لە هەریر هاونیشتمانییەک دووجار 'دەمرێت' و زیندوو دەبێتەوە

25-05-2024
ئەندام جەبار
"زیندووبوونەوەی" هاونیشتمانییەک لە هەریر
"زیندووبوونەوەی" هاونیشتمانییەک لە هەریر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دیمەنی حاڵەتێکی دەگمەنی 'گیانلەدەستدان" و زیندووبوونەوەی هاونیشتیمانیێکی هەریر لە کامێراکانی نەخۆشخانەی گشتیی ئەو شارە تۆمارکراوە، تێیدا هاونیشتمانییەک دوای راگەیاندنی مردنی، زیندوو دەبێتەوە.
 
مێژووی تۆمارە ڤیدیۆییەکان بۆ رۆژی 23ـی ئایار دەگەڕێتەوە و دەردەکەوێت هاونیشتیمانیەک بەپێی خۆی دەچێتە نەخۆشخانەکە، دوای وەرگرتنی چارەسەر 'گیان لەدەست دەدا'.
 
هاونیشتمانییەکە ناوی کاروان عەلییە و بۆ ماوەی حەوت خولەک دڵی لە لێدان دەوەستێت، پزیشکەکان بە هەوڵدانی زۆر، لێدانی دڵی دەگەڕێننەوە، بەڵام جارێکی دیکە دڵی دەوستێت و هەواڵی مردنی رادەگەیێنرێت.
 
دکتۆر عومەر عەلی، پزیشکی نیشتەجێی خولاو لەبارەی کەیسی ئەو هاونیشتمانییەوە بە رووداوی گوت "نزیکەی سێ خولەک بۆ پێنج خولەک بووژانەوەی دڵمان بۆ کرد و دوو جار کارەبامان لێدا، لە کارەبای دووەم دڵی کەوتەوە ئیش و دوو خولەک دواتر دیسان دڵی لە لێدان وەستایەوە، جاری دووەمیش دوای لێدانی دوو کارەبا دڵی کەوتەوە کار، دیارە ئەمە فەرمانی خوایە کە ژیانی بگەڕێتەوە، ئێمەش هۆکار بووین، بێگومان هەستێکی زۆر خۆشبوو."
 
ئێستا هەواڵی گەرمی هەریر،  مردن و زیندووبوونەوەی ئەو هاونیشیتمانییەیە لە نەخۆشخانەی گشتیی شارەکە.
 
جاری یەکەم نییە حاڵەتی لەم جۆرەی 'مردنی راستەقینەی لێ دەگۆڕدرێت بۆ زیندووکردنەوە.''
 
لەزگین سەباح، بەرپرسی کارگێڕیی نەخۆشخانەی هەریر بە رووداوی گوت "لەماوەی دوو ساڵدا، ئەمە سێیەمین کەیسە لە نەخۆشخانەکەمان ژیانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە، لێرەش کە ناردوومانن بۆ سەنتەری دڵ لە هەولێر، چارەسەریان وەرگرتووە و ئێستا لەژیاندا ماون."
 
رێبین، برای کاروان عەلییە و دەڵێ "سوپاسگوزاری خوای گەورەین، بەڵام هۆکاری سەرەکیی ئەو دکتۆرە بەڕێزانە بوون، کە توانیان دووجار ژیانی براکەم بگەڕێننەوە، دکتۆر پێی گوتم دەمارێکی دڵی سەت لە سەت گیرابوو و، توانیمان لە رێگەی قەستەرە و شەبەکە و باڵۆن بۆی بکەینەوە."
 
بە گوتەی براکەی، ئێستا ژیانی کاروان لە مەترسیدا نییە و دکتۆرەکان ئەمەیان پێگوتووە. 
 
هاونیشتیمانییەکە تائێستا بە چیرۆکی مردن و زیندووبوونەوەی خۆی نەزانیوە، دۆخی تەندروستیی جێگیرە و پزیشکەکان پێیان گوتووە پێویستە بۆ ماوەیەکی زۆر، پشوو بدات.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە