رووداو دیجیتاڵ
چەند هاونیشتمانییەکی قەزای چۆمان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر دەڵێن، بەرەبەیانی رۆژی هەینی لە کۆمیتەی چۆمانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەنگی تەقینەوە بیستراوە. بەرپرسی کۆمیتەکە بە رووداوی گوت: "شتێک روویداوە و نامانەوێ قسەی لەسەر بکەین".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 24-8-2025، چەند هاونیشتمانییەک کە ماڵیان نزیک کۆمیتەی چۆمانی یەکێتییە بە رووداویان راگەیاند، بەرەبەیانی رۆژی هەینی گوێیان لە دەنگی هاوشێوەی دەنگی تەقینەوەی درۆن بووە.
هاونیشتمانییەکان بە رووداویان گوت، ساچمە و پاشماوەی تەقینەوە لە نزیک کۆمیتەکە دۆزراونەتەوە و ئۆتۆمبێلێکیش لەبەردەم مەکۆی گۆڕان کە نزیکی کۆمیتەکەیە ساچمەی بەرکەوتووە.
لەبارەی هەمان بابەت، وریا وەسانی، بەرپرسی کۆمیتەی چۆمانی یەکێتی بە رووداوی راگەیاند: "شتێک روویداوە کە نامانەوێ قسەی لەسەر بکەین. هەرکات گەیشتینە ئەنجامی کۆتایی، روونکردنەوەی پێویست دەدەین".
لای خۆیەوە فاخر سەعید، بەرێوەبەری پۆلیسی چۆمان بە رووداوی گوت: "شتیکی لەو جۆرەمان بیستووە کە دەنگی تەقینەوەیەک هاتووە. لێکۆڵینەوەمان دەستپێکرد و لە بارەگای کۆمیتەکە هیچ شوێنەوارێکی تەقینەوەمان نەبینی. تاوەکو ئێستاش هیچ کەس و لایەنێک لە هیچ بنکەیەکی پۆلیس لەم سنوورە سکاڵای تۆمارنەکردووە".
قسەی ئەو هاونیشتمانی و بەرپرسانە لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی رۆژی هەینی شەڕ لە نزیک لالەزاری سلێمانی هەڵگیرسا کە نزیکەی 3 کاژێر بەردەوام بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ