رووداو دیجیتاڵ
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند، "تاوتوێی پێوەر و بنەما سەرەکییەکانی پۆستی سەرۆکوەزیران و میکانیزمی هەڵبژاردنی لەنێو چوارچێوەکەدا کرا، بەجۆرێک کە پشت بە پێوەری نیشتمانیی روون ببەسترێت و رەچاوی لێهاتوویی، دەستپاکی و توانای بەڕێوەبردنی دەوڵەت و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی قۆناخی داهاتوو بکرێت."
کۆبوونەوەکە شەوی دووشەممە، 24-11-2025 لە نووسینگەی هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، بەڕێوەچووە، کە بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "بەشداربووان گوێیان لە راپۆرتی ئەو دوو لیژنەیە بوو، کە چوارچێوەکە لە کۆبوونەوەی پێشوودا پێکیهێنابوون، رێککەوتنیش کرا لەسەر بەردەوامبوونی کارەکانیان و تەواوکردنی ئەرکەکانیان لە هەڵسەنگاندنی بەربژێرەکان و تاوتوێکردنی شایستە نیشتمانییەکان."
رۆژی یەکشەممە، بە دەستپێخەرییەکى خەمیس خەنجەر، سەرۆکى هاوپەیمانیى سەروەرى، لیستە براوەکانى سوننە ئەجوومەنێکیان بەناوی (ئەنجوومەنى سیاسیی نیشتمانى) پێکهێنا.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی پیرۆزبایی پێکهێنانی ئەو ئەنجوومەنەی لە لایەنە سوننەکان کرد و هەنگاوەکەی بە "ئاماژەیەکی ئەرێنی بۆ بەهێزکردنی کاری سیاسیی رێکخراو و یەکخستنی تێڕوانینە نیشتمانییەکان" لە قەڵەمدا.
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە 17ی تشرینی دووەم دوو لیژنەی پێکهێنا. یەکێکیان بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی داهاتوو و ئەوی دیکەیان بۆ دانوستاندنکردن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، "چوارچێوەی هاوئاهەنگی جەختی لە پابەندبوونی تەواو بە شایستە دەستوورییەکان و ماوە دیاریکراوەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو کردەوە، بەجۆرێک کە سەقامگیریی سیاسی بپارێزێت و رێز لە ئیرادەی دەنگدەران بگیرێت."
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11-11-2025 بەڕێوەچوو، هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی لە هەڵبژاردنی 11ی تشرینی دووەم بەدەستهێناوە و گەورەترین فراکسیۆنی بۆ پێکهێنانی حکومەت راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ