رووداو دیجیتاڵ
خوشکی ئەو سێ هاونیشتمانییەی کە رۆژێک پێش نەورۆز لە جندرێس کۆمەڵکوژ کران، دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی و رێکخراوێکی نێودەوڵەتی بەدەم داواکارییەکانیانەوە نەهاتووە. دەشڵێت، دەیانەوێت خوێنی براکانی بەفیڕۆ نەچێت و "خوێن بە خوێن کێشەکە چارەسەر دەکەین."
ئەمڕۆ شەممە، 25-03-2023، رووشین محەممەد عوسمان، خوشکی ئەو سێ هاونیشتمانییەی جندرێس کە رۆژی دووشەممە تەنیا لەبەر هەڵکردنی ئاگری نەورۆز بە دەستی چەکدارانی ئەحرار شەرقییەی نزیک لە تورکیا کۆمەڵکوژکران، میوانی بووڵتەنی کاژێر 07:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە دلبخوین دارا پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، ئەو چەکدارانە لە بنەڕەتدا خەڵکی شارۆچکەکە نین و لە دەرەوەی عەفرینەوە هاتوون.
خوشکی سێ هاونیشتمانییە کۆمەڵکوژکراوەکەی جندرێس باسی لەوە کرد، نایانەوێت خوێنی براکانی بەفیڕۆ بچێت و داوا دەکەن لایەنە پەیوەندیدارەکان بە جیدی خەم لە کەیسەکە بخۆن. دەشڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی و رێکخراوێکی نێودەوڵەتی سەردانیانی نەکردووە.
داواکاریی کەسوکاری کۆمەڵکوژکراوەکان و خەڵکی جندرێس یەک شتە: پێویستە بکوژەکان بکوژرێن و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیاش بچنە دەرەوە. رووشین محەممەد عوسمان گوتی، "بەبێ هیچ هۆکارێک براکانم کوژران."
خوشکی سێ هاونیشتمانییە کۆمەڵکوژکراوەکە باسی سەرەتای کاتی دروستبوونی گرژییەکە دەکات و دەڵێت، سەرەتا بووەتە دەمەقاڵێیان و دواتر ئەو چەکدارانە هەڕەشەیان لە براکانی کردووە و بە بەرد لێیان داون. گوتیشی، دوای ئەوە چوون و چەکیان هێناوە و بە چەک رووبەڕووی براکانی بوونەتەوە، "یەکێک لە براکانم گولـلە بەر سەری کەوتووە و یەکێکی دیکەیش پێنج گولـلە بەرکەوتووە."
رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو هەرسێ تۆمەتباری کۆمەڵکوژییەکە لە لایەن پۆلیسی سەربازیی عەفرینەوە دەستگیرکران، کە نیشتەجێی کەمپی جندرێس بوون و لە بنەڕەتدا خەڵکی دێرەزۆرن.
رووشین محەممەد عوسمان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت، دوای ئەوەی براکانی کۆمەڵکوژکران، تەرمەکانیان بردە نەخۆشخانەی جندرێس، بەڵام لەوێ دەستیان بە خۆپێشاندان کرد و هێزە چەکدارەکان لەوێش "رووبەڕووی گەنجانی ئێمە بوونەوە و تەقەیان کرد. ئێمە ئامادە نەبووین تەرمەکانیان وەربگرینەوە، بەڵام دوای کاژێرێک خۆپێشاندان، تەرمەکانیان هێنایە سەر جادەکە و لەوێ دایان نا."
بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات کە چەقەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو و، لە جندرێس و هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانیش زیانی زۆری هەبوو، بنەماڵەی ئەو سێ هاونیشتمانییەش زیانی زۆر بە خانووەکانیان گەیشت، بۆیە لەنێو خێمەدا دەمانەوە. رووشین محەممەد گوتی، "خەمی ئێمە گەورەیە و هیچمان بۆ نەکراوە، بۆیە دەمانەوێ خوێن بە خوێن کێشەکە چارەسەر بکەین."
بە گوتەی خوشکی سێ هاونیشتمانییە کۆمەڵکوژکراوەکە، هەرسێ براکەی بە "گولـلە رووسی" کوژراون، بۆیە نایانەوێت ئەو کێشەیە بە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی چارەسەر بکرێت و دەیانەوێ ئەو تۆمەتبارانە سزای خۆیان وەربگرن و بکوژرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ