محەممەد ئەمین پێنجوێنی: ئۆجەلان نامە بۆ قەندیل دەنێرێت و پەکەکەش بۆ چەکدادان گەرەنتی دەوێت

25-01-2025
سۆران حوسێن
محەممەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتڤانی کورد.
محەممەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتڤانی کورد.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتڤانی باشووری کوردستان دەڵێت، شاندێکی دەم پارتی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بەم نزیکانە عەبدوڵڵا ئۆجەلان نامەیەک بۆ قەندیل دەنێرێت.
 
محەممەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتڤانی خەڵکی باشووری کوردستان پێشتر پەیوەندی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە هەبووە و ئێستاش لەگەڵ ئەندامانی شاندی دەم پارتی بۆ سەردانی دوورگەی ئیمراڵی گفتوگۆی هەیە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شاندی ئیمرالی پێیان گوتووە کە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان شەو و رۆژ کاردەکات؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "چەکدادان ئاسان نییە. پەکەکە گەرەنتی دەوێت و دەبێت وڵاتانی گەورەش لەنێواندا بن".
 
ئەمرۆ شەممە، محەممەد ئەمین پێنجوێنی لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو  کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی کرد، گوتی، رۆژی هەینی بە تەلەفۆن لەگەڵ پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی قسەی کردووە و هەواڵی تەندروستی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی پرسیوە و بوڵدان وەڵامی داوەتەوە و گوتوویەتی: "ورەی بەرزە و تەندروستی زۆر باشە، سەرقاڵی ئەم پرۆسەی ئاشتیییەیە کە خەریکە دەبێتە پرۆسەیەکی یاسایی لە پەرلەمانی تورکیا".
 
"دەبێت کێشەی کورد لە پەرلەمانی تورکیا چارەسەر بکرێت"
 
محەممەد ئەمین پێنجوێنی گوتی، لە پەروین بوڵدانی پرسیوە کە کۆبوونەوەکانیان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تورکیا بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن چۆن بوون؟ لە وەڵامدا ئەندامەکەی شاندی ئیمرالی گوتوویەتی: "هەموو بۆچوونیان لەسەر ئەوەیە کە دەبێت کێشەی کورد بە شێوەیەکی ئاشتییانە و بە گفتوگۆ لە رێگەی پەرلەمانەوە چارەسەر بکرێت".
 
بە بڕوای ئەو سیاسەتڤانە، ئەگەر کێشەی کورد و پەکەکە لەگەڵ تورکیا لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە چارەسەر بکرێت، ئەوە دەبێتە "دەستکەوتێکی گەورە بۆ کورد"، بەو مەرجەی بە یاسا و لە دەستووردا دان بە هەبوونی کورد و مافەکانیدا بنرێت.
 
"ئۆجەلان شەو و رۆژ کار بۆ پرۆسەکە دەکات"
 
محەممەد ئەمین پێنجوێنی دەڵێ، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە ئەندامەکەی شاندی ئیمراڵی وەریگرتووە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان "شەو و رۆژ کار دەکات بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بەرەو پێش بڕوات و لە رێگەی پەرلەمانەوە کێشەی پەکەکە و کورد چارەسەر بکرێت".
 
رۆژی 01-10-2024، لەلایەن دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی مەهەپەی تورکیاوە هەنگاوێک بۆ پرۆسەی ئاشتی نرا و لەگەڵ ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی دەم پارتی تەوقەی کرد. باخچەلی رۆژی 26-11-2024یش هەنگاوێکی دیکەی ناو  لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوتی: "چاوەڕێ دەکەین کۆبوونەوەی رووبەڕوو لەنێوان ئیمرالی و دەم پارتی بەبێ دواکەوتن بەڕێوەبچێت".
 
دوای ئەو بانگەوازەی سەرۆکی مەهەپە، دەم پارتی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، داواکاری پێشکێشی وەزارەتی دادی تورکیا کرد و داواکارییەکەی پەسندکرا و 28-12-2024، شاندی پارتەکە سەردانی ئیمرالی کرد و لەگەڵ ئۆجەلان کۆبووەوە و 22ـی ئەم مانگەش بۆ دووەم جار سەردانی ئیمرالی کردەوە و چاویان بە ئۆجەلان کەوت.
 
محەممەد ئەمین پێنجوێنی گوتی: "ئەو قسانەی دەوڵەت باخچەلی کردوونی شتی باشن. یەکەم جارە بەرپرسێکی گەورەی تورکیا قسەی وابکات، بەتایبەت باخچەلی کە ناسراوە بەوەی لە حیزبی نەژادپەرستەکانە و عەقڵی دەوڵەتی قووڵی تورکیاشە. ئەو بێتە سەر ئەوەی بڵێت دەبێت دۆزی کورد لە دەرەوەی شەڕ چارەسەر بکرێت، شتێکی باشە".
 
بە گوتەی ئەو سیاسەتڤانە، سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ لای لایەنەکانی تورکیا بۆ ئەوەیە رازیان بکەن کە کێشەی کورد لە تورکیا چارەسەر بکەن.
 
محەممەد ئەمین پێنجوێنی لەزاری پەروین بوڵدانەوە گێڕایەوە کە: "بۆچوونی هەموو ئەو حیزبانەی لەگەڵیان کۆبووینەوە و بۆچوونی هەموو کەسایەتییەکان لە تورک و کورد و جیا لەوانیش، هونەرمەند، سیاسی و بیرمەندەکان کراوە بە راپۆرت و دراوەتە بەڕێز ئۆجەلان، دواتر خوێندنەوەی بۆ دەکات و ئەویش لە ژێر رۆشنایی ئەوانەدا لەگەڵ ئەو شاندەی حکومەتی تورکیا گفتوگۆ دەکات کە جار جار سەردانی دەکەن".
 
محەممەد ئەمین پێنجوێنی لە ساڵانی پێش دەستگیرکردنی ئۆجەلاندا چەند جارێک سەردانی رێبەری پەکەکەی کردووە و لە نزیکەوە یەکدی دەناسن. وەک خۆی دەڵێت: "ئێستا شاندی حکومەتی تورکیا جار جار سەردانی (ئۆجەلان) دەکەن و بۆچوونی وەردەگرن، هەموو بۆچوونەکان لە کۆتاییدا دەبرێنە پەرلەمان و لەوێ بڕیارێک دەدرێت".
 
"ئۆجەلان نامەیەک بۆ قەندیل دەنێرێت"
 
ئەو سیاسەتڤانە ئاماژەی بەوەشکرد، لە پەروین بوڵدانی پرسیوە کە باسی پرۆسەی ئاشتی دەکەن و شاندیان هەیە، بەڵام "برادەرانی قەندیل دەڵێن تاوەکو ئەمڕۆ هیچ پەیامێکی فەرمیمان لەلایەن سەرۆک ئۆجەلانەوە بۆ نەهاتووە".
 
لەبارەی وەڵامی پرسیارەکەیەوە محەممەد ئەمین پێنجوێنی گوتی: "پەروین بوڵدان پێی گوتم، سەرۆک {ئۆجەلان} ئامادەکاری دەکات بۆ نامەیەک لە شێوەی راپۆرتدا کە هەموو بابەتەکانی لەسەرەتاوە تاوەکو ئێستا تێدا روون بکاتەوە و لەم رۆژانەدا دەگەیێندرێتە قەندیل و ئەوانیش بۆچوونی خۆیان دەگەڕێننەوە. بڕیارە لە جارەکانی داهاتوودا شاندەکە کە دەگەڕێنەوە بۆلای بەڕێز ئۆجەلان، بۆچوونی قەندیلی پێبگەیێنن".
 
لەبارەی کاتی گەیشتنی نامەکەوە بە قەندیل، پێنجوێنی گوتی، نازانێت شاندەکە نامەکە دەبات یان کەسانی دیکە، بەڵام بەم زووانە دەگات. 
 
"چەکدانان ئاسان نییە"
 
لەبارەی داواکاری بەشێکی بەرپرسانی تورکیا کە دەڵێن ئۆجەلان داوای چەکدانان لە پەکەکە بکات، ئەو سیاسەتڤانە گوتی: "بابەتی چەکدانان بابەتێکی گەورەیە. لە پرۆسەی پێشووی چارەسەریدا من خۆم لەنێواندا بووم و چەند جارێک چوومە ئەنقەرە و بەرپرسانی باڵام بینین. ئەم بابەتە هەر باس دەکرا، بەڵام ئەمە بەرنامەیەکی دەوێت و رێککەوتنی دەوێت. بابەتی چەکدانان هەروا ئاسان نییە کە هێزێکی سەربازی کە گەریلای پێ دەڵێن و نزیکەی 40 ساڵە لەگەڵ دەوڵەتێکدا شەڕ دەکات هەروا چەکەکان فڕێ بدات و گەریلاکان بچنەوە تورکیا و خۆیان رادەست بکەن. شتی لەو جۆرە ئەستەمە رووبدات".
 
محەممەد ئەمین پێنجوێنی باس لەوە دەکات: "بەڕێز ئۆجەلانیش بۆچوونی هەیە و دەڵێت وا من گوتم چەک دابنێن، لەسەر چی بنەمایەک چەک دابنێن؟ لەبەرامبەر چیدا چەک دابنێن؟ واتە تەنیا چەک دابنێن بە گوتەیەک نابێت و میکانیزم و گفتوگۆی و دەوڵەتانی دیکەی دەوێت".
 
"دەبێت لە پەرلەمانی تورکیاوە دان بە هەبوونی کورددا بنرێت"
 
محەممەد ئەمین پێنجوێنی لە بەردەوامی قسەکانیدا لە نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "تورکیا دەبێت دان بنێت بەوەی گەلێک هەیە بە ناوی گەلی کورد؛ ئەو گەلە 40 ساڵە شەڕ دەکات بۆ ئەوەی دانی پێدابنێن و بڵێن کورد لە تورکیا هەیە؛ ئەوە ئاسانترین داواکارییە. ئەوان ئەمانە لە رێگەی پەرلەمانەوە بکەن بە یاسا و رایبگەیێنن و بشڵێن لەگەڵ پەکەکەدا گفتوگۆ دەکەین".
 
ئەو سیاسەتمەدارە بە پێویستی زانی کە "بۆ گفتوگۆکردن، نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی گەورە لەنێوەنددا بن، کە خۆی هەموو رێککەوتنێک بەو جۆرە کراوە. کاتێک ماندێلا رێککەوتنی کرد، ئەمریکا سەرپەرشتی دەکرد و سەری گرت. ئەوان {پەکەکە} داوای گەرەنتی دەکەن و دەیانەوێت لە پەرلەمانەوە یەکلایی بکرێتەوە. پاشان چارەنووسی گەریلاکان چی لێ دێت؟ ئەمانە هەمووی گفتوگۆکردنیان دەوێت".
 
محەممەد ئەمین پێنجوێنی باسی لەوەشکرد، شاندی ئیمرالی لەسەر داوای ئۆجەلان لە رۆژانی داهاتوودا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و لەگەڵ بەرپرسانی حیزبی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە و ئەنجامی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ ئۆجەلان و لایەنەکانی تورکیا بۆ پرۆسەی ئاشتی تاوتوێ دەکەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە