رووداو دیجیتاڵ
دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بایکۆتی راگەیاندەوە و داوا دەکات، بەر لە کۆتایی ئەم مانگە مووچەی کانوونی یەکەمی پار و کانوونی دووەمی ئەم ساڵ دابەش بکرێت.
ئەمڕۆ شەممە 25-01-2025 دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دەستپێکردنەوەی بایکۆتی مامۆستایانی راگەیاند.
نوێنەرێکی مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە سلێمانی راگەیێندراوێکی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو، "سەردەمی دەوامکردن بێ مووچە کۆتاییهات. لە سۆنگەی بەرپرسیاریەتیی پەروەردەیی و ئەرکی سەرشانمان بەرامبەر رۆڵەکانمان و رەچاوکردنی بەرژەوەندیی قوتابییان، وەکو پێشتر رامانگەیاندبوو، تاقیکردنەوەکانمان ئەنجام دان و ویژدانی خۆمان ئاسوودە کرد، بەڵام لە سبەی یەکشەممەوە بایکۆتی دەوامکردن لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن دەستپێدەکەینەوە."
لە راگەیێندراوەکەدا مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی داوای دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی کانوونی یەکەمی 2024 و کانوونی دووەمی ئەم ساڵ بەر لە کۆتایی ئەم مانگە دەکەن.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی داوای بەجێکردنی مووچەکانیان لە بانکە فیدراڵییەکان دەکەن و رایانگەیاند، "ئەگەر هەولێر نایکات و رێگرە، پێویستە سلێمانی بەجێکردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران لە بانکە فیدراڵییەکان دەستپێبکات."
یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانییە کە لە ساڵی 2016ـەوە راگیراوە.
لە راگەیێندراوەکەدا باس لە خانەنشینکردنی مامۆستایان و فەرمانبەرانیش کراوە کە "پێویستە سەرەتا سەرجەم پلەبەرزکردنەوە و شایستەداراییەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە، ئینجا خانەنشین بکرێن."
دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دەڵێت، "دەستپێکردنەوەی وەرزی دووەمی خوێندن بەندە بە نەفەوتانی هیچ مووچەیەک و رێکخستنەوەی وادەی دابەشکردنی؛ هەروەها بە زووترین کات جێبەجێکردنی پڕۆسەی بەجێکردن."
دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دوای خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2023ـی مامۆستایان و فەرمانبەران دژی درەنگ هاتنی مووچە، راگرتنی پلەبەرزکردنەوە و ژمارەیەک پرسی دیکە دامەزرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ