رووداو دیجیتاڵ
دەنگۆی ئەوە هەیە کە لە رەگەزنامەی خانەقین بۆ راییکردنی مامەڵەی هاونیشتمانییان بەرتیل وەردەگیرێت. پەرلەمانتارێک دەڵێت، ئەمڕۆ نووسراو دژی فەرمانگەکە دەداتە دەستەی دەستپاکی لە عێراق. قایمقامی قەزاکەش دەڵێت، خەڵک سکاڵا بکات لێپێچینەوەی تووند دەکەن.
بەشێکی دانیشتووانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، ناسنامە فەرمییەکانی وەک کارتی نیشتمانییان لە رەگەزنامەی خانەقینە. بە گوتەی دوو هاونیشتمانی، "هەرکەس لە کەلارەوە دەچێتە خانەقین بۆ راییکردنی مامەڵەی، بەبێ پێدانی بەرتیل یەک هەنگاو کارەکانی ناچێتە پێشەوە".
هاونیشتمانییەک بە رووداوی گوت: "بۆ بەڕێکردنی مامەڵەی کارتی نیشتمانییەکەم 300 هەزار دینار بەرتیلم دا؛ ناچاربووم چونکە کارەکەم نەدەکرا".
گەنجێکی دیکە کە لە کەلارەوە چووەتە خانەقین بۆ دەرهێنانی کارتی نیشتمانی و ئەمڕۆ یەکشەممە بە رووداوی گوت: "دوو جار چووم یەک واژۆم بۆ نەکرا؛ سێیەم جار لە رێگەی پێدانی 250 هەزار دینارەوە کارەکانیان بۆ کردم".
قایمقامی قەزای خانەقین وەرگرتنی بەرتیل لەلایەن فەرمانگەی رەگەزنامەوە رەتناکاتەوە، بەڵام دەڵێت بۆ لێپێچینەوەی یاسایی، دەبێت خەڵک سکاڵا تۆمار بکەن.
جەواد فەیزوڵڵا، قایمقامی قەزای خانەقین، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە بازاڕ، لە شوێنە گشتییەکان و بە تەلەفۆن دەیان کەس پێم دەڵێن لە رەگەزنامە بەبێ پارە کارەکانمان بەڕێوەنابرێ، بەڵام ناوی کەسمان پێ ناڵێن".
هەر لەو چوارچێوەیەدا، شەوی رابردوو کاروان یاروەیس، یەکێک لە نوێنەرانی گەرمیان لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "لەسەردانماندا بۆ خانەقین بە بەرێوەبەری رەگەزنامەی قەزاکەم گوت، رۆژانە ئەو هاووڵاتییانەی کە مادەی 140یان هەیە بەبێ بەرتیل کاروباریان بۆ ئەنجام نادرێ، فەرمانگەکەت چاک بکە و بەرتیل خواردن بنبڕ بکە".
کاروان یاروەیس ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەیان هاونیشتمانی کە مادەی 140یان هەیە دەڵێن بەبێ بەرتیل کاریان بۆ ناکرێت، بۆیە هەر ئەمڕۆ نووسراوی فەرمی بۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراق و دەستەی دەستپاکی بەرز دەکەمەوە بۆ بنبڕکردنی بەرتیل".
بۆ لێپێیچینەوە لە فەرمانگەکە، قایمقامی خانەقین دەڵێت: "تکا لە خەڵک دەکەم سکاڵا تۆمار بکەن؛ یەک کەس سکاڵا تۆمار بکات بە دڵنیاییەوە لێپێچینەوەیەک دەکەین هیچ کەسێکی دیکە بوێری ئەوە نەکات بەرتیل وەربگرێت".
یەکێک لەو هاونیشتمانییانەی وەک خۆی دەڵێت بە بەرتیل کارەکەی بۆ کراوە، گوتی، دەترسێت سکاڵا تۆمار بکات و ئەوەشی کارەکەی بۆ کردووە مەرجی ئەوە بووە نهێنی بێت. لە بەرامبەردا قایمقام گوتی: "منیش بەگوێرەی یاسا کاردەکەم، کەسێک سکاڵا نەکات، بەڵگەیەکم نەبێت جۆن بتوانم لێپێچینەوە بکەم".
جەواد فەیزوڵڵا گوتی، "بۆ بنبڕکردنی وەرگرتنی بەرتیل تەنیا سکاڵا چارەسەرە، یەک کەس سکاڵا بکات بۆ لێپێچینەوە لە فەرمانگەکە بۆ ئێمە زۆر گرنگە".
قەزای خانەقین یەکێک لە ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستانە، بەڵام لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای دیالەیە و لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ