شەڕ لەنێوان دوو هێزی ئەمنیی سلێمانی روویدا

25-06-2023
هۆرڤان رەفعەت
شەڕی نێوان دوو هێزە ئەمنییەکە
شەڕی نێوان دوو هێزە ئەمنییەکە
A+ A-
 
رووداو – سلێمانی

لەنزیک پردی سەرچنار لە سلێمانی شەڕ لەنێوان دوو هێزی ئەمنی دروستبوو، پەیامنێری رووداو دەڵێت، یەکێک لە هێزەکان ئۆتۆمبێلەکەی بە ئاراستەی پێچەوانە لە شەقامەکە رۆشتووە و هێزەکەی دیکە رێگریی لێکردووە، لەسەر ئەوەش لەنێوانیاندا بووەتە شەڕەتەقە.
 
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 25ی حوزەیران، دەوروبەری کاژێر 08:00 لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود، لەنزیک بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی فریاکەوتنی سلێمانی لەنێوان هێزێکی پۆلیسی سلێمانی و هێزێکی ئۆپەراسیۆن بۆ ئاشتی، سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی سلێمانی، رووبەڕووبوونەوە دروستبوو.
 
هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداکەوە رایگەیاند، "ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی ئۆپەراسیۆن، لەبەردەم بارەگای پۆلیسی فریاکەوتنەوە بە پێچەوانەی شەقام (رووەو ساید) رۆشتوون و لەلایەن ژمارەیەک کارمەندی پۆلیسی سلێمانییەوە راگیراون و رێگەیان لێگیراوە و لێپێچینەوەیان لێکراوە، لە ئەنجامی ئەوەدا رووبەڕووبوونەوە دروستبووە و هێزەکانی ئۆپەراسیۆن تەقەیان کردووە و دواتریش ئەو پۆلیسانەی لەوێ بوون چەکیان لە کارمەندەکانی ئاسایش وەرگرتووە تاوەکو تەقەکردن روونەدات."
 
پەیامێری رووداو گوتیشی، "یەکێک لە کارمەندەکانی ئۆپەراسیۆن لەدەست هێزەکانی پۆلیس رایکردووە تاوەکو چەکەکەی رادەست نەکات و پەیوەندیی کردووە بە ژمارەیەک هاوڕێی لە هەمان هێز، کە لەسەر هەمان رێگە بوون و ئەوانیش هاتوون تاوەکو دەربازی بکەن، بۆیە لەنێوان پۆلیس و ئەو هێزەدا تەقەکردن دروستبووەتەوە، بەڵام هەر زوو دوای هاتنە سەر هێڵی بەرپرسی هێزەکان تەقەکردن کۆتاییهاتووە و لێکۆڵینەوەی هاوبەشی باڵای پۆلیس و ئاسایش لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و دوای 15 خولەک لە تەقەکردن و گرژی و ئاڵۆزیی نێوان هێزەکان رێگەکە کراوەتەوە."
 
دەربارەی بوونی بریندار لەنێوان هێزەکانی پۆلیس و ئۆپەراسیۆن، پەیامنێری رووداو گوتی، "باس لەوە کراوە کە دوو لە کارمەندەکان، بریندار بوون، بەڵام لە سەرەتای رووداوەکەوە پەیوەندیمان بە تەندروستیی سلێمانی و گوتەبێژ و بەرپرسانی باڵای پۆلیس و ئاسایشەوە کردووە، بەڵام کەسیان وەڵامی پەیوەندییەکانیان نەداوەتەوە و تیمەکانی فریاکەوتنی تەندروستیی سلێمانیش گوتوویانە ئێمە برینداری ئەو رووداوەمان نەگواستووەتەوە، تاوەکو ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەش هیچکام لە دەزگا پەیوەندیدارەکان هیچ روونکردنەوە و راگەیێندراوێکیان دەربارەی ئەو رووداوە بڵاونەکردووەتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

قوباد تاڵەبانی: لە دڵەوە پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ و هەموو کوردستان دەکەم

قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ دەکات و دەڵێت، "بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەر لەسەر ئاستی جیهاندا، شانازییەکی گەورەیە بۆ یانەی زاخۆ و وەرزشی کوردستان و بۆ هەموو خەڵکی کوردستان".