پێشبینی کەشوهەوای سەری ساڵ؛ 'باران نابارێت و شەوێکی سارد دەبێت'

24-12-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا زۆرترین باران لە مێرگەسۆر باریوە کە 140.5 ملیمەترە. راشیگەیاندووە، سبەی پلەی گەرما نزیکەی چوار پلە بەرز دەبێتەوە. لەبارەی کەشوهەوای سەری ساڵیشەوە کەشناسێک دەڵێت، "باران نابارێت، بەڵام شەوێکی سارد دەبێت".
 
لەبارەی کەشوهەوای ئەمڕۆ یەکشەممەوە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە تەواوی ناوچەکەمان باران دەبارێت. لە شەودا لە بەشێکی سەنتەری شاری هەولێر و بەشی باشووری پارێزگای هەولێر و ناوچە شاخاوییەکانی بەراورد بە ناوچەکانی دیکەبارانی زیاتر دەبارێت". 
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەی دووشەممەوە کەشناسی دەڵێت، لە بەرەبەیاندا "کەمێک" باران دەبارێت و لە بەشێکی ناوچەکان تەم دروست دەبێت. راشیگەیاندووە، بەراورد بە ئەمڕۆ سبەی پلەی گەرما نزیکەی 4 پلە بەرز دەبێتەوە.
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسیی ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمشەو بارانی باش لە ناوچە جیاکان دەبارێت و بەشێکی زۆری کانیاوەکان دەبووژێنەوە.
 
ئەو کەشناسە گوتیشی، كاریگه‌ری شه‌پۆلی بارانبارین به‌گشتی تا نیوه‌رۆی سبه‌ی دوشه‌مه‌ به‌رده‌وامه‌ و پاشان كۆتایی دێت.
 
لە سبەی دووشەممەوە پشووەکانی سەری ساڵی نوێ لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات، لەبارەی کەشوهەوای شەوی سەری ساڵەوە محەممەد کەمال گوتی، "كه‌ش ئاسایی ده‌بێت؛ ئاسمان ساماڵ ده‌بێت و‌ خێرایی با ئاسایی دەبێت، به‌ڵام له ‌شه‌ودا پله‌ی گه‌رما زۆر نزم ده‌بێتەوە و شه‌وێکی سارد دەبێت".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی بەرزترین پلەی گەرما بەمشێوەیە دەبێت:
 
هەولێر؛ 13 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 12 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 11 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 14 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 13 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 11 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 19 پلەی سیلیزی
حاج ئۆمەران؛ 1 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 10 پلەی سیلیزی
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێكی دیکەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، لە 24 کاژێری رابردوودا و لە کاژێر 09:00ـی بەیانیی دوێنێ بۆ 09:00ـی بەیانی ئەمڕۆ، لە شاری هەولێر 5.6 ملیمەتر بارانباریوە؛ لە سلێمانی 15.7 ملیمەتر باران باریوە؛ لە دهۆک 37.6 ملیمەتر باران باریوە، لە هەڵەبجە 54 ملیمەتر و لە کەرکووکیش 5.2 ملیمەتر باران باریوە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، لە 24 کاژێری رابردوودا زۆرترین باران لە پارێزگای هەولێر لە قەزای مێرگەسۆر باریوە، کە 140.5 ملیمەترە، لە پارێزگای سلێمانیش زۆرترین باران لە یاخسەمەر باریوە کە 127.6 ملیمەترە، لە ناحیەی دینارتە 122.7 ملیمەتر باران باریوە و زۆرترین بڕی پارێزگای دهۆک بووە، لە پارێزگای هەڵەبجەش زۆرترین باران لە سەنتەری شارەکە باریوە کە 54 ملیمەترە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی گشتیی کەلار

کارەبای گەرمیان: پێدانی کارەبا بۆ 15 کاژێر کەمبووەتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان رایگەیاند، بەهۆی هاتنی شەپۆلی سەرما و زیادبوونی خواست، پێدانی کارەبای نیشتمانی بۆ 15 کاژێر کەمبووەتەوە. دەشڵێت، بەهۆی "نەبوونی نەختینە"ـەوە کارکردن لە ژمارەیەک پڕۆژەی سنوورەکە وەستاوە.