ئاگری دارستانەکانی مەریوان پێنج رۆژە کۆنترۆڵ نەکراوە

24-08-2025
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە دەڵێت، هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریوان بەردەوامن.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ـی ئابی 2025، بەهزاد شەریفیپوور، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە رایگەیاند: "پێنج رۆژە ئاگر لە دارستانی مەریوان کەوتووەتەوە. تاوەکو ئێستا بەشێکی ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە، هەڵکردنی با کاری تیم و ژینگەپارێزانی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە سەختتر کردووە.
 
بەهزاد شەریفیپوور گوتی: "بە هەوڵی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە سرووشتییەکان، ژینگەپارێزان و خەڵکی ناوچەکە، ئاگری دارستانەکانی هەردوو گوندی بناوەچڵە و دەرەوەران کۆنترۆڵکرا، بەڵام لە دارستانەکانی نێوان گوندەکانی هانەشێخان و هەنجیران هێشتا ئاگرەکە بەردەوامە و بەهۆی ئەوەی ناوچەکە سەختە، کۆنترۆڵکردنی ئەستەمە."
 
بەهزاد شەریفپوور داوا دەکات، تەنیا ژینگەپارێزانی بەئەزموون و کەسانی شارەزای ناوچەکە بەشداری لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا بکەن بۆ ئەوەی کارەساتی مرۆیی لێنەکەوێتەوە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە رایگەیاند، 50 کەسی سەر بە تیمەکانی سەرچاوە سرووشتییەکان و 60 کەس لە ژینگەپارێزان لە کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریوان بەشدارن.
 
باسی لەوەش کرد، بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریوان داوای هێلیکۆپتەریان کردبوو کە رۆژی شەممە لە تارانەوە هاتووە و 32 جار هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەی داوە.
 
سەبارەت بە زیانەکانیش، بەهزاد شەریفپوور دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ هەڵسەنگاندنێکی فەرمی بۆ زیانەکان نەکراوە و دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە خەمڵاندن بۆ زیانەکان دەکەن و بۆ رای گشتی رادەگەیێنێن.
 
17ـی ئابی 2025 ئاگر لە دارستانەکانی گوندی هانەشێخانی سەر بە شاری مەریوان کەوتەوە و رۆژی 20ـی مانگ لە لایەن تیمەکانی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان، ژینگەپارێزانی خۆبەخش، خەڵکی ناوچەکە و تیمەکانی فەرمانگەی پاراستنی ژینگە شارەکەوە کۆنترۆڵ کرا، بەڵام ئێوارەی هەمان رۆژ ئاگر لە دارستانەکانی ناوچەکە سەریهەڵدایەوە.
 
دواتر ئاگرەکە بەرەو گوندەکانی گاگل، بناوچڵە، هەنجیران و دەرەوەران تەشەنەی سەند.
 
21ـی ئابی 2025، عیرفان حوسێنی، ژینگەپارێز و ئەندامی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دوێنێ ئێوارەوە ئاگر لە دارستانەکانی گوندی هانەشیخان سەریهەڵداوەتەوە و بەرەو گوندەکانی گاگل، بناوچڵە، هەنجیران و دەرەوەران تەشەنەی سەندووە."
 
لە دوو ملیۆن و 900 هەزار هێکتار رووبەری پارێزگای سنە، 340 هەزار هێکتاری دارستان و یەک ملیۆن و 740 هەزار هێکتار پووش و پاوان و لەوەڕگەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی رێوڕەسمەکە.

بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک بارزانی پەردە لەسەر ناوی دوو شەقامی هەولێر لادرا

پارێزگاری هەولێر دەڵێت، لە چوارچێوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دا، بە ئامادەبوونی سیداد بارزانی، نوێنەری سەرۆک مەسعود بارزانی، پەردە لەسەر تابلۆی ناوی دوو شەقامی سەرەکیی هەولێر لادرا کە "بە ناوی سەرکردە و تێکۆشەرانی مەزنی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان (مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا، مامۆستا محەممەد مەلا قادر) کراون".