رووداو دیجیتاڵ
سیاسەتڤانێکی دیاری عێراق دەڵێت، زیاتر لە 20 ساڵە پێشڕەو دزەیی دەناسێت نە پەیوەندی بە سیاسەت و نە بە ئیسرائیل و مۆسادەوە هەبوو، هۆکاری بەئامانجگرتنی هەولێریش لەلایەن ئێرانەوە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە هەولێر بووەتە "چیرۆکی سەرکەوتن" لە ناوچەکەدا و دەیانەوێت لە سەرکەوتنەکانی رایبگرن.
مەشعان جبووری، سیاسەتڤانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە شەوی پێنجشەممە، (25-01-2024)، نوێنەر فاتیح پێشکێشی کرد، رایگەیاند، "بەهای پڕۆژەکەی پێشڕەو دزەیی لە هەولێر نزیکەی ملیار و نیوێک دۆلارە، پیاوێکە زۆربەی کاتەکانی لە دوبەی و مۆناکۆ و ئەو شوێنانە دەژیا، چی وای لێدەکات کە خزمەتی ئیسرائیل یان مۆساد بکات، پێشڕەو دزەیی هیچ پەیوەندییەکی بە نەوتەوە نییە، ئیدی بۆچی ئێران بەردەوام بازرگانەکان دەکاتە ئامانج؟"
هەروەها گوتیشی، "هەولێر چیرۆکێکی سەرکەوتنی ئابوورییە لە نێوەڕاستی جیهانێکی پڕ لە شکست لە ناوچەیەکی جوگرافی پڕکێشە و قەیران، سەرەڕای هەموو ئەو رەوشە خراپەی لە چواردەوری هەولێر و کوردستانی عێراق هەیە، بەڵام چیرۆکێکی سەرکەوتنیان دروستکرد کە بێوێنەیە لە ناوچەکەدا، بۆیە بەداخەوە رێگە نادەن ئەو چیرۆکی سەرکەوتنە بەردەوام بێت، بەڵام پێموایە ئەوانەی هەولێریان خۆشدەوێت تێیدا دەمێننەوە و چیرۆکی دیکەی سەرکەوتن دروستدەکەن."
لە هەڤپەیڤینەکەدا جبووری باسی لە "لاوازیی" هەڵوێستی سەرۆککۆمار و لایەنە شیعەکانی عێراق بەرامبەر مووشەکبارانکردنی هەولێر دەکات و پێیوایە عێراق ناتوانێت وەڵامی سەربازیی بۆ هێرشەکانی ئێران هەبێت، بەڵام دەتوانێت لە رێگەکانی دیکەوە داکۆکی لە خۆی بکات.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مەشعان جبووری، سیاسەتڤانی عێراق:
رووداو: ئەگەر لە پەیوەندی خۆت لەگەڵ بەڕێز پێشڕەو دزەیی دەستپێبکەین، هەروەکو لە تویتێکدا گوتت، زیاتر لە 20 ساڵە پێشڕەو دزەیی دەناسیت، دەمەوێت لە تۆوە بیبیستم پێشڕەو دزەیی کێیە؟ لە روانگەی مشعان جبوورییەوە؟
مەشعان جبووری: سەرەتا سڵاو لە رۆحی خوالێخۆشبوو برام پێشڕەو ئاغا دزەیی و بۆ هەموو ئەو قوربانییانەی لەگەڵی بوون، پێناسەیەکی کورت بۆ بەڕێز پێشڕەو ئەوەیە کە یەکێکە لە قارەمانەکانی چیرۆکەکانی سەرکەوتن لە کوردستان و بەتایبەتی لە هەولێر، خاوەن دەستکەوتێکی بێوێنەیە لەسەر ئاستی گەشەپێدانی خانووبەرە، من ئاگاداربووم ئەو زەوییەکی لە دەرەوەی شار کە چۆڵەوانی بوو کردە شوێنێک کە بووە یەکێک لەو ناوەندانەی گەشتیاران سەردانی دەکەن و رۆڵەکانی هەرێمی کوردستان و سەردانکەرانی شانازی پێوە دەکەن و وێنەی لاوە دەگرن، کە پڕۆژەی ئیمپایەرە بە هەموو بەشەکانی، چ بەشی نیشتەجێبوونەکەی تاکو بەشە بازرگانییەکەی، یان وەکو شوێنێک کە باشترین چێشتخانەکانی تێدان لە شاری هەولێر، هەر لەوێش گرنگترین ئۆفیسەکان و کۆمپانیاکانی تێدایە کە ئیمپایەریان وەکو بارەگایەک بۆ خۆیان هەڵبژاردووە. ئەو لە پیاوێکەوە کە دەتوانم بڵێم بە تەنیا دەستیپێکرد بووە ئەو کەسەی ئێستا، ئەو ریسکەی کرد لەکاتێکدا کەس ئامادە نەبوو گرەو لەسەر گەشەکردنی شاری هەولێر بکات، ئەوەشی کرد کە کردی، وەک دەبینی، تەنانەت ئەو زەوییەشی کە پڕۆژەکەی لەسەر دروستکرد هی خۆی نەبوو، ئەو لە کۆمپانیایەک پڕۆژەکەی کڕییەوە و من ئەو رۆژەم لەبیرە، ئەو یەکێکە لە قارەمانەکانی سەرکەوتن لە شاری هەولێر و لەدەستدانێکی گەورەیە بۆ ئابووری یان چالاکیی ئابووری و بۆ هەموو خەڵکی هەولێر و عێراقیش بە راشکاوی، چونکە لەم ماوەیەی دواییدا زۆر دەچوو بۆ بەغدا و هەوڵی دەدا ئەزموونی ئیمپایەر لە بەغدا دووبارە بکاتەوە، بەڵام بەداخەوە فیشەکی غەدر رێگەی بەوە نەدا.
رووداو: پەیوەندی تۆ و هاوڕێیەتیت لەگەڵ خوالێخۆشبوو پێشڕەو دزەیی چۆن دەستیپێکرد؟
مەشعان جبووری: پێموایە لە بەغدا ناسیم، بیرمە لە کۆنگرەیەکی ئەو هێزانەی لە دەرەوەی عێراقەوە گەڕابوونەوە لە هۆتێل حەیات، لەو کەسانەی ئەو رۆژە لەوێ بوون بەڕێز هۆشیار زێباریم لەبیرە، بەڕێز پێشڕەو دزەیی لەو کاتەدا کۆمپانیایەکی سیکیوریتی هەبوو و بەرپرس بوو لە پاراستنی شوێنەکە، ئەمە پێش ئەوەی ببێتە پیاوێکی بازرگان و ئەم چیرۆکی سەرکەوتنەی تۆمارکرد، هەروەها من ماوەیەک لە ڤێلاکانی پڕۆژەی ئیمپایەر نیشتەجێبووم، لەوێ پەیوەندییەکەم لەگەڵیدا پتەوتر بوو، رۆژگار وا رێککەوت کە بازرگانێک لە بەغداوە کە ناوی فازڵ دەباسە زەوییەکم پێ بفرۆشێت لەسەر رێگەی مەسیف کە دەیویست پڕۆژەیەکی خانووبەرەی لەسەر دروستبکات، ئەم زەوییە لە تەنیش کۆشکەکەی بەڕێز پێشڕەو بوو، ئەمەش هانیدام زەوییەکە بکڕم، پێموایە زەوییەکە لە بنەڕەتدا هی بنەماڵەی ماجدی بوو و ئەوان بە بەڕێز فازڵ دەباسیان فرۆشتبوو، بەو شێوەیە بووینە دراوسێ و جار جار سەردانم دەکرد و دەکرا ئەو شەوە من مێوانەکە بم.
رووداو: تۆ دراوسێی بەڕێز پێشڕەو دزەییت و خانوویەکت هەیە لەوێ وا دروست دەکرێت، ئایە زیان بە خانووەکەت کەوت؟ یان شەوی رووداوەکان لەو نزیکانە بوویت؟
مەشعان جبووری: لە راستیدا من دوو خانووم هەیە، یەکێکیان وا دروستدەکرێت و یەکێکیان تەواوبووە، گرنگیم بەوە نەدا کە من یان خانووەکە زیانی بەرکەوتووە یان نا لەبەرامبەر کارەساتی لەدەستدانی پێشڕەوی هاوڕێم، ئەمە بابەتێکە و شتێکە لاوەکییە و بەهای نییە، بێگومان دەکرا ئەو شەوە من مێوانی ئەو بم لە جیاتی ئەو برا هاوڕێیەی لە بەریتانیاوە هاتبوو، پیاوە کریستیانەکە کە ئەویش بازرگانە، ئەو لەو شەوەدا میوان بوو و زۆر جار من میوان دەبووم و کەسانی دیکەش لە دۆستانمان کە خۆشمان دەوێن، ئەو بەردەوام حەزی دەکرد کەسێک بۆ خوانی ئێوارە یان بۆ شەو لە کۆشکە جوانەکەی میوانی بێت.
رووداو: بەڕێز مشعان بەو پێیەی تۆ نزیکەی 20 ساڵە لە بەڕێز پێشڕەو دزەییەوە نزیکیت و هاوڕێیەتیتان هەیە، ئایا بەڕێز پێشڕەو دزەیی هیچ کارێکی سیاسی هەبوو یان تەنیا پیاوێکی بازرگان و وەبەرهێنەر بوو؟ هیچ رۆژێک لە هەولێر یان بەغدا چووە نێو کاری سیاسی؟
مەشعان جبووری: من ئەم قسەیە بۆ مێژوو دەکەم و بەرپرسیارێتییە یاسایی و ئەخلاقییەکەی لەئەستۆ دەگرم، پێشڕەو دزەیی پەیوەندی بەهەموو وردەکارییەکی ژیانەوە هەبوو سیاسەت نەبێت، ئەو گرنگی بە سیاسەت نەدەدا و چاودێری چالاکییەکانیشی نەدەکرد، هەوڵی دەدا مەودایەک لەنێوان خۆی و سیاسییەکان بهێڵێتەوە، بۆشاییەک. رەنگە من لەبەر ئەوەی بازرگانی دەکەم و منیش بازرگانم، پەیوەندییەکە لەگەڵ من لە چوارچێوەی کار دەیبینی نەک چوارچێوەی سیاسەت. ئەگەر رێگەم بدەی دەمەوێت قسەیەک لەسەر رووداوەکە بکەم، بەهای پڕۆژەکەی پێشڕەو دزەیی لە بازاڕدا نزیکەی ملیار و نیوێک دۆلارە، پیاوێکە زۆربەی کاتەکانی لە دوبەی و مۆناکۆ و ئەو شوێنانە دەژیا، چی وای لێدەکات کە خزمەتگوزاری پێشکەش بە ئیسرائیل یان مۆساد پێشکەش بکات؟ پێشڕەو دزەیی هیچ پەیوەندییەکی بە نەوتەوە نییە، بۆچی ئێران بەردەوام بازرگانەکان دەکاتە ئامانج، بۆچی کۆشکی بازرگانەکان دەکاتە ئامانج، بۆ ناچێت، ئەگەر ئەگەر ئەمانە سیخوڕی مۆسادن، بۆچی خۆیان تیرۆر ناکات هەروەکو چۆن هەندێک جار وڵاتان نەیارەکانیان تیرۆر دەکەن بۆ نموونە، بۆچی مووشەک و چەندین مووشەک و بۆسەر شوێنێکی نیشتەجێبوون، ئامانجەکە کوشتنی چیرۆکی سەرکەوتنی هەولێرە. هەولێر بەم دواییانە وەبەرهێنانی خەڵکی جگە لە کوردی رادەکێشا، دەستیکرد بە راکێشانی وەبەرهێنانی عەرەبی و بەتایبەتی لە کەنداوەوە، هەروەها سەرنجی تورکیاش هەیە بۆ فراوانبوون لە بواری وەبەرهێناندا، بۆ من وا دەردەکەوێت لە روانگەی ئێرانییەکانەوە هەولێر گەیشتووەتە ئاستێکی سەرکەوتن کە رێگە نادرێت تێپەڕێندرێت، بۆ ئەوەش پێویستە خەڵک و وەبەرهێنەران و کڕیاران بترسێنێت، چونکە ئەم گەشەسەندنە گەورەیەی خانووبەرە لە هەولێر پێویست بە خەڵکە تاوەکو ئەم خانووبەرەیە بکڕن، کاتێک ئەو کەسەی ئارەزووی نیشتەجێبوونی لە هەولێر هەیە یان شوێنێکی لە هەولێر هەیە دەبینێت ئەم شارە ئامانجی درۆن و مووشەکەکانە، یەک قسە دەکات، ئەویش دوورکەوتنەوەیە.. هەر لەو قسانەی بکوژەکان دەیکەن گوایە پێشڕەو کاری نەوتی بۆ ئیسرائیل دەکرد، یەکەم شت من سوێند دەخۆم بە هەموو بیروباوەڕم کە پێشڕەو لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمدا کار ناکات، بەهیچ شێوەیەک.. دووەم، کوردستان لە بڕیاری دادگەی پاریس و راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی لەلایەن تورکیاوە یەک بەرمیل نەوتیش هەناردە ناکات، ئەگەر گوایە وەکو باسی دەکەن لە نەوت کار دەکات، خۆ لانی کەم نۆ مانگ یان ساڵێک دەبێت کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راوەستاوە. بۆیە ئامانە بیانوون و پێویستە ئێرانی دراوسێ داوای لێبوردن لە عەشیرەتی دزەیی بکات کە بانگەشەی درۆ و تۆمەتی بێ بنەما رووبەڕووی یەکێک لە رۆڵەکانی کرایەوە و بە مردووییش دەیکوژن، ئەو مردووەوە و هێشتا دەیکوژن لە رێگەی ئامانجکردنی نێوبانگی و سووکایەتیکردن بە کوڕەکانی، بە هاوژینەکەی و براکانی، دایکی و خزمەکانی.. هەر کەسێکیش دانیشتنی پرسەکەی بینیبێت و ئەو هەموو خەڵکەی لە هەولێر و دەرەوەی هەولێر بینیبێت و بۆ هەموو کورد، دەزانێت کەسێکی وا ناکرێت سیخوڕ بێت، مرۆڤ بۆچی دەبێتە سیخوڕ؟ یان رقی لە وڵاتەکەیەتی و دەیەوێت تۆڵەی لێبکاتەوە، یان پێویستی بە پارەیە، پێشڕەو لە پارەدا زۆری هەیە و ئەو بەدوای چیرۆکی سەرکەوتندا دەگەڕێت، ئەو پارەیەی هەیەتی بەشی دەکات لە گرنگترین و خۆشترین شوێنەکانی جیهان بژیێت، بەڵام ئەو بەدوای چیرۆکی سەرکەوتندا دەگەڕا، وەڵڵاهی پێش ساڵێک پێی گوتم وەرە ئەم دوو خانووە دەڕوخێنین، خانووەکەی خۆی کە لێدرا و خانووەکەی من، وەرە دەیڕوخێنین و پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی جوان لەسەر رێگەی مەسیف دروستدەکەین، بە راشکاوی من پێم گوت لەم کاتەدا سەرنجم لەسەر ئەوە نییە کە بەشداربم لە دروستکردنی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە هەولێر، پێمخۆشە ئەم شوێنە شوێنی تایبەتی خۆم بێت هەروەکو شوێنەکەی بەڕێز پێشڕەو کە شوێنێکی جوانە و تایبەتە بەخۆی، ئەو بەردەوام بەدوای چیرۆکی سەرکەوتندا دەگەڕا. ئەو چووە بەغداش و زۆربەی سەرۆکوەزیرانەکان کە لە عێراق بوونە سەرۆکوەزیران کاتێک دەهاتنە هەولێر و ئیمپایەریان دەبینی داوای بینینی پێشڕەویان دەکرد و بانگهێشتی بەغدایان دەکرد و دەیانگوت وەرە لە بەغدا زەویت دەدەینێ و لەوێ پڕۆژە بکە، ئەگەر ئەو ئارەزووی نزیکبوونەوەی لە سیاسییەکان هەبووایە لەگەڵ گرووپی دەسەڵاتدا لە بەغدا لە پڕۆژەدا بەشدار دەبوو، ئەگەر پەیوەندیشی بە سیخوڕییەوە هەبێت وەکو دەڵێن، من پێموایە ئیسرائیل گرنگی بە بەغدا دەدات و هەولێر گرنگ نییە بەلایەوە، هەولێر نە لێکۆڵینەوەی ئەتۆمی هەیە و نە هیچ شتێکی نهێنی هەیە و نە کاری دوژمنکارانەی هەیە، هەولێر چیرۆکێکی سەرکەوتنی ئابوورییە لەنێوەڕاستی جیهانێکی پڕ لە شکست لە ناوچەیەکی جوگرافی پڕکێشە و قەیران، سەرەڕای هەموو ئەو رەوشە خراپەی لە چواردەوری هەولێر و کوردستانی عێراق هەیە بەڵام چیرۆکێکی سەرکەوتنیان دروستکرد کە بێوێنەیە لە ناوچەکەدا لەژێر رۆشنایی ئەم رەوشە ئاڵۆزە، بۆیە بەداخەوە رێگە نادەن ئەو چیرۆکی سەرکەوتنە بەردەوام بێت، بەڵام پێموایە ئەوانەی هەولێریان خۆشدەوێت تێیدا دەمێننەوە و چیرۆکی دیکەی سەرکەوتن دروستدەکەن، من دڵنیام کە براکانی بەڕێز پێشڕەو و کوڕەکانی دەتوانن لەم سەرکەوتنە بەردەوام بن. من لە رێگەی رووداویشەوە پێشنیاز بۆ برام پارێزگاری هەولێر دەکەم، کە یەکەم گۆڕەپانی پڕۆژەی ئیمپایەر کە ئێستا پەیکەری ژنێکی لێیە، پێموایە پەیکەری ژنێکە، هیوادارم لەوێ پەیکەرێک بکرێت، پەیکەرێک بۆ ئەم رۆڵەیەی هەولێر بۆ ئەم پیاوە سەرکەوتووە کە شتێکی بێ وێنەی بەدیهێنا، هەندێک جار پەیکەر بۆ شاعیر و چیرۆکنووس و کەسانی رۆشنبیر دەکرێت، من پێموایە پێشڕەو شتێکی پێشکەش بە هەولێر و کوردستان کردووە لە بواری ئابووریدا کە تەنیا کەسانی کەمی وەکو ئەو پێشکەشیان کردووە، بێگومان چیرۆکی سەرکەوتنی دیکەی هەندیک بازرگانانی بەڕێزی دیکە لە هەولێر هەیە، من پێموایە ئەوە پەیامێکی خۆشەویستی دەبێت لە والی هەولێرەوە بۆ بەڕێز پێشڕەو بەناوی هەموومانەوە.
رووداو: هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق و کاردانەوەکانی حکومەت، ئایا پێتوایە بەسە بۆ رێگریی لە دەستدرێژیی، وەکو بینیمان دەستدرێژیی ئەم دواییانە بۆسەر هەولێر، ئایا پێتوایە هەنگاوی دیکە هەن کە پێویستە حکومەتی عێراق بیانگرێتەبەر بەرامبەر ئێران؟
مەشعان جبووری: بەداخەوە عێراق لە دۆخێکدا نییە کە بتوانێ وەڵامی ئێران بداتەوە، پاکستان بە مووشەکێک لێدرا و بە ژمارەیەک مووشەک وەڵامی دایەوە، بە فڕۆکە هێرشی کرد و مووشەکی بالیستی ئاراستە کرد، راستەوخۆ ئێران کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ پاکستان کردەوە و هەوڵیدا بابەتەکە کۆنترۆڵ بکات، من دڵنیام کە جارێکی دیکە ئەوە دووبارە ناکاتەوە، عێراق هێزی لەدەستداوە بەداخەوە و ئێران یاریزانە گەورەکەی گۆڕەپانەکەیە، بەرێز قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ویستی بێلایەن بێت و لە شوێنی بۆردوومانەکە گوتی، ئەمە ماڵی کەسێکی سڤیلی بازرگانە و هیچ پەیوەندی بە مۆسادەوە نییە، لەو رۆژەوە سوپای مێشوولەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هێرشیان دەستپێکردووە من پێموایە هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق کە بیانگرێتەبەر ئەوەیە لانی کەم باڵیۆزی عێراق لە ئێران بانگهێشت بکاتەوە.
رووداو: بەرێزیشت هەروەها لەو کەسانەی کە بە ئامانج کراون، ئایا هیچ هێرشێکی تووندت لەسەرە؟
مەشعان جبووری: لانی کەم ئاڵوگۆڕی بازرگانی رابگرین لەگەڵیان، ئاستی هاوئاهەنگیمان کەمبکەینەوە چونکە ئێمە مووشەکمان نییە و ناتوانین بەکاری بهێنین، لە بنەمادا بڕیاری سەربازی و مووشەک و سوپا واتا ئەو شتەی کە بەڕێز فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان دەسەڵاتی نییە بەکاریان بهێنێت بەهیچ جۆرێک.
رووداو: سەرۆکوەزیرانی عێراق هاوکات فەرماندی گشتی هێزە چەکدارەکانە، لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکدا هاتووە کە بنەماکەی هێزە شیعەکانی عێراقن، چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بەڵام بەڕێز مەشعان هێزە سوونییەکان بە تێکڕا سەرکۆنەی رووداوەکەیان کرد، بەڵام لەنێو هێزە شیعەکاندا جگە لە دکتۆر حەیدەر عەبادی کە رۆژی دوای رووداوەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و هێرشەکەی سەرکۆنەکرد و بە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق ناوی برد، هیچ راگەیێندراوێکی دیکەمان لەلایەن هێزە شیعەکانەوە نەبینی تاکو ئێستا، هێزە شیعەکانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، هۆکارەکەی چییە، پێتوانییە بێدەنگی نیشانەی رازی بوونە بەرامبەر ئەوەی روویدا؟
مەشعان جبووری: یەکەم، هەولێر ژمارەیەک هێرشی بە بەردەوامی کرایەسەر، هەندێک لە هێزەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی هاوبەشن لە هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە هێزە سوونییەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی تێیدا هاوبەشن ئەوان گرووپی چەکداریان هەیە و شانازییان دەکرد بە بۆردومانکردنی بەردەوامی هەولێر و شوێنە جیاوازەکانی هەولێر، ئاساییە کە سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران نەکەن، تەنیا گوێبگریت لە گوتاربێژ و ئەو کەسانەی نوێنەرایەتی هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکەن خۆیان بەدوور دەگرن لە هەر سەرکۆنەیەکی ئەم دوژمنکارییە.
رووداو: لەنێویشیاندا تۆ...
مەشعان جبووری: من کۆمێنتم لە پەڕەکەم لە تۆڕی ئێکس راگرتووە، بە دڵنیایی، من کۆمێنتەکانم راگرتووە لە تۆڕی ئێکس لەبارەی ئەو رووداوە، لەبەر ئەوەی زۆر قسەی ناخۆش و خراپم بەرامبەر کرا، سوپایەکی ئەلیکترۆنی هەن مووچەخۆرن و کاریان ئەوەیە رای گشتی بەوشێوەیە دروستبکەن کە دەیانەوێت نەک وەکو ئەوەی کە هەیە، بەڵام چۆک دانادەین وێڕای هەموو هێرشەکان و هەموو ئەو پێشێلکاریی و دەستدرێژییەی رووبەڕوویان دەبینەوە، ئێمە قسەی راست دەکەین باجەکەی هەرچەندێک بێت لەسەرمان، من دەزانم کە هەولێر لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە لە کۆنگرەی سەڵاحەدینەوە، لە کۆنگرەی نیشتمانیی یەکگرتووەوە تاوەکو ئێستا ئامادەییم هەیە لە هەولێر و هەموو شتێک دەزانم کە تێیدا روودەدات، دەزانم کێ شکستخواردووە و کێ سەرکەوتوو، بوونی نوێنەرایەتییەکان و نوێنەرایەتیی نێودەوڵەتی، تۆمەتی بوونی ئیسرائیل لە هەولێر ئامانج لێی زیانگەیاندنە بە چیرۆکی سەرکەوتن، بەهانەی ئەم هێرشانە تەنیا راگرتنی ئەو سەرکەوتنەیە و هیچی دیکە بە داخەوە، پێموایە گوشار تەنانەت لەسەر بەرێز قاسم ئەعرەجیش هەیە، نووسینێکیم خوێندەوە کە ئاماژەبوو بۆ ئەوەی گوشاری لێدەکرێت بەهۆی هەڵوێستە ئازایانەکەیەوە، ئەو وەکو پیاوی دەوڵەت مامەڵەی کرد چاوەڕوانیم لە بەرێز سەرۆکوەزیران ئەوەیە دوای بینینی راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوە ژمارەیەک بڕیار بدات، من ناڵێم هێرشبکرێتە سەر ئێران بە مووشەک، چونکە عێراق توانای ئەوەی نییە، بەڵام ژمارەیەک رێکار بگیرێتەبەر کە دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە ئاستەم بکات و زیاتر لە جارێک بیربکەنەوە بۆ دەرکردنی بڕیارێک.
رووداو: بەرێز مەشعان، بەوپێیەی کە تۆ پیاوێکی سیاسی و ناسراوی، دەمەوێ پرسیارت لێبکەم لەبارەی هەڵوێستی سەرۆککۆمار، وەکو دەزانین لە عێراق پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کوردە و ئێستا کوردێک ئەو پۆستە بەڕێوەدەبات هیچ راگەیێندراوێکی سەرۆککۆمار نییە تاوەکو ئێستا و ئەوەی هەیە بڵاوکراوەیەکی سەرۆکایەتیی کۆمارە بەناوی سەرۆککۆمارەوە و تێیدا وشەی بۆردوومانی بەکارهێناوە نەک هێرش، تەنیا بۆردوومان، وەکو دوژمنکارانە ناوی نەهێنا وەک سەرۆکوەزیران بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی، نێوی ئێرانیشی نەهێنا وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیران نێوی هێنا، تەنیا گوتی، بۆردوومانکردنی هەولێر، بۆردوومانەکە لە کوێوە کراوە نازانین لە بڵاوکراوەکەی سەرۆککۆماردا، لەکاتێکدا ئێران بە فەرمی رایگەیاند کە بەرپرسیارە لەو هێرشە، ئەم هەڵوێستەی سەرۆککۆماری عێراق چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
مەشعان جبووری: لە راستیدا من لەگەڵ ئەوپەڕی رێزم بۆ بەڕێز سەرۆککۆمار کە هاوڕێیەکی دێرینە لە سەردەمی ئۆپۆزیسیۆنەوە، بەڵام هەڵوێستەکەی شەرمنانە بوو، تێگەیشتم کە بۆچی پێداگیرییان دەکرد سەرۆککۆمار لە پارتی دیموکراتی کوردستان نەبێت، پێموایە سەرۆککۆمار بە پشتیوانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر حسابی رکابەرەکەی لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەیشتووەتە ئەو پۆستە و پێموایە ئەگەر بەرهەم ساڵح سەرۆککۆمار بوایە هەڵوێستێکی تووندتری وەردەگرت، هەڵوێستەکەی سەرۆککۆمار هەڵوێستێکی کپە و تەنیا تویتێکە لە تویتەر، لەکاتێکدا ئەو سەرۆکی دەوڵەتە و پارێزەری دەستوورە، بەرپرسە لە ئاسایش و پاراستنی، من دەڵێم هەڵوێستەکەی بە داخەوە لە ئاستی چاوەڕوانیدا نەبوو، پێویستە بە هەڵوێستەکەیدا بچێتەوە و بڕیار بدات، راگەیێندراوێک دەربکات و تێیدا سەرکۆنەی ئەوە بکات کە روویداوە، ئەگەر سەرۆکی دەوڵەتی عێراق هێرشکردنە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی کورد لە شارێکی ئارام و هاوژین و منداڵەکانی و میوانەکانی بە چوار مووشەکی بالیستی بە هێرشی دوژمنکارانە دانەنێت چۆن چاوەڕوانیمان هەبێت لە وڵاتانی جیهان پاڵپشتیمان بکەن و سەرۆکی دەوڵەتان ئیدانەی بکەن، بەداخەوە هەڵوێستی بەڕێز سەرۆکوەزیران لەگەڵ ئەوەی کە بەشێکە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەکاتێکدا ئەو هاوپەیمانێتییە کردویانەتە سەرۆکوەزیران هەر لە سەرەتاکانی رووداوەکە ئازایانە و بوێرانە و عێراقییانە بوو، پێویست بوو ئاواش بکات لەکاتێکدا کە دەزانین عێراق ئەو هێزە سەربازییەی نییە کە وەڵامی هێرشە دوژمنکارانەکانی ئێران بداتەوە وەکو ئەوەی کە پاکستان کردی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ