سەرۆکی زانکۆی نەورۆز: پەیوەندیمان لەگەڵ دەرچووانمان دەمێنێت تاوەکو دادەمەزرێن

24-10-2021
سیروان عەباس
ژمارەیەک قوتابیی زانکۆی نەورۆز. وێنە: رووداو
ژمارەیەک قوتابیی زانکۆی نەورۆز. وێنە: رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

زانکۆی نەورۆز ئاهەنگی دەرچوونی خولەکانی 14 و 15ـی خوێندکارانی زانکۆکە رێکدەخات، سەرۆکی زانکۆی نەورۆزیش رایدەگەیێنێت، پەیوەندیمان لەگەڵ دەرچووانی زانکۆکەمان بەردەوامدەبێت تاوەکو ئەوکاتە دادەمەزرێن.
 
د. عەبدولوەهاب خالید، سەرۆکی زانکۆی نەورۆز لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنێکی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، باسی زانکۆی نەورۆزی کرد کە بڕیارە ئەمڕۆ ئاهەنگی دەرچوون بۆ خوێندکارەکانی لە ساڵی 2020-2021 سازبکات. 
 
زانکۆی نەورۆز لە 20-7-2004 دامەزراوە. 14 بەش و 5 کۆلێژی هەیە کە لە یاسا، زانستیی رامیاری، کارگێڕی و ئابووری، زمان، ئەندازیاریی و زانسی پێکدێن.
 
سەرۆکی زانکۆی نەورۆز ئاشکرای کرد، بیر لەوە دەکەنەوە کە خوێندکارەکانیان لەدوای دەرچوون تەنیا چاویان لە حکومەت نەبێت و بتوانن لە کەرتی تایبەت کار بدۆزنەوە "بە خۆشحاڵییەوە کاریشیان دۆزیوەتەوە و بەهۆی لێهاتووییان کاریشیان دەستکەوتووە." لەبارەی دەستنیشانکردنی بەشەکانی زانکۆکەش گوتی: دەستنیشانکردنی بەشەکان بەبێ پلان نەبووە و بە گوێرەی پێویستی و گرنگی بۆ دواڕۆژی خوێندکار بووە.
 
گەورەترین گرفتی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان دامەزراندنە، د. عەبدولوەهاب خالید، سەرۆکی زانکۆی نەورۆز لەوبارەوە دەڵێت، "زانکۆ بەردەوام هەوڵ بۆ دامەزراندنیان دەدات و پەیوەندی لەگەڵ دەرچووان نابڕێت، دەرچووی ئەندازیاری تەلارسازی و گەیاندن، زۆربەیان دادەمەزرێن و دەرچووانی کۆلێژی یاسا زۆربەیان کاری پارێزەری دەکەن، دەرچووانی کارگێڕی و ئابووری، دەرفەتیان لە کۆمپانیاکان دەستدەکەوێت، دەرچووانی کۆلێژی زمانیش لە کۆمپانیا و کۆنسوڵخانەکان دەرفەتی کاریان بۆ رەخساوە، بەپێی ئامارەکانی ئێمە، تاوەکو ئێستا 15-17٪ـی دەرچووانی پێشوو کاریان دەستکەوتووە، هەروەها لەگەڵ ژووری بازرگانی و رێکخراوە ناحکومییەکانیش هاوئاهەنگیمان هەیە بۆ ئەوەی پێویستیان بە کار هەبێت دەرفەت بۆ دەرچووان بڕەخسێنین."
 
هاوکات رەیان حازم، دەرچووی ساڵی 2020-2021ـی کۆلێژی یاسا و رامیاری لە زانکۆی نەورۆز بەشداری لە بووڵتەنەکەی رووداودا کرد و گوتی، "تاوەکو ئێستا کارم دەستنەکەوتووە، بەڵام دەمەوێ کاری پارێزەری بکەم و ئێستا کار بۆ ئەوە دەکەم."
 
لەبارەی دکتۆر، مامۆستا و پرۆگرامەکانی خوێندنیانەوە، رەیان حازم رایگەیاند، "سیستمی خوێندنمان پێنج ساڵە، ساڵانێکی باشمان تێپەڕاند، دکتۆر و مامۆستایان زۆر هاوکارمان بوون، سەرەڕای کێشەکانی کۆرۆنا، ساڵانێکی باشمان بەڕێکرد و زۆربەی مامۆستاکانمان بڕوانامەی وڵاتانی پێشکەوتوویان هەیە."
 
دەرچووە یەکەمەکان بە گوتەی سەرۆکی زانکۆکە، لەلای ئەوان هەلی خوێندنیان پێدەدرێت "بۆ ئەوەی بڕوانامەی بەرزتر بەدەستبهێنن، بۆ ئەوانی دیکەش پاڵپشتییان دەکەین بۆ دامەزراندن و دۆزینەوەی هەلی کار."
 
زانکۆی نەورۆز داواکارییەکی پێشکێشی وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە بۆ ئەوەی بەشی دیکە بکاتەوە. لەوبارەیەوە دکتۆر عەبدولوەهاب خالید ئاماژەی بەوە کرد، "داوامان بۆ کردنەوەی چەند بەشێکی نوێ داوەتە وەزارەتی خوێندنی باڵا، بە دیاریکراوی پزیشکی ددان، بایۆلۆجی و کیمیا، تاوەکو ئێستا وەزارەت رەزامەندی لەسەر نەداوە، بەڵام دەبێ ئەو داوایەمان لەبەرچاو بگرن، چونکە ناوچەکەمان پێویستی بە پزیشکە، بەتایبەت پزیشکی ددان، ئێمە پێمانوایە کردنەوەی ئەو بەشانە پێویستییەکە بۆ خەڵکی ناوچەکە، ئەگەر ئەو دەرفەتەمان پێبدەن، خوێندکارانمان پەنا نابەنە بەر وڵاتانی دەرەوە و خەرجییەکی زۆربکەن و رەنگە وەکو پێویستیش فێری زانستەکە نەکرێن."
 
ساڵی رابردوو بەهۆی کۆرۆناوە زانکۆی نەورۆز نەیتوانی ئاهەنگی دەرچوون بەڕێوەببات، بۆیە ئەمڕۆ 24ـی ئۆکتۆبەر، زانکۆکە ئاهەنگی خولەکانی 14 و 15ی خوێندکارانی زانکۆکەی رێکدەخات.
 
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10 هەزار خوێندکار بڕوانامەیان لە زانکۆی نەورۆز وەرگرتووە. ئێستا 3565 خوێندکاری هەیە و ژمارەی دەرچووانی ساڵی 2019-2020یش 830 و 828 خوێندکاربوون.
 
شەنگ چیا خوێندکاری دەرچووی زانکۆی نەورۆز بە رووداوی گوت، "سوپاس بۆ خوا دوای چوارساڵ خوێندن ئێمە گەیشتینە ئەو رۆژە. ئێمە زۆر شت لە زانکۆ فێربووین بۆ ئەوەی پێشکەشی کۆمەڵگەی خۆمانی بکەین."
 
رێناس رەجەب، سەرۆکی بەشی زانستی کۆمپیوتەری زانکۆی نەورۆز بە رووداوی راگەیاند، "لەدوای ئەو قۆناخە دەرچووانی بەشەکەی ئێمە بە تایبەتی و دەرچووانی زانکۆی نەورۆز بە گشتیی دەبنە خاوەن کاری خۆیان و دەتوانن داهێنانی زۆر پێشکەوتوو بکەن."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی گەورانی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

دەستەی مافی مرۆڤ: 500 زیندانی چاکسازییەکان سزای لەسێدارەدانیان هەیە

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسا و پاراستنی مافی مرۆڤ رایگەیاند، 500 زیندانی لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەن کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە. ''زۆریی سزادراوان، سیستمی چاکسازیی نێو چاکسازییەکانی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.''