ئەنجوومەنی رۆحانیی ئێزدییەکان: مارەیی کچانی ئێزدی لە 75 گرام زێڕەوە کرایە 40 گرام

25-01-2025
دوو کچی ئێزدی لە پەرستگەی لالش. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دوو کچی ئێزدی لە پەرستگەی لالش. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی رۆحانیی کوردانی ئێزدی رایگەیاند، بڕیاریان داوە مارەیی کچانی ئێزدی لە 75 گرام زێڕەوە کەم بکرێتەوە بۆ 40 گرام.
 
ئەمڕۆ شەممە، 25.1.2025، ئەنجوومەنی رۆحانیی کوردانی ئێزدی بە بەشداریی میر حازم تەحسین بەگ کۆبووەوە. لە راگەیێندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا هاتووە: لەبەر گرانبوونی نرخی زێڕ، میری ئێزدییان بڕیاریداوە مارەیی کچانی ئێزدی لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان بۆ 40 گرام کەم بکاتەوە.
 
خالید نەرمۆ، راوێژکاری ئەنجوومەنی رۆحانیی کوردانی ئێزدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێزدییەکان لە بارودۆخێکی سەختی ئابووری و سیاسیدان، نرخی زێڕیش بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، ئامانج لەم بڕیارە ئاسانکردنی پرۆسەی هاوژینییە بۆ کچ و کوڕانی ئێزدی."
 
11ی کانوونی دووەمی 2025، ئەنجوومەنی رۆحانیی کوردانی ئێزدی لەوبارەوە کۆببووەوە و وادەیەک بە موختاری گونده‌كان، سەرۆک هۆزەکان و هاونیشتمانییان درا تاوەکو بیروبۆچوونی خۆیان لەسەر ئەم بڕیارە بڵێن، دواتر کە کەوتە واری جێبەجێکردنەوە، دەبێ پێیەوە پابەند دەبن.
 
بڕیاری دیاریکردنی 75 گرام زێڕ وەکو مارەیی لەلایەن ئەنجوومەنی رۆحانیی کوردانی ئێزدی لە سەردەمی میر تەحسین بەگ لە ساڵی 2009 دیاریکرابوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە