەک دابمەزرێنێت پێویستە دوو مۆڵەت وەربگرێت، مۆڵەتێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و مۆڵەتێکیش لە حکومەتی عێراق، چونکە نە حکومەتی هەرێمی کوردستان و نە حکومەتی عێراق دان بە مۆڵەتەکانی یەکتردا نانێن.
"کاتێک بازرگان ناچار بکرێت دوو باج و دوو رسووماتی جیاواز بدات، ناچار دەبێت ئەو تێچووە زیادەیە بخاتەوە سەر نرخی کاڵاکانی، بەوەش سەرئەنجام نرخی کاڵا و پێداویستییەکان لە بازاڕەکاندا بەرز دەبنەوە و هاونیشتمانییان دەبێت باجەکەی بدەن و کاڵاکانیان بە نرخێکی زیاتر بەدەست بگات".
وادەیەکی 4 رۆژی
بڕیاری دەستەی گومرگی عێراق بۆ پاکتاوکردنی باجەکان لەلایەن بازرگان و کۆمپانیاکانەوە دوای بڕیارێکی پێشتری دەستەکە دێت کە بڕیاریدابوو هەر کاڵایەک هاوردەی هەرێمی کوردستان بکرێت پێویستە لەماوەی 72 کاژێردا بگوازرێتەوە بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و دوای ئەو وادەیە رێگە بە گواستنەوەی نادرێت.
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان ئەو بڕیارەش بە یەکێکی دیکە لە ئاستەنگەکانی بەردەم جووڵەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان دادەنێت و دەڵێت: ئێستا بە هەندێک لێکتێگەیشتن وادەکە لە 72 کاژێرەوە زیادکراوە بۆ تەنیا 4 رۆژ، بەڵام ئەمە چارەسەری گرفتەکە ناکات و بەغدا بە مەبەست مەرج و رێکار دژی بازرگان و خاوەنکارانی هەرێمی کوردستان قورس دەکات و لەو رێگەیەوە گوشار لەسەر سێکتەری بازرگانی لە هەرێمی کوردستان دروست دەکات.
گوتیشی: لەدوای ساڵی 2003 و پرۆسەی ئازادی عێراقەوە، شەپۆلێکی گەشەکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و بازرگانانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق رێرەوی بازرگانیی ئیبراهیم خەلیل و باشماخیان بەکاردەهێنا بۆ هاوردەکردنی کاڵاکانیان و گەنجینەیان لە هەرێمی کوردستان دروست کردبوو و لە هەرێمی کوردستانەوە کاڵاکانیان دەگواستەوە بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، "بەڵام لەم ساڵانەی دوایی بەغدا بە پلان و بەرنامە رێڕەوی بازرگانیی لە ئیبراهیم خەلیل و باشماخەوە گواستەوە بۆ بەسرە و بە کۆمەڵێک بڕیار و رێنمایی وای کرد بازرگانان و هاوردەکاران لە باشماخ و ئیبراهیم خەلیلەوە ئاراستەی کارەکانیان بگۆڕن بۆ دەروازە و خاڵە سنوورییەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق، ئەمەش لە کۆتاییدا بە زیانی ئابووری و جووڵەی بازرگانی هەرێمی کوردستان تەواو بووە."
"ئەو ئاراستەیەی بەغدا گرتوویەتی ئەگەر لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە سنوورێکی بۆ دانەنرێت و گوشار نەکرێت، ئەوا بازرگانان و خاوەنکارانی هەرێمی کوردستان بە ناچاریی رێڕەوی بازرگانییان دەگوازنەوە بۆ دەروازەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق و بە تەواوی هەرێمی کوردستان لەرووی بازرگانی و داهاتی نێوخۆوە زیانمەند دەبێت."
رۆژی 22ی ئایاری ئەمساڵ، هەردوو دەستەى دەستپاکى و دەروازە سنوورییەکانى عێراق رێککەوتنێکى 10 خاڵییان واژۆ کرد.
یەکێک لە خاڵەکانى رێککەوتنەکە ئەوەیە، لە بازگەى سەر رێگە گشتییەکان، چاودێریى سەر ئەو کاڵایانە تووند بکرێت کە لە دەروازە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستانەوە هاوردە دەکرێن، بۆئەوەى وەکو لە راگەیێندراوى دەستەى دەروازە سنوورییەکاندا هاتووە، "گەرەنتیى یەکخستنى رسوومات و پشکنینى پێشوەخت بکرێت، بۆ پاراستنى بەکاربەر و رێگرتن لە تێپەڕینى ئەو کاڵایانەى رسووماتى نەدراوە یان لە دەروازەى نافەرمییەوە هێنراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ