رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردە رایگەیاند، کاتی تاقیکردنەوەکانی 12ی ئامادەیی دوادەخرێن، دوو پلاتفۆڕمی دیجتیاڵیشیان دامەزراندووە لە "بەرژەوەندیی" مامۆستایان، لەنێویدا پڕۆژەیەک بۆ هاندانی خوێندنەوە لەلایەن مامۆستایان و قوتابیانەوە هەیە، ئەو مامۆستایانە خەڵات دەکرێن کە ساڵانە زۆرترین کتێب دەخوێننەوە.
"گۆڕانکاری لە تاقیکردنەوەکانی 12 ئامادەیی دەکرێت"
بەگوێرەی پلانی پێشووی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، 3ی حوزەیرانی 2024 تاقیکردنەوە گشتییەکانی 12ی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات، بەڵام وەزیری پەروەردە دەڵێت، بەهۆی جەژنی قوربان و کاتی هەڵبژاردنەکان کە پێشبینی کراوە سەرەتای مانگی حوزەیران بێت، کاتەکە دوادەخرێت.
ئالان حەمەسەعید دەڵێت، "دوو سبەی [سێشەممە] لە ئەنجوومەنی وەزارەت کۆدەبینەوە، یەکەم بۆ هەموارکردنەوەی ساڵنامەی خوێندن، چونکە بابەتی ساڵنامەی خوێندن لە ئەنجوومەنی وەزارەت دامانناوە و هەموارەکەشی هەر لای ئەوە. دووەم بۆ ئەوەی چی میکانیزمێک دابنێن بۆ تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی."
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە کرد، دەیانەوێت میکانیزمێک دابنێن بۆ ئەو قوتابییانەی بەهۆی بایکۆتەوە دواکەوتوون. گوتیشی، "دواخستنی تاقیکردنەوەکان کە پێشهاتێکی نوێیە، رەنگە کۆمەکی هەموومان بکات کە تاقیکردنەوەیەکی یەکگرتوومان لە کوردستان هەبێت و تاقیکردنەوەکەش بۆ خوولی یەکەم و دووەم بێت بە تەنیا."
بەهۆی بایکۆتی بەشێکی زۆری مامۆستایانەوە لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ئەو سنوورانە و پەروەردەی کۆیە لەکاتی خۆیدا دەوام دەستیپێنەکرد.
وەزیری پەروەردە گوتی، داوای لە لیژنەی ئەزموونەکانی 12ـی ئامادەیی کردووە راپۆرتی خۆیان بنووسن و ئاماژە بەوە بکەن، چۆن دەتوانن هاوکاری هەموو قوتابیان بکەن، بەتایبەت ئەگەر بەشێک لە پڕۆگرامەکانی خوێندن لە کۆتاییەکەیدا بۆ ئەمساڵ داخلی تاقیکردنەوە نەبێت.
مامۆستا کتێبخوێنەکان خەڵات دەکرێن
لەبارەی پلاتفۆڕمەکانەوە ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی شوبات لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا و گوتی، "توانیومانە پلاتفۆڕمێکی دیجیتاڵی بۆ راهێنانی مامۆستایان دروستکەین، کە هەموو مامۆستایەک لە وەزارەتی پەروەردە کۆدی تایبەتی خۆی هەیە و دەتوانێت سوود وەربگرێت لە رێگەی مامۆستایانی راهێنەری قوتابخانەکانەوە."
پلاتفۆڕمی (ئی کتێبخانە)ش دروستکراوە و مامۆستایان و قوتابیان دەتوانن سوودی لێ ببینن. ئالان حەمەسەعید گوتی: "هەر مامۆستایەک لە ساڵێکدا زۆرترین کتێبی خوێندەوە، وەکو مامۆستای خوێنەری ساڵ بە ژمارە یەکەم؛ دووەم و سێیەم دیاری دەکرێن و وەزارەتی پەروەردە پاداشتێکی مادی و مەعنەوییان دەکات."
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە کرد، لە پلاتفۆڕمەکەدا مامۆستای هاندەری خوێندنەوەش دیاری دەکریت و هەر مامۆستایەک زۆرترین قوتابی هانبدات بۆ خوێندنەوە، دەبێتە مامۆستای هاندەری ساڵ بۆ خوێندنەوە بە ریزبەندی یەکەم؛ دووەم و سێیەم.
لە ئی کتێبخانەدا قوتابیانیش دەتوانن پشبڕکێ بکەن، کە ئالان حەمەسەعید بەمشێوەیە باسیکرد، هەر قوتابخانەیەک لەسەر ئاستی قوتابخانەکەی خۆیدا ساڵانە زۆرترین کتێب بخوێنێتەوە، ئەوان میکانیزمێک دادەنێن بۆ خەڵاتکردنی لەلایەن کارگێڕیی قوتابخانەکەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ