25 هەزار خانەنشینی نوێ؛ کەی مووچە وەردەگرن و چارەنووسی پاداشتەکەیان چییە؟

25-02-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو، ئەم ساڵ لەدایکبووانی ساڵانی 1962، 1963 و 1964 پێکەوە لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون. گوتەبێژی یەکێتی خانەنشینان دەڵێت، ئەوانەی خانەنشین بوون، مووچەی مانگی یەکیان وەرنەگرتووە و مانگی دووش وەرناگرن، بەڵام مافیان نافەوتێت.
 
سادق شێخ عوسمان، گوتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو، ئەم ساڵ لەدایکبووانی ساڵانی 1962، 1963 و 1964 خانەنشین بوون و بەهۆی تەواونەبوونی مامەڵەکانیان، مووچەی مانگی یەکیان وەرنەگرتووە."
 
بە گوتەی گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، "لیستی مووچەی مانگی دووش ناوی ئەو خانەنشینە نوێیانەی تێدا نییە، چونکە هێشتا مامەڵەکانی خانەنشینییان تەواو نەکردووە و لیستەکەش کارەکانی تەواو بووە."
 
ژمارەی ئەو هاونیشتمانیانەی ئەم ساڵ خانەنشین بوون، زیاتر لە 25 هەزار کەسن. سادق شێخ عوسمان گوتی، "لە مانگی سێ یان مانگەکانی دواتردا کە مووچەیان وەرگرت، مووچەی مانگەکانی پێشووش وەردەگرنەوە، واتە مافیان ناخورێت و کۆی مووچەکان پێکەوە وەردەگرن."
 
بەگوێرەی یاسای خانەنیشینی، هەر کەسێک خانەنشین ببێت، دەبێت مووچەی 12 مانگی پێکەوە وەکو پاداشت (ئیکرامییە)پێ بدرێت. گوتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی کوردستان گوتی، "تاوەکو مامەڵەی خانەنشینیان تەواو نەبێت و ناسنامەی خانەنشینی وەرنەگرن، ئەو پارەیەش وەرناگرن."
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022 حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، ژمارە 9ی ساڵی 2014 پابەند کرد، بەڵام تاوەکو مووچەی مانگی تەمموزی 2024 جێبەجێ نەکرا.
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی شارستانیی هەن. هەروەها نزیکەی 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە