رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر پێشبینی دەکات لە رۆژانی جەژندا زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار روو لە سنووری پارێزگای هەولێر بکەن، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سۆرانیش پێشبینی دەکات لە پشووی جەژندا، رۆژانە زیاتر لە 35 هەزار گەشتیار روو لە ناوچەکەیان بکەن.
رۆژی یەکشەممە، 25-06-2023، دلێر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە هەوار جەلالەدین و رۆژان ئەبوبەکر پێشکێشی دەکەن، رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت نزیکەی 100 هەزار گەشتیار بۆ رۆژانی جەژن سەردانی هەولێر بکەن.
دلێر محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، بۆ ئامادەکاریی رۆژانی جەژن و پێشوازی لە گەشتیاران، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان چەند لیژنەیەکی پێکهێناوە؛ دەشڵێت، هەوڵدەدرێت تیمێکی تایبەت بە بەرێوەبەرایەتییەکەش، لە بازگەکان بمێننەوە و گەشتیاران لە هەبوونی هێڵێکی گەرم ئاگادار بکەنەوە، بۆ ئەوەی لە کاتی دروستبوونی هەر گرفتێک، پەیوەندی بە تیمەکانیانەوە بکەن.
دلێر محەممەد باس لەوە دەکات، تیمێک بە ناوی بەڕێوەبەرایەتیی پشکنین، بەردەوام سەردانی بنکە گەشتیارییەکان دەکات و لەو رێگەیەوە بەدواداچوون بۆ نرخ، کوالێتیی کەلوپەل و خزمەتگوزارییەکان دەکرێت؛ گوتیشی، ''لە ماوەی چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ، هەزار و 113 سەردان لەلایەن ئەو تیمەوە بۆ بنکە گەشتیارییەکان کراوە.''
رۆژانە 35 هەزار گەشتیار روو لە سۆران دەکات
فەیسەڵ سادق، بەڕێوبەری گشتیی گەشتوگوزاری سۆران لەبارەی ئامادەکارییەکانی رۆژانی جەژن بۆ سەردانی گەشتیاران بە رووداوی گوت، پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی پشووی جەژن، رۆژانە زیاتر لە 35 هەزار گەشتیار روو لە ناوچەکە بکەن.
فەیسەڵ سادق گوتیشی، تیمەکانیان دوو رۆژ بەر لە جەژن چاودێریی شوێنە گەشتیارییەکان دەکەن، بۆ ئەوەی هیچ گرفتێکی نەخوازراو بۆ گەشتیاران دروست نەبێت و لە رووی کوالێتیی خواردن، کەلوپەل و پێداویستیی گەشتیاران، چاودێریی شوێنە گەشتیارییەکان بکەن.
بەگوێرەی داتای دەستەی گەشتوگوزار، سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ دوو ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە. هەر بەگوێرەی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو ساڵانە شەش ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
لە هاویندا گەشتیارێکی زۆر سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی سۆران دەکەن، بەڵام رێگەی گەیشتن بە هەندێک لە هاوینەهەوارەکان وەک پێویست نییە و گەشتیاران گلەیی لە خراپیی ئەو رێگایانە دەکەن، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سۆران لەوبارەوە گوتی، هەوڵ دەدرێت لە زووترین کاتدا گرفتی رێگەکانی گەشتیاری، بەتایبەتی دەڤەری باڵەکایەتی چارەسەر بکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ